گەورەترین دۆسیەی قۆرخکاری و وەرگرتنی پارەو گرانکردنی بەنزین له‌ هه‌ولێر

‌عەلی حەمەساڵح

لێکۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ گەورەترین دۆسیەی قۆرخکاری و وەرگرتنی پارەو گرانکردنی بەنزین و نەوت و گازوایل لە پارێزگای ھەولێر

بۆ : سەرۆكی حكومەتی هەرێم

قۆرخكاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بۆ بەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەك لە پارێزگای هەولێر

نرخی سوتەمەنی بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر هاوڵاتیان گران بووە، ئەمەش بەهۆی قۆرخكاری و گەندەڵیەكی ڕێكخراوەوەیە، ئەمە لێكۆڵنەوەیەكی مەیدانیە لە سنوری پارێزگای هەولێردا قۆرخكاری و گەندەڵییەكی ئێجگار مەترسیدار دەخاتە روو.

یەك: بەنزین:
 ئەو بەنزینەی لە عێراقەوە دێت، لە هەولێر دەدرێتە چەند بەنزینخانەیەكی دیاریكراو. بەڵام نزیكەی (2 ملیۆن) لیتری دیكە بەرهەمی ناوخۆی بەنزین هەیە، پاڵاوگەی كار ڕۆژانە( 25 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵاوێت یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و حكومەت بەنرخی 640 دینار دەیداتە هەر دوو كۆمپانیای( سەن ئۆیڵ و كوردنەفت)، ئەوانیش بەشی هەرە زۆری ئەم بەنزینە لە بازاڕی جوملە(بۆرس) ە بە 860 دینار بۆ هەر لیترێك دەیفرۆشێت. بەهەمان شێوە پاڵاوگەی لاناز لەو نەوتی خاوەی لە سوریاو عەینزالەوە دەیهێنێت، نەفتا بەرهەم دەهێنێت و نەفتاکە  لە پاڵاوگەی كار دەكرێتەوە بەنزین و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشنەوە بە گران. هەرچەندە بەرهەمی ناوخۆیەو نەوتی خاویش هەزران بووە ئێستا بەنزینی نۆرماڵی كار یەك لیتری بە 875 دینار لە بەنزیخانەكان دەفرۆشرێت.

دوو: ڕێگری لە هێنانی بەنزین 
لەهەولێر لە سەرجەمی ئەو بازگانەی لەگەڵ عێراق هەیە و لە بازگەی دێگەڵەش ڕێگا نادرێت بەهیچ شێوەیەك بەنزین داخڵی هەولێر بكرێت، تەنیا یەك ڕێگا هەیە، ئەویش ڕێككەوتن لە گەڵ گروپێك دوان لەو گروپە ناویان (نەبەز محممەدە)، ئەوانیش بۆ هەر بارهەڵگرێك یەك ملیۆن دینار وەردەگرن! ئەم پارە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە حكومەت نیە.

سێ‌: گرانبوون و خراپبوونی كوالێتی گازوایل
لاناز، ڕۆژانە نزیكەی ٢ ملیۆن لیتر گازویلی هەیەو ڕوانەی دەرەوەی دەكات ، ئەمە وایكردووە لە ڕووی نرخەوە گازوایل زۆر گران بێت و تەنی بووە بە 520 دۆلار لە نێوخۆدا، لە ڕووی كوالێتیشەوە گازوایلی بازاری كوردستان زۆر خراپە، ئەو گازوایلەی بەكاردێت بۆ مۆلیدە، پشت بە پاڵاوگەی بێموڵەت ("پێ‌ لەقە") و تێكەڵكردن دەبەستێت، هەم كرێی مۆلیدە لەسەر هاوڵاتی گران دەبێت و هەم ژەهریش لە مۆلیدەوە بۆ هاوڵاتیان دەچێت.

چوار: گرانبوونی نەوتی سپی:
ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە سلێمانی و دهۆك 150 هەزار دینارە، لە هەولێر 190 هەزار دینارە، چونكە ڕێگا نادرێت نەوتی سپی داخڵ ببێت، ئەوەشی دەیهێنێت دەبێت بیفرۆشێتە كەسێك بەناوی "نەبەز" ئەویش كۆنتڕۆڵی نرخی بازاڕی كردوەوە و  لەسەر هاوڵاتی گرانكراوە.

پێنجەم: زۆرینەی بەنزینخانەكانی هەولێر مەترسی داخستنیان لەسەرە.
بەهۆی ئەو قۆرخكاریە گەورەی لە بازاڕی بەنزین و سوتەمەنی لە هەولێر هەیە، زۆرینەی بەنزیخانەكانی هەولێر بێ‌ بازاڕن، جگە لە ڕسومات و كرێی كارەباو و ئاو ............... هتد، ئێستا داوای باجی عەقاری 20 ساڵی رابردوویان لێدەكەن، لە كاتێكدا ئەمان كرێچی حكومەتن، بەپێی گرێبەستی بەكرێدان باجی عەقاریان لەسەر نیە، پێشتریش ئاگادار نەكراون، ئێستا بڕێك پارەی زۆریان بۆ هاتووە كە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا بیدەن كە نزیكەی 200 ملیۆن دینارە بۆ هەر بەنزیخانەیەك، ئەم دۆخەی سەرەوە زۆربەی بەنزیخانەكان ناچاری داخستن دەكات، ئەمەش لەبەرژەوەندی زیاتری چەند كۆمپانیاو كەسێكدایە كە بازاڕەكەیان قۆرخكردووە.
عەلی حەمە ساڵح


PM:04:27:05/12/2021

ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی