چەوانی کوڕم

‌کاوە ئەمین

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی کە لە دوایی دامەزارندی دەوڵەتی تورکیا رووبەرووی کورد لە باکووری کوردستان کرایەوە، قەدەغەی زمانەکەیان بووە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە. سەردەمانێک سزای ماڵیان بۆ ئەو کەسانە دەبڕییەوە کە بە زمانی کوردی قسەیان بکردایە، ئیدی لە مریشکێکەوە بگرە هەتاوەکو سزای پارە. 

دەڵێن جارێک یەکێک لە کەسایتییە دیارەکان کە هاوکات پیاوێکی عەشایەر و ئەدەبدۆستیش بوو، دەچێتە شار و بە کوردی قسە دەکات، پۆلیس دەیگرن و دەیبەن بۆلای حاکمی شار و دەڵێن دەبێت ئەوەندە پارە بدەیت هەقی ئەوەی کە بە کوردی قسەت کردووە. ئەویش پارەکەیان دەداتێ و پارەیەکی زیاتریشیان بۆ دادەنێت. پۆلیسەکان پێی دەڵێن، ئەو پارەیە زۆرە پێویست ناکات ئەوەندە پارە بدەیت! کابراش دەڵێت، ئاخر بەنیازم هەتاوەکو ئێوارە کە دەگەڕێمەوە هەر بە کوردی قسە بکەم و تاقەتی ئەو هەموو هاتوچۆیەم نییە.

لە زیندانەکاندا جیاواز بووە، کفرێکی گەورە بووە بە کوردی قسە بکەیت، سزاکەی ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆیە ئەوانەی سەردانی زیندانیەکانیان کردووە دەبوو بە تورکی قسە بکەن یان هیچ نەڵێن و تەنیا تەماشای یەکتری بکەن. کاک بوبێ ئەسەر گێڕایەوە و گورتی: کاتێک لە زیندان بووم، جارێک بانگیان کردم، گوتیان کەسێک هاتووە بۆ سەردانیت. دیوارێکی شوشە لەبەینی زیندانیکراو و سەردانیکەردا هەبوو، دەبینم دایکمە، دایکم یەک کەلیمە تورکی نەدەزانی، جاوەرە بە دەقەیەک دەبێت چۆن لەدیداری یەکتری تێربین و بەچ زمانێک بدوێین؟

دایکم کە منی بینی، بە تورکی گوتی، سڵاو کوڕم!

ئای لەوە، خۆ دایکم بە تورکی قسە دەکات، ئەمە لە کوێ فێر بووە، تومەز تەنیا ئەو دوو وشەیەی لەبەر کردووە، بۆیە هەر زوو وشکایی هات و کردی بە کوردی، ئیدی وەکو گورک چۆن بەرخ و مەرێک لەیەکتر دادەبرێت، پەلاماریانداین، منیان برد بۆ قاوشێک، ماوەی سێ سەعات لەسەر چۆنی و چاکییەک بە کوردی ئەشکەنجەیان دام.

ئەوەندە سوکایتی بە زیندانیەکان دەکرێت، کاتێک بووبێ ئەسەر لە زیندان بەردەبێت، بڕیار دەدات بە کوردی بنووسێت و بخوێنێت و قسەبکات و زمانی تورکی لە خۆی حەرام دەکات، بەڵام بەداخەوە ئەوە نابێتە چاولێکەری و کوردانی باکوور زۆرجار کە یەکتری دەبینن، بە تورکی قسە دەکەن.

کاک کەریمی حیسامی بەسەرهاتێکی خۆشی هەیە لەو بارەیەوە و دەڵێت: جارێک داوەتیان کردبووم بۆ برۆکسل، دوو کەسی رێکوپێک لە فرۆکەخانە لە پێشوازیمدا بوون و زۆر رێزیان گرتم، لەگەڵ من بە کوردی قسەیان دەکرد، بەڵام لەگەڵ خۆیان بە تورکی قسەیان دەکرد ، زۆرم پێناخۆش بوو. یەکێک لە کوڕەکان پێی گوتم: مامۆستا عاجزنابیت جگەرەیەک داگیرسێنم! (لەناو سەیارەدا دەبن)، کاک کەریم دەڵێت، لە وەڵامدا پێمگوت بروا بکە هێندەی ئەوە عاجز نابم کە بە تورکی قسە دەکەن، خۆزگە چۆن داوا دەکرێت شتومەکی تورکی بایکۆت بکرێت، کە نەشاکرێت، ئاواش داوا بکرێت زمانی تورکی بایکۆت بکرێت و هیچ نەبێت لە ماڵ و شوێنە گشتییەکان تەنیا بە کوردی قسە بکرێت.

لە ئەڵقەی داهاتووی پەنجەمۆر کە شەوی شەممە بڵاودەکرێتەوە، هەمووی بۆ یاداوەریەکانی نێو زیندانی دیاربەکر تەرخان کراوە، کوردانی باکوور بە ژیانی ناو زیندانی دیاربەکر دەڵێن، وەحشەت. یەکێک لەو زیندانیانەی کە شایەنی ئەوەیە هەموو کورد شانازی پێوە بکات، سەرکردەی پەکەکە، مەزڵوم دۆغانە کە لەگەڵ چوار هەڤاڵی خۆیدا لە نەورۆزی ساڵی 1982 خۆیان سووتاند و شکستیان بە دڕندەیی سەجانەکانی زیندان هێنا.


PM:12:54:26/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 4920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی