بردمانەوە و دەستتان ماچ ئە کەین

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

هەڵبژاردنی پێشوە خت بۆ پاڕلەمانی عێراق سەرباری کەموکوڕی لە شێوازەکەی و، نیگەرانی هەندێک لایەنی سیاسی لە سیستەمی بەرتەسککردنەوەی دەنگدان لە شێوازی بازنەکان کۆتایی پێهات. ئێمە یەکەم بوین و بردمانەوە. بردنەوەیەک کە بەئاستێکی بەرز ووزە بەخشە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتومان. 
 
هەر بژین و پایەدار بن هەڤاڵانمان لە ئۆرگانەکانی حیزب. بنکەکان و ڕێکخراوەکان و ناوچەکان زۆرترین  قورسایی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ گرت و پێشمەرگە ئاسا نەسرەوتن لە ئیشکردنی جددی و شەونخونی. دە ستی یەک بە یەکیان ماچ ئە کەین و هەمیشە پایەدار بن و لە بەڵا بەدوور بن. هەڤاڵانی بارەگای لقەکان ماندوو نەناسانە بە تەواجودی خۆیان لە بارەگای لقەکان و سەرپەرشتی و چاودێری کردن لەگەڵ ناوچەکان مەبدەئیەتی حیزبایەتی بە تیمیان جێبەجێکرد. ئیتر هەر لە ئەندام و کادرێکی بارەگای لقەوە بگرە هەتا دەگاتە ئەندام مەکتەب و کارگێڕەکان. دەستی یەک بە یەکی ئەوانیش ماچ ئە کەین. لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی لق بە ڕابەرایەتیەکی دروست و متەوازیع هاوسەنگیان لە نێوان دیسپلین و ئیبداعی تاکە کەسی و ئازادی جموجۆڵی حیزبایەتی ڕەخساند. دەستی یەک بە یەکی ئەوانیش ماچ ئەکەین. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دەستی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و ئێستا ماچ ئەکەین و ئەوان هەمیشە سەروەری ئێمەن. ئیتر گرنگ نیە کاندیدی سنوری چ لقێک دەرچوە یان دەر نەچوە. گرنگ ئەوەیە ئێمە پێکەوە سەرکەوتین و، سەرکەوتنەکەش سەرکەوتنی هەموو لقەکانمانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. هیچمان بەتەنیا سۆپەرمان نین، بەڵام پێکەوە موعجیزە ئەخوڵقێنین.

بەم سەرکەوتنە، لە سنوری ئەم دیو دێگەڵە، ڕ ێکخستنەکانی ئێمە مەسجێکی ڕونیان ڕەوانەی سەرتاسەری هەرمێی کوردستان کرد. مەسجێک کە سەلماندنی وتە بەپێزەکەی جێگری سەرۆکی پارتیمان هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی بوو کە لە سلێمانی ووتی: `` ئەو سەردە مە بەسەرچو هەندێک لایەن و کەس لەسەر حسابی ناشرین کردنی ئێمە دەنگ بۆخۆیان کۆ بکەنەوە``. هەگبەی بەتاڵیش بە قسەی بەتاڵ و بێ ناوە ڕۆک و پووچ پڕ ناکرێت. ئیرهابی فکری لە سلێمانی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڤایرۆسێک و تەلیسمێکی دزێو بو. ڤایرۆسەکە مەفعولی نەما و، تەلیسمەکەش شکاو بوو بە هەزار پارچەوەو خورد و هاش بو.

ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمەی پارتی سەرەتایەکە بۆ دەسپێکی داهاتویەکی گەش پێکەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانیتر. دوای ئەم سەرکەوتنە پێویستمان بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنە. نابێت لێک دوور کەوینەوە. نابێت لەسەر بنەمای مفاوەزەکانی ڕابوردو قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. چونکە لە دونیای سیاسەتدا هە موو مفاوەزەیەک وەک ئەوە وایە بۆ یەکەم جار مفاوەزات بکەین. لوت بەرزی و ڕق و کینە نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێک. ئێمەی پارتی بەم بردنەوەیە نە لە خۆمان گۆڕاوین و نە لوتیشمان بەرز بۆتەوە. ئێمە بردنەوەی پارتی بە بردنەوەی کوردستان ئەزانین، بۆیە هەمومان براوە ین.

دواجار سوپاس بۆ سەرۆکایەتی حەکیمانە ی ئەزیزم سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئیلهام بەخشی کوردایەتی و مەبدە ئی بۆ کوردستان ژیانە و دەستی جەنابی بەڕێزیان ماچ ئەکەین. سوپاس بۆ برای ئازیزمان کاک مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە ئەنجومونی وەزیران کە جگە لە ئاسانکاری و خزمەتگوزاری هیچ تەداخولێکیان لە پڕۆسەکی هەڵبژاردندا نەکرد. 

خوایە خاکی پیرۆزی کوردستان هەر ئاوەدان بێت…


PM:05:29:12/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 3136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی