ئێمە چیمان کردبوو تا دەستگیربکرێین؟

‌سیروان غەریب

سەر لەئێوارەی دوێنی تەلەفونم کرد بۆ قایمقامی سلێمانی کەسەرۆکی لیژنەی ئەمنییە، وتم بەڕێز شوێنێک دیاری بکەن تاوەکو ئێمەو ڕۆژنامەوانان ڕووماڵی ئەو دۆخە بکەین کەلەسلێمانی روودەدات، وتی کۆبونەوەم هەیە  دواتر پەیوەندیت پێوە دەکەم دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دەنگی نەبوو دواتر ناچار لەگەڵ تیمی وێستگەنیوز سەردانی قایمقامیەتمان کرد، ووتمان بەڕێز قایمقاممان دەوێت پێیانراگەیاندین لەوێ نییە.

لەگەڵ تیمەکەمان ڕۆشتین بەرەو سەرا تا ڕووماڵ بکەین. درۆنێکی کامیرای ئاسایشیان خستە سەر تیمەکەمان و ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کەمنیان بینی و لێم کۆبونەوە، درۆنەکە ئەوەندە لەمن نزیک بووەوە ناچار باجی وێستگەنیوزم پێنیشاندا تا بزانێت ئێمە ڕۆژنامەنوسین و سڵاوێکیشم لێکرد.

کات بوو بە پێنجی ئێوارە، لەپڕ هاواری خۆپیشاندان بەرزبووەوە بۆمبێکی فرمێسک ڕێژ کەوتە نێوانمان و دوکەڵەکەی تەنگەنەفەسی و چاوی پڕکردین لەفرمێسک، لێکی دابڕانین.

دوای چەند دەقەیەک یەکەمان گرتەوە بەڵام چۆن؟ هەمووی چاوی پڕ ببوو لە فرمێسک لەنیا بەختیار لەئاسایشەکان دەپاڕایەوە بۆ ئازادکردنی کامێرامانەکەمان... هێڤار هیواو ئەرکان عەبدلقادر و منیش بەهانایەوە ڕۆشتین سەرجەممان دەستگیرکرای بە لەنیا بەختیاریان ووت دەبڕۆ ماڵەوە " تۆ ئافرەتی" ئای لەو ڕستەیە!

ڕەنگە بڵێن تۆ سەرنوسەری کارت چییە بە ڕووماڵ؟

ئەم قسەیە ڕەنگە بۆ هەموو سەرنوسەرێک ببێت بێجگە لەمن؟

بەکورتی من خۆم ڕۆژنامەنوسم دژی ئەوەم پۆستی سەرنوسەری ببێتە هۆکار بۆ فەرامۆشکردنی پیشە سەرەکییەکەم کە ڕووماڵ و کاری مەیدانییە، بێ لەمەش  لەکاتە سەختەکان و هەستیارەکاندا بەهیچ شێوەیەک نامەوێت خۆم لەستافەکەمان جیابکەمەوە حەزم لەوەیە هەمان چارەنوسم هەبێت.

هەمیشە کاتێک دەیاننێرمە بەر فیشەک و دوکەڵ و ئاگر لەخۆم دەپرسم بۆ ئەم ئازیزانە  مووچەیان لەدەزگاکە چەندە؟ کەسەرجەم ستافەکە موچەکەیان کۆبکەیتەوە ناگاتە مووچەی کەسێکی دیاری ناو میدیای دەسەڵاتی وڵاتەکەیان. بۆیە ئەمە بڕیارەو داومە ئەگەر 10 جاری تر زیندانی و ئەزییەت بکێشن دەبێت لەگەڵ خۆمدا بن.

باشە تۆ بڵێی هێزەکانی ئاسایش بزانن ئەوانەی دەستگیریانکرد کێ بوون؟

هێڤار هیوا، کوڕی یەکەم شەهیدی دەستی جوندولئیسلام باوکی خۆیی نەدیوە بەهەزار دەردەسەری دایکی زانکۆ و بەشی زمانی ئینگلیزی پێ تەواو کردووە.

زانیار مەریوانی وێنەگر، یەکێکە لەو گەنجانەی تەنها پیشەی وێنەگرە، هەر بەوێنەگریش ژیانی خۆی دەبات بەڕێوە چی بکات بڵێت وێنەی خۆپیشاندان ناگرم؟

لەنیا بەختیار دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن لەزانکۆی سلێمانی و هەموو ڕاگەیاندنکارانی ئەمشارە دەیناسن بژێوی ئەم خانمە  تەنها مووچەکەیەتی لەوێستگەنیوز.

ئەرکان عەبدولقادر "کوڕی شارەکە"... وەک هاوکارێک 20 ساڵە لەمیدیادا تەنها هاودەم و هاوکاری ستافی ڕۆژنامەوانییە.

بەهەر حاڵ دەستگیریانکردین و لە مینی پاسێکیان ناین، لەگەڵ چەند خۆپیشاندەرێکدا بردیانین بۆ ئاسایشە کۆنەکەی سلێمانی. ئەمەش دوای ئەوەی سەرجەم کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکان و مۆبایلەکانمان دەستی بەسەردا گیرا.

لەبینای ئاسایشی ناو شار ژمارەیەکی زۆر گەنجی تازەپێگەیشتووی جل ڕەش و قژلول دەستگیرکرابوون.

ئەفسەرێک هاتوو ئێمەی جیاکردەوە، دواتر زانیمان قوباد تاڵەبانی فەرمانیداوە هەرچی ڕۆژنامەنوسە هەر ئێستا ئازاد بکرێن کەستافی دەنگی ئەمریکاو دیبلۆماتیک لەنێو دەستگیرکراوەکاندا بوون.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەی لەبنەڕەتدا بۆچی دەستگیربکرێین؟

ئەفسەرێک زۆر منەتی کرد بەسەرماندا،‌ بەمنی وت بۆ وا مۆنیت و پێناکەنی ئەگەر فەرمانی ئەو نەبوایە "وەک هەڕەشە" ئازاد نەدەکران، منیش وەڵامم دایەوەو وتم بماندەن بەدادگا با بزانین بۆچی دەستگیرکراوین ئایا ڕووماڵکردن قەدەغەیە؟ ئەگەر قەدەغەیە با بزانین. توندتر وەڵامی دامەوە وتی کەس نەیووتووە وەرە ڕوماڵ بکە ڕووماڵ پێویستی بە مۆڵەتە... وتم ڕووماڵ مۆڵەتی ناوێ.

بەهەرحاڵ ئەفسەرێکی تر جیاواز لەم ئەفسەرە بەڕۆحێکی بەزەییانەوە ڕووی کردە من و وەرەقەیەکی دەرهێناو ناوی چواری لێ داوا کردم .. وتم ئەگەر بۆ تەعەهودە، من تەعەهود پڕ ناکەمەوە "چونکە من تاوانبار نیم" من هاتووم کاری میدیا دەکەم زۆر لەسەرخۆو بەهێمنی چەند پرسیارێکی زۆر ئاسایی لێکردین و ئازاد کراین.

پرسیارەکە لێرەدایە، ئێمه چیمان کردبوو دەستگیرکراین؟ بەپێی چ ماددەیەکی یاسایی؟

سوپاس بۆ هەواڵ پرسینەکانتان و خەمخۆریتان ..


AM:11:11:07/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 3340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی