فدبۆڵ، عێراق و ئینتیما ..!

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

سەرەتای مانگی یەکی ساڵی هەشتاوهەشت، ئێمە دەستەیەک لە سێ کەرتی جیاوازی پێشمەرگەکانی تیپی تایبەتی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بەهەورازەکەی زنجیرە چیای چەرماوەندەوە، بەرەو ئەودیوی دۆڵی جافایەتی و جەبهەی فراوانی قەیوان ماوەت دەچوین .

 محەمەد قاسم، رادیۆکەی بەدەستەوەوە و لەبناگوێدا، لە هاتوهاواردا بو ، فتبۆڵێنی نێوان عێراق و کوەیت  (خولی خەلیجی عەرەبی یان فارسی) بو، کە ئێستا جەدەلی نێودەوڵەتی لەسەر ناوەکەی دروستبوە !  
لە بەقای هەتاوی تاوێرێکی هەورازی ئەو زنارەدا پشویەکماندا، ئەو پڕ بەگەروی لەگەڵ دەنگی موئەید بەدریدا، هاواری بۆ ئەحمەد رازی و بردنەوەی تیمی عێراقی لەگەمەکەدا دەکرد !
- تۆ خانەقینیت و ئاسەواری تەعریبت پێوە دیارە
من ئەو قسەیەم کرد و ئەو قوشقی بو ...

زیاتر لەوە وتم ئاخ رۆژێک ئەو تیمی فدبۆڵەی عێراق بکەوێتە کەمینێکمانەوە و یەکەم کەسیان ئەو ئەحمەد رازیە گوللە باران بکەین .

- ئنجا خۆ هەمو کەرتەکە لەسەر ئەحمەد رازی ئەکوژم .

وەڵامەکەی محەمەد قاسم لەدڵ و دەرونەوە بو، قسەکانی من شۆخی و توڕەکردنی ئەو بو .

چەند هەفتەیەکی کەم و لەپەلاماری هێزە تایبەتەکانی لیوای شەستوپێنج و شەشتوشەشی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق بۆ سەنگەرەکانمان کە بە (لیوای سەدامی زەهەبی ناسراوبون) لە شاخی کونەکۆتر محەمەد قاسم بەیەک هەنگاو لەتەنیشت خۆمەوە شەهید بو ، لاشەکەیمان لە گوندی چۆخماخ ناشت، نازانم تا ئێستا تەرمەکە براوەتەوە زێدی خۆی یان نا ..!

دوای ئەنفالەکان و مانەوەمان لەگەرمیان، کاک قادری حاجی عەلی وەک لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو، راشیسپاردبو هەرکات رێگەمان کەوتە شاری سلێمانی ودەوروبەری چەند بتوانین و دەرفەت هەبێت وەک ئەوسا ئەیانوت ( بەسزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنین ) .

دەردەسەری و بێ جێگەونانی وایکرد لەتخوبەکانی شاری سلێمانی و چەمی تانجەرۆ و جارجاریش ناوشاری سلێمانی لەنگەر بگرین . لەمشوری ئەوەدابوین فەرمانی لێپرسراوی مەڵبەند جێبەجێ بکەین ! بەومەبەستە هەریەک لای خۆمانەوە لەگەڵ دۆست و خزم و رێکخستنەکانی کۆمەڵە کەوتینە سۆراغ و پرسیار، هەموان قورس و گرانی چالاکیەکی وایان بۆ سزادانی ئەوکەسانە باسدەکرد، بەتایبەت ناوەکان زۆریان سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزەی تەواری بون و لەو سەروەختەیا کارێکی سەخت بو،  بۆ ژیان و مانەوەی تەواوی مەفرەزەکەشمان مەترسیدار بو .

یەکێک لەپێشنیازەکانی هاوڕێیەکی رێکخستنی سلێمانی ئەوەبو کە ئەحمەد رازی بکوژین ..!
-  ئەو کچی پیاوێکی ناوداری شار دەستگیرانێتی و هەمو هەفتەیەک و لەرۆژانی پشو لەبەغداوە دێتە دیەنی و لەو ماڵە دەمێنێتەوە .

من کاتی خۆی و کە لەبەغدا دەمخوێند، چیرۆکی خۆشەویستی ئەحمەد رازی و ئەو کچە کوردەم بیستبو، بۆیە یەکسەر بڕوام بە قسەکانی ئەو هاوڕێیە هێنا، وتم باشترین چالاکیە کە لەسەرتاسەری عێراقدا دەنگ ئەداتەوە .

دوو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بەهاوکاری هاوڕێکانمان لەرێکخستنی کۆمەڵە بۆی دانیشتین، پێدەچو سەفەر وقەدەری ئەو بەنسیبی سزاکە نەبوبێت، بەڵام هەمو ئەو دەقەو سەعاتانەی بەتاریکی لەکۆڵانەکەی پشتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شار لە خەیاڵی ترس و تۆڵە و تەقە و قوتاربونا بوم، محەمەد قاسمی شەهیدی هاوڕێم لەتەنیشتمەوە بو !  بێگوێدانە خۆشەویستی ئەو بۆ ئەحمەد رازی ! ئەم ویست پێی بڵێم :

" شۆخی بو خەونەکەی کەڵکی قزلەر و هەورازی چەرماوەند بەڵام هاتەدی"

 ئەمویست بۆی بسەلمێنم کە خۆشەویستی ئەو بۆ عێراق هەڵەبوە و کوشتنی ئەم عێراقە رێگە راستەقینەکەیە .!


PM:12:45:20/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 1476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی