هەڵبژاردن!

‌دڵشاد ئەنوەر

تەنها چوار رۆژ لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەبێت لەماوەی ئەم چوار رۆژەدا واتە تا 10ی مانگ، مەسەلەی ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە.

تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەدراوە و سەرۆکایەتی هەرێم مەرسومی بۆ دواخستن دەرنەکردووە، یەکێتی ئامادەکاری دەکات، پارتی بێ باکە، لایەنەکانی تریش بەرچاویان روون نییەو ساردو سڕیان پێوە دیارە.

عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کەسیان نایانەوێ بەرپرسیارێتی دواخستنی هەڵبژاردن لە ئەستۆ بگرن، هەمووی چاوەڕێی دەستپێشخەری یەکترییە بۆ دواخستنی پرۆسەکە.

نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا لەلایەن پارتییەوە داوای دەرکردنی مەرسومی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێنەکراوە، واتە پارتی شانی لێداوەتەوەو بێ باکانە مامەڵە دەکات، نێچیرڤانیش دەیەوێ داوای لێبکرێ.

کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێن ئێمە بەرپرسیارێتی دواخستنی هەڵبژاردن و دواتر سکاڵا لەسەر تۆمار کردنمان  هەڵناگرین، هەرچەندە سودانی بەزارەکی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لێکردوون، بەڵام ئەوان داوای نوسراوی فەرمی دەکەن  و سودانیش تا ئێستا ئەمەی نەکردووە.

بۆیە ئەم چوار ڕۆژەچوار ڕۆژی یەکلایی کەرەوەیە بەتایبەت دوای گەڕانەوەی بارزانی لە ئێران، گەر بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن دراو لایەنەکان ڕازیبوون دوادەخرێ، گەر بڕیاریش نەدرا ئەوکات جەولەیەکی تری ململانێ دەست پێدەکات.
یاخود گەر هەڵبژاردن بشکرێ چۆن پارتی ڕازی دەکرێ بەشدار بێ و چۆن میکانیزمێک دەدۆزرێتەوە بۆ بەشداریکردنی کە وادەکە تەواو بووە.

قۆناغی نوێی ململانێ لە حاڵەتی هەڵبژاردندا، ململانێ لەسەر ئەوەی بێ پارتی هەڵبژاردن چۆن دەکرێ؟ گەر کرا ئایا پارتی ڕێگە دەدات لەهەولێرو دهۆک بکرێ؟ گەر ڕێگەش درا  ئایا حکومەت و پەرلەمانی داهاتوو بێ پارتی چۆن دروست دەکرێ؟ ئایا گەر هەڵبژاردن کراو پارتی ڕێگری کرد هەڵوێستی عێراق و دادگا چی دەبێ؟ ئایا دوو ئیدارەیی نابێتە ئەمی واقیع؟

لەهەموو حاڵەتەکاندا هەڵبژاردن بێ پارتی ئەستەمە ، بەڵام گەر کراش  قۆناغێکی قوڵی پڕ لە ململانێ دەستپێدەکات.




PM:02:55:06/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی