جا گریمان ١١ کەس بوین!
رابون مەعروف
یەکەم: ناوەڕۆکی (جەنگی دەرونی) ھەمو لق و پۆپەکانی بەرەی (بەڵێ) سەبارەت بە کەرنەڤاڵی (نەخێر) ی ٩/٩ لە سلێمانی ئەوەیە گوایە خەڵك کەم کۆبۆوە! مێژو بخوێننەوە! ھەمو شۆڕش و جوڵانەوە گەورە و گرنگەکان چەند کەسێك دەستیان پێکردوە و گەورەبون و دواتر سەرکەوتون!
بزانن: سادەترین بنەما ئەوەیە کە، ڕەوایەتی بە ژمارە ناپێورێ!
دوەم: تەنھا ١١ کەس و تەنھا١ مانگ پێشئێستا ئەم جوڵانەوە ناحیزبییەمان خستوەتە سەر ڕێگا، ھەمو لەشکری ھێزە تەقلیدیەکان لە دژی وەستاون، بەڵام چوین لە یاریگای گشتی کۆبوینەوە و ھەزاران کەس بە کۆرس وتمان: نەخێر بۆ ئەزمونە حوکمڕانیە ستەمکار و بێدادە گەندەڵەکەتان!
بزانن: ئاگامان لێیە حیزبەکانی دەسەڵات و بێدەسەڵات، لە خۆیان ڕانابینن بچن لە یاریگاکان مەراسیم بکەن، چونکە خەڵکیان پێکۆنابێتەوە!
سێھەم: لە کوێی دونیا بوە سەرۆك و بەرپرسی لیژنەی ئەمنی شار، لە بری پاراستنی ئاسایش و ھێمنی کۆبونەوەکان، ٣ ڕۆژ پێش بۆنەکە بەیان دەربکات لە بری دڵنیاییدان بە ھاوڵاتیان، خەڵکی بترسێنێت لە بەشداریکردن؟ ئەوە داھێنانێکیتری دەسەڵاتە عاجباتیە کوردیەکە بو!!!
بزانن: ئەوە ئاماژەیەکی ئاشکرای گلۆربونەوەی ئەم دەسەڵاتەیە!
چوارەم: ئەم ڕۆژانە ھەمو لەشکری دەستەبژێری سیاسی تەقلیدی و شاگرد و دەستوپێوەندەکانیان یەکڕیز و یەكسەنگەر دژی ئەم جوڵانەوەیە کۆبونەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەو ترسەیە کە چوەتە دڵیانەوە، کە دواجار ئەم (نەخێرە) کۆتایی بە ئەزمونی دەسەڵات و ژیانی سیاسییان دەھێنێت!
بزانن: پشتیوان بە خوای گەورە، ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوان کۆتاییان دێت!
سەرنج: ھەڵبەت زۆربەی ھەرە زۆری گۆڕانخوازە راستەقینە ئازا و جەسورەکان ھاوسۆز و پشتیوانی ئەم جوڵانەوەیەن! بەڵام بۆ ئەو ژمارە زۆر کەمەی کە نەخۆشی ئەم جوڵانەوەیە گرتونی:
بزانن: زۆر عەجیب و نەنگییە، نوسین و قسەکانتان ئەوەندە لە نوسەرانی پارتی و دەسەڵات دەچێت ھەر دەڵێی بە راوێژ و پێکەوە دەینوسن!
AM:11:01:10/09/2017
ئهم بابهته 4586
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی