بۆچی بەکارهێنانی چەکی ئابڕووچوونی سێکسی جێگەی دڵخۆشی نییە؟

‌بابان ئەنوەر

(چەند سەرنجێک سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی سێکس و پەیوەندییە تایبەتییەکان بۆ شکاندنی کەسێتیی مرۆڤەکان)

پرسە کەسییەکان و پەیوەندییە شەخسییەکانی هەر مرۆڤێک (سێکس، ئایین، شێوازی ژیان، هاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان)، بە مرۆڤی سیاسی و ناسیاسییەوە، کردەیەکی تایبەت و شەخسییە، تەنها و تەنها پەیوەندیی بەو مرۆڤانەوە هەیە کە تێیدا بەشدارن، هەر ئەوان ڕێکخەرین و بڕیار لە کردن و نەکردنی دەدەن، هەموو تەدەخول و دەستتێوەردانێکیش تێیاندا، لە لایەن هەر کەس و دامەزراوەیەکەوە، پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاکەکەسییە.

هەر شتێک لە کۆمەڵگەدا زۆرترین چاوی زەقی لە سەر بێت و خەرمانەیەکی پیرۆزی بە دەوردا نەخشێنرابێت و وەک نهێنییەکی موقەدەس لێی بڕوانرێت، هەمان ئەو شتە زۆرترین ئەگەری هەیە تا بە ئاشکراکردن و فەزحکردنی، وەک چەکێک بەکار بهێنرێت و هەڕەشەی پێ لە کەسێتییەکان بکرێت. لە کۆمەڵگەدا دوو چەکی لەو جۆرە هەن: سێکس و پارە. هەمیشە هەوڵ دەدرێت کەسێتییە دیارەکان بە یەکێک لەم دوو چەکە بریندار بکرێن، بۆ ئەوەی لە ژێر کاریگەریی ئەو برینەدا، کەسەکە نەتوانێت گوزارشت لە تیۆر و پڕاکتیکی ئەو کایەیە بکات کە کاری تێدا دەکات، یان ئەو بیروباوەڕەی تەبەنیی دەکات. لێرەدا باس لە چەکی یەکەمیان دەکەین: سێکس.

هۆکاری کاریگەربوونی ئەم چەکە بۆ ئابڕووبردن، بریتییە لە زاڵبوونی تێگەیشتن و پێناسە باوەکان بۆ هەر دوو چەمکی "سێکس" و "ئابڕووچوون".

ئایدیۆلۆژیای باو و باڵادەستی کۆمەڵگە بەم جۆرە سێکس و ئابڕووچوونی سێکسیی ناساندوە:
"دوو جۆر سێکس هەیە، جۆری یەکەمیان بە هۆی گرێبەستێکەوەیە بە ناوی هاوسەرگیری، لەو چوارچێوەیەدا و بە کۆمەڵێک کۆتوبەند و دیسپلینی دیکەوە، سێکس ڕەوایە. لە دەرەوەی ئەو گرێبەستە (یان وەک ڤیلهێڵم ڕایش پێی دەڵێت پسووڵەی هاوسەرگیری)، هەموو جۆرە کردەیەکی سێکسی ڕێگەپێنەدراو و پیس و گڵاو و ئابڕووچوونە، ئیدی بێ ڕوانین لە ڕادەی ڕەزامەندیی بکەرانی ئەو پڕۆسەیە و بێ جیاکردنەوەی سێکس و دەستدرێژیی سێکسی. تەنانەت کردەی سێکسیی خۆبەخۆی تاکەکەسیی مرۆڤێکیش، ڕێوشوێن و سزای بۆ دانراوە و کەشفبوونی یەکێکە لە ئابڕووچوونەکان، جا تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە زیانی بە کەسی دیکەش نەگەیاندبێت!".

کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە بەشی زۆری کۆمەڵگە، ڕۆژانە ئەم پێناسەیە تۆخ دەکەنەوە و برەوی پێ دەدەن، بێ ڕوانین لە پاشهاتەکانی لە سەر خۆیان یان لە سەر کۆمەڵگە. شاراوە نییە کە بەشی زۆری کۆمەڵگە (بە ئاگاییەوە بێت یان بێ ئاگایی) باوەڕی بەو پێناسەیەی سەرەوە هەیە بۆ سێکس و ئابڕووچوونی سێکسی، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی هەر مرۆڤێکەوە و کەس ناتوانێت بە زۆر هیچ کەسێکی دیکە لەم پێناسەیە پاشگەز بکاتەوە; هاوکات بەشێکی کەمیش لە کۆمەڵگەی ئێمە (بە تێگەیشتنەوە بێت یان بێ تێگەیشتن) باوەڕی بەو پێناسەیە نییە. گرفتەکە لەوەدا نییە، بەڵکوو گرفتەکە لەوەدایە زەبری ئەو پێناسەیە وەکوو یەک هەم بە سەر ئەوانەدا دەسەپێت کە باوەڕیان پێیەتی، هەم بە سەر ئەوانەشدا کە باوەڕیان پێی نییە. واتە ئەگەر تۆ هەر چۆنێک بیر لەم مەسەلەیە بکەیتەوە، کاتێک حاڵەتێکت پێوە بلکێت کە بە ئابڕووچوون حساب کراوە، ئیدی هەر بە ئابڕووچوون حسابە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دووبارە پێناسەنەکردنەوەیەکی ڕادیکاڵی ئەم چەمکانە.

ڕەنگە خوێنەر پاش دیتنی ئەم باسانە، بیر لەوە بکاتەوە کە ئێمە سەرقاڵی برەودانین بە سێکسی بێ سنوور و بێ ناوەڕۆک، بەڵام لە ڕاستیدا باسەکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە، نەک ئەوە. هەر بەم پرسیارەش دەست پێ دەکەین: بۆچی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسیی کەسێتییە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئیعلامی و هونەرییەکان و ...هتد، جێگەی دڵخۆشی نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسێتییە چەندێک ملهوڕ و گەندەڵ و بکوژیش بێت؟ لەبەر ئەم هۆکارانە:

1. ئەمە دەبێتە نەریتێکی قێزەون و چەکێکی ترسنۆکانەی شکستخواردوەکان، تا هەمیشە بە سەر سەری هەر کەسێکەوە ئامادە بێت، کە ئەگەر دەست بۆ پرسێکی هەستیار بەرێت و لەگەڵ بەرژەوەندیی چینە دەسەڵاتدارەکاندا نەیەتەوە، پێی بریندار بکرێت.
2. هۆکارێکە بۆ نەهێشتنی متمانەی کۆمەڵایەتی لە نێوان مرۆڤەکان، بە تایبەت لە نێوان ژن و پیاو، نێر و مێ. دەبێتە مایەی ناشیرینکردنی پەیوەندییە کەسییە بێ گرفتەکان.
3. تۆخکردنەوەی ئەو نیگایەیە لە سەر ژنان و ڕەگەزی مێ، کە بوونەوەرگەلی بێمتمانە و فێڵباز و فریودەرن. چیتر مرۆڤەکان سڵ لە هەموو نزیکبوونەوەیەک دەکەن لە هەر مێیینەیەک.
4. تۆخکردنەوەی ئەو نیگایە لە سەر پیاوان و ڕەگەزی نێر، کە بوونەوەرگەلی برسی و دڕندە و چڵێسن و هەموو هەنگاوێکیان، بە باش و خراپەوە، بۆ سێکس و ئیستغلالکردنی ژنانە. بێگومان ئیدی ئەمانیش وەک بوونەوەری دەستدرێژیکار دەناسرێن.
5. ترسان و دوورکەوتنەوەی ئەو کەسانەی بە ڕاستی دەیانەوێت کاری سیاسی بکەن و لە ڕێگەی سیاسەتەوە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و ...هتد لە کۆمەڵگەدا بخوڵقێنن. ئەسڵەن ئەمە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوانەی کەڵکەڵەی قۆرخکاریی سیاسییان هەیە و لە هەموو گۆڕانکارییەک تۆقیون.
6. جۆرێکە لە بازرگانی بە مرۆڤ و بە شکۆی مرۆڤەوە، کە لە پێناو پارەدا، یاخود لە پێناو هەر بارمتەیەکدا بێت، بە شێوەیەکی قێزەون دژ بە مرۆڤێکی دیکە بە کار دەهێنرێت.

ڕەنگە ئێستا ئیدی ئەوە ڕوون بێت کە بۆچی دەبێت ئاسایی لە پەیوەندییە کەسییەکان بڕوانین و وەک کردەیەکی شەخسی لێی بڕوانین. چیتر پێویست ناکات بڕیاردانمان لە سەر کەسێتییەکان، لە ژووری نووستنیان و داتای ناو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیانەوە بێت. دەبێت، بۆ نموونە، بڕیاردانمان لە سەر پزیشکێک، پەیوەست بێت بە کاتی ئامادەبوونی ئەو لە نەخۆشخانە و لە دەرئەنجامی کارەکەی، کە تێگەیشتنە لە نەخۆش و چارەسەرکردنیەتی، نەوەک لە هەر کارێک کە لە ماڵەکەی خۆیدا دەیکات و زیان بە کەس ناگەیەنێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە مامۆستایەک چۆن و چی بە فێرخوازان دەڵێتەوە، نەوەک لە دەرەوەی قوتابخانە چی دەکات و چی دەخوات و دەخواتەوە. ئەوەی جێگەی بایەخە سیاسییەک، یان فەرمانبەر و کارمەندێکی خزمەتی گشتی، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان چوەتە ئەو جێگەیە و ئەرکی خزمەتی گشتییە، تا چەند ئەرکەکەی وەک خۆی ڕادەپەڕێنێت، نەوەک چی لە مۆبایلەکەیدایەتی، یاخود چی جۆرە وێنەیەک دەنێرێت و بۆی دێت.

کاتێک بەم جۆرە لە پرسەکە دەڕوانین، واتە ئێمە:
1. ئەو چەکە لەرزۆکەمان پووچەڵ کردەوە کە هەموو پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنی مرۆڤی شێواندبوو.
2. هاتووینەتە سەر ڕێچکەی داڕشتنەوەی پێناسەیەکی ڕادیکاڵ و سیاسی بۆ چەمکەکان، بە دەر لەو پێناسەیەی چینە باڵادەستەکان دایان ڕشتوە و ناواخنەکەی خزمەتکردنە بە خۆیان و بە مانەوەیان. دەبێت چیتر دابڕانێک لە تێگەیشتنمان دروست ببێت بۆ ئەم چەمکانە، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت وەک چەکێک بە کاری بهێنێت دژمان. هەر کارەکتەرێکی سیاسی، لە هەر حیزبێک بێت، جگە لە خۆی و لەو کەسانەی خۆی لە بازنەیەکی بچووکدا ڕێگەی پێ داون، ژیانە شەخسییەکەی، پەیوەندییە فیزیکی و مەعنەوییەکانی، پەیوەندیی بە هیچ کەسێکی دیکەوە نییە.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی ئەوە بخەینە ڕوو، کە بیرکردنەوە لەم پێناسە نوێیە بۆ ئابڕوو، بۆ ئابڕووچوونی سیاسی، بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان، نە بەرگرییە لە کار و کردەوەی زیانبەخشی کەسانێک، نە بەرگرییە لە خراپبەکارهێنانی پۆست و پایەی گشتی بۆ مەرامی شەخسی و ناپاکی لە پەیوەندییەکان، بەڵکوو ڕێک پێچەوانەی ئەوانەیە و بەرگرییە لە ژیانێکی شکۆمەندی مرۆڤەکان، هەوڵێکە بۆ پێوانی هەر شتێک بە پێوەرەکانی خۆی.


PM:08:16:16/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی