ئاستەنگەکانی دوای هەڵبژاردن

‌بەختیار شاوەیس

هەڵبژاردنە پێشوەختەکە کۆتایی هات، کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی راگەیەند، لەچەند رۆژی داهاتوو کۆتا دەرەنجام بڵاودەکرێتەوە کە پێناچێ گۆرانکاری جەوهەری لەدابەشبوونی کورسیەکانی قەوارە سیاسیەکان بکات و دواتر دەنێرێ بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی پەسەندکردن

بەهەموو پێودانگێک هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بوو لەرووی پاک و بێگەردی پرۆسەکەو دابینکردنی کەشی ئەمنی ئارام و لەبار بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەشداری بکەن. تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی ئەوروپی و عەرەبی و نێودەوڵەتی بەوردی و دیقەتەوە سەرپەرشتی و رەقیب بوون بەسەر پرۆسەکەوە

سەرەرای هەموو ئەمانە، لەرووی قوڵایی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، ئەم پرۆسەیە پێدەچێ بەدەر نەبێت لەکۆمەڵێک گێرمە و کێشە و ئاستەنگ ، کە بۆلەمەبەدوا دەبێت پرۆسەی سیاسی عیراقی خۆی بۆ ئامادە بکات و دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکات

ئاستەنگی کۆمەڵایەتی؛

 بەرلەهەر شتێک دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە کۆمەڵگەی عیراقی لەباشوور بۆ ناوەراست و لەمیشەوە بۆ باکووری وڵات جارێکی دیکە جەختیان لەبێمتمانەی خۆیان بەم سیستەمە سیاسیە کردوەتەوە، چونکە ژمارەی بەشداری دەنگدانی هاوڵاتیان لەکۆی ٢٥ ملیۆن هاوڵاتی کەمافی دەنگدانی هەبوە تەنها ٩ ملیۆن بوە، لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دەنگدەران ١٠ ملیۆن و پێنج سەد هەزار بوە، واتا نزیکەی ٪٢٠ ی کەمتری هاوڵاتیان بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشتر بەشداریان لەدەنگدان کردوە و بەمەش بایکۆت و دردۆنگی و تەریکی خەڵک بەسیاسی یەکان و سیستەمەکەی درێژەی هەیە و پێدەچێ لەهەر ئان و ساتێکدا ئەم شەپولە ناڕازی و تورەیە سەرهەڵبداتەوە و ببێتە هۆکاری خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەتر و فراوانتر، بەتایبەتی کەئەگەر حکومەتی داهاتووی عیراق درەنگ پێکبێت، وەیان لەدوای پێکهێنانیەوە نەتوانی لەئاستی تموح و چاوەروانیەکانی خەڵکدا بێت.

بەم پێیەش ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەکراوەیی لەبەردەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ماوەتەوە

ئاستەنگی سیاسی؛

ئەگەر گەورەتر نەبێت ئەوا ئاستەنگە سیاسیەکە هیچی لەدۆخە کۆمەڵایەتیەکە کەمتر نیە ، کەئەمەش وابەستەی ریزبەندی کورسی و دەنگەکانی قەوارە سیاسیەکانە

لەم هەڵبژاردنە بەرەی حەشد و ئەوانەی نزیکن لەئێرانەوە پاشەکشەیەکی بەرچاویان کردوە

- هاوپەیمانی فەتح ی هادی عامری سێ یەکی دەنگەکانی بۆماوەتەوە و کورسیەکانی لە ٤٥ بۆ ١٥ دابەزیوە

- رەوتی حیکمە و رەوتی نەسری عەبادی ژمارەی کورسیەکانیان لە٦٥ دابەزیوە بۆ ١٠ کورسی، واتە شەش یەکی کورسیەکانیان بۆ ماوەتەوە

- عەسائبی قەیس خەزعەلی و حیزب الله و وەلائیەکان لەشۆکی هەڵبژاردنەکەدان و لەدوێنێ شەوەوە سەرقاڵی کۆبونەوە و کۆکردنەوەی سەرکردەکانی تری شیعەن بۆ ئەوەی تەگبیرێک لەحاڵی شپرزی خۆیان بکەن، ئەوەتا وتەبێژی حیزب الله دەڵێ؛ ئامانج لەم هەڵبژاردنە لێدان بوە لەحەشد

- مالکی رێژەی کورسیەکانی زیادی کردوە بە ١٢ کورسی و گەشتوەتە ٣٧، بەڵام ئەمانیش ئەو ژمارەیە بەدڵخوازی خۆیان نازانن و لەکۆتا دەرەنجامدا دەکەونە بەرەی نارازیەکان. ئەمەجگەلەوەی تائێستا ئەو شوێنەی سەدری لێبێت مالکی تیایدا جێگەی نابێتەوە

لەلایەکی دیکەوە شۆکی هەڵبژاردنەکە لەناو ماڵی شیعیدا سەدریەکان دروستیانکرد. لەکاتێکدا هەرچەند سەدر بە قەلەق و گومان دوای پاشەکشەو پاشان گەرانەوە لەپرۆسەی هەڵبژاردن بەشداریکرد بەڵام پێدەچێ نزیک بووبێتەوە لەوخەونە مێژینەی کەبەسەرۆک وەزیرانی سەدری دەیبینێ و دوێنێ حاکم زاملی سەرکردەی رەوتەکە جارێکی تر ئەم داخوازیەی سەدری هێنایەوە بەرباس

سەرکەوتنی سەدر بەزیاتر لە ٧٠ کورسی و ئەو لێدوانەی کەدەڵێ نابێ هیچ لایەنێکی دەرەکی و ناوخۆیی دەستبخاتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کەمەبەست لێی ئێرانیەکانە، رەنگەسەرەتای دەرکەوتنی ناکۆکی توندی بەرەی ئیران و سەدریەکان بێت و هەروەها کەوتنی حەکیم و عەبادی کەهێزی میانرەو و ئاشتەوایی نێوان سەدریەکان و وەلائیەکان و مالکی بوون لەرابردوودا، ئەگەری ئەم توندیەی نێوان سەدریەکان لەلایەک و هێزەکانی تری شیعە لەلاکەی تر زیاتر دەکات. ئەمەسەرباری ئەوەی ئەم گرژیە پەلدەکێشی بۆ دەرەوەی عیراق و هەرلەئێستاوە ئیرانیەکان لەوەڵامی تویتەکەی مقتدی سەدر وتیان ئەم جۆرە لێدوانانە دەبێتە هۆی زیاتر گرژی پەیوەندی عیراق و دەوڵەتانی دەرەکی

- لەدەرەی شیعەکان ، تەقدومی حەلبوسی بەبردنەوەی نزیکەی ٤٠ کورسی و کەوتنی عەزمی خەنجەر کەنیوەی ئەمانی هێناوە، زیاتر خەونی حلبوسی بۆ سەرۆک کۆمار نزیک دەکاتەوە، هەربۆیە سعود مەشهەدانی وتەبێژی تەقەدوم ئەمرۆ وتی بەدڵنیایی یەکێک لەسەرۆکایەتیەکان بۆ ئێمە دەبێت و باسی سەرۆک پەرلەمانی نەکرد.
کەئەم پۆستە داخوازی سەرەکی کورد دەبێت بۆ بەشداری لەحکومەتی ئایندە و دەرکەوتنی  ئەم ناکۆکیە دواجار ئاستەنگێکی سیاسی دیکەی بەردەم ئەو کابینە وزاریەیە کەپێدەچێ لەنێوان سەدر و کورد(پارتی و یەکێتیی) و حلبوسی بەردی بناغەکەی دابنرێت


PM:01:02:12/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی