لەگەرمیانییەکەوە بۆ قوبادی مام جەلال تاڵەبانی

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


بەڕێز کاک قوباد جەلال تاڵەبانی ـ جێگری سەرۆکی حکومەت.
سڵاوو ڕێز بۆ جەنابتان

ئەم نامەیە پێش هەر شتێک، نامەیەکی دڵسۆزانەی یەکێتییانەی بێمەبەست و بێئامانجە.
من هێندەی زەڕەیەک ئیشم پێت نییە. بەڵام هیوایەک لەجەنابتاندا دەبینم و هیچیتر.

بەڕێز کاک قوباد.
من خەڵکی گوندێکی دوورەدەستی گەرمیانم. گوندێک لەناو چوارچێوەیەکدا لەڕۆحی تێکشکاوی پاشماوەی کەسوکاری ئەنفال و شەهیدو ....هتد. بۆیە دەتوانم شتێک لەسەر چاوەڕوانی گەرمیانییەکان لەتۆ بنوسم و ئاراستەی جەنابتانی بکەم.

جەنابتان لەئێستادا دوو بەرپرسیاری گەورەتان لەئەستۆدایە بۆ خەڵکی گەرمیان. جارێک وەک حیزب و جارێک وەک بەرپرسێکی حکومی.

بێگومان منیش نەیڵێم جەنابتان ئاشنان بەقوربانیدانی گەرمیانییەکان لەپێناو حیزبەکەی مام جەلال و خۆتاندا، لەپێناو حیزبی شەهیدان "یەکێتی نیشتمانی کوردستان"

منیش نەیڵێم خۆت لەڕێگای ئەو چەند جارەوە سەردانی گەرمیانت کردووە، دەزانیت گەرمیان چەند غەدرلێکراوە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.

بۆیە داوا لەجەنابتان دەکەم. ئێوەیش وەک باقی بەرپرسەکانیتری یەکێتی و حیزبەکانیتر مەکەن تەنها لەدوورەوەو لەهەولێرو سلێمانییەوە قسە لەسەر گەرمیان بکەن.

من دەخوازم جەنابتان بەکرداریش "مامی بچوک" بن.

بەڕێز کاک قوباد، جەنابتان لەمن باشتر دەزانن کە، "مامی گەورە" سەرۆک مام جەلال لەهەموو شارو شوێنێکی کوردستان خانوویەکی هەبوو بۆ پشوودان.

چونکە مامی گەورە دەیویست چووە هەرشوێنێک لێیبمێنێتەوەو لەنزیکەوە بەباشی ئاگای لەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بێت.

کاک قوباد هەوڵەکانی چەند جاری پێشووت بۆ گەرمیان، ئەوپەڕی جێگای دەستخۆشییە. بەڵام مافی خۆمانە پێتبڵێین بالێرە بەدوا سەردانەکانت بۆ گەرمیان زیاتر ببن. تاکو بتوانیت دۆخی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەرمیاندا بگێڕیتەوە باری ئاسایی و جارانی یەکێتی کە لەهەموو سەردانەکانی مامدا، یاریگاکانیش جێگای هاوڵاتیانی تێدانەدەبووەوە.

بەڕێز کاک قوباد، لەخۆمەوە ئەم نوسینەتان ئاراستە ناکەم، بەڵکو دەزانم ئێستا زۆرێکی گەرمیانییەکان تەنها چاویان لەجەنابتانە بێنە گەرمیان و خزمەتێکیتر بەگەرمیان بکەن

ئەوە قسەی تاکێکی گەرمیانییە کە داوای کرد من لەسەری بنوسم و ئاراستەی جەنابتانی بکەم کە دەڵێت
"لەهەموو ئەو بەرپرسانەی دێنە گەرمیان، تەنها قوباد تاڵەبانی بۆ ڕاییکردنی پرۆژەی ڕێگاوبان و تاپۆکردنی زەوییە تەجاوزەکان هاتۆتە گەرمیان. ئەگینا هەر بەرپرسێکیتر هاتبێتە گەرمیان، گومانمان لێی هەیە بۆ بازرگانی نەوت و تەنکەرو مەسەلەی بازرگانی مەرزەکان هاتۆتە گەرمیان"


PM:09:35:13/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 8416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی