سلێمانی پایتەختی کۆنکرێت

‌رێژەن جەمال

سەد ساڵی دیکە، ئەو کەسانەی دوای ئێمە دێنە ژیانەوە، ئایا بە میهرەبانییەوە بیرمان لێدەکەنەوە؟ تۆبڵێی بەوشەیەکی جوان یادمان بکەنەوە؟

خاڵە ڤانیا، ئەنتوان چێخەف ئەم ڕۆژانە هەموو چاوەکان لەسەر ئەتککردنی شاخی گۆیژەن، هەموان توڕە و نیگەرانن لەوەی ڕوودەدات، بەڵام جگە لە ناڕەزایەتییەکی کورتخایەن، لەوە دەچێت هیچ کەسێك دەسەڵاتی بەسەر ئەو لیڤیاتانەدا نەبێت، کە دوای ئەوەی شارەکانی لە بیناسازییەکی ناشرین و قێزەوندا قوتدا، ئێستا پەلەکانی بەرەو قوتدانی شاخ و دۆڵەکان دەهاوێت.

بە کۆنکرێت بوونی شار لە خوێندنەوە سادە و ڕووکەشەکەیدا، قازانجی بێشوماری ماددیی ژمارەیەك سەرمایەداری چاوچنۆکە، بەڵام لە دیوە قوڵەکەیدا هەوڵی سایکۆلۆژیایەکی ترساوە کە دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی باڵاخانەی هەوربڕ، ویقار و هێزی خۆی نیشان بدات.

وەك ئەوەی نیتچە بڕوای وایە؛ لە بیناسازیدا کردەیەکی ئیرادەگەرای گەورە هەیە کە چیا لەشوێنی خۆی دەبزوێنێت، یان لە بیناسازیدا مەستبوونی ئیرادەیەکی مەزن دەبینرێت، لەو ساتەی کە ڕوو لە هونەر دەکات، بەڵام بیناسازیی لە کوردستان نەك ئیرادەیەکی گەورەی رووەو هونەری لەپشت نییە، بەڵکو لە سادەترین پێناسەیدا، بیناسازیی لە کوردستان بەرزکردنەوەی شکۆیەکی لەدەستچووە. ئەو هەموو کۆنکرێتانە، خەون بینینیی خاوەنەکانیانە بەهێزێکی گەورەوە، کە نییانە.

ئەمڕۆ ڕۆحی بیناسازیی لە کوردستان لەسەر بنەمای شەڕکردن لەگەڵ سروشت شێوەی خۆی وەردەگرێت. ئەگەر لەدەیەکانی ڕابردوودا ئیشکردنی بیناسازیی لەسەر داڕشتنەوەی شێوەیەك بوبێت بۆ شارەکان، کە هەڵبەت ئەو شێوە پێدانە نوێیە بە تێکدانی شارەکان کۆتایی هات، ئەمڕۆ بیناسازیی لەکوردستان بەرەو ناو سروشت دەچێت. بەرەو هەڵکۆڵین و بڕینی شاخەکان دەچێت.

کاتێك تەماشای شاخی گۆیژە دەکەیت، هێندەی هەست بەوە دەکەیت دەستێك دەیەوێت تۆڵە لە شاخەکە بکاتەوە، یان مەبەستیەتی هێزی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، هەست بە ڕۆحی بیناسازیی وەك ئەوەی نیتچە دەڵێت "دەرکەوتنی هەستی شانازیی و سەرکەوتن" ناکەیت.

کاتێك تەماشای دیزاینی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دەکەیت، هێندەی شێوەی قەڵایەکی سەردەمی کۆنی هەیە، کە خاوەن قەڵا لەترسی هێرشی دوژمنێکی وەهمیی بنیاتی ناوە، هێندە ئاماژە نیە بۆ بیناسازییەکی مۆدێرن. ئەوەش درێژکراوەی سایکۆلۆژیای "ترس و لەرزی"ی خاوەنەکەیەتی.

لە بیناسازیی ئەم ساڵانەی دوایدا ئەو ڕاستیە ڕونتر دەردەکەوێت کە بیناکان هەرچەندە بە کەرەستەی مۆدێرن بنیاتنراون، بەڵام ڕۆحێکی کۆن و لەرزیو لەپشت بنیاتنانیەوەیەتی، ئەمڕۆ بیناکان تەنیا یەك مانا دەدەن؛ "مانەوە تیایاندا" لەوە بترازێت هیچ ئەرکێکی دیکەیان نییە.

بیناسازیی لەسلێمانی تەواو هاوتەریبە لەگەڵ بۆچوونەکەی جۆن ڕۆکفلەر، سەرمایەداری ئەمریکی کە پێی وایە "بینای بچکۆلانە، بیرکردنەوەی بچکۆلانەی لەپشتە". سەرمایەدارەکان بۆئەوەی وا دەرنەکەون خاوەنی بیرکردنەوەی بچکۆلانەن، بینای زەبەلاح بە ئاسماندا دەبەن.

چیاکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە ڕەمزێکی گرنگ بوون، لەخاچدانی مەسیح لە گالگوتە، یان کاتێک موسا لە کێوی توور-ەوە لەگەڵ خودا قسەدەکات، هاتنەخوارەوەی وەحی بۆ پێغەمبەری ئیسلام لە حەرا، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان چیاکان و مرۆڤدا، بەڵام ئەمڕۆ شەڕێکی توند لەنێوان سەرمایەدارەکان و چیاکاندا هەیە، ئەگەر لە ڕابردوودا چیاکان تەنیا دۆستی کورد بوبێتن، ئەمڕۆ چیاکان بوونەتە دوژمن و سەرمایەدارەکان لەهەوڵی ئەتککردنیدان.

هەڵکۆڵین و بڕینی گۆیژە بەو شێوەیەی ئێستا، هیچ نییە جگە لە ئەتککردنی شاخەکە. ئەگەر لە ڕابردوودا بیناسازیی لە کوردستان بە ئاڕاستەی دورکەوتنەوە لە شاخ بوبێت، ئەمڕۆ ڕۆحی بیناسازیی ئیلهام لە پارچە پارچەکردنی شاخ و هەڵکۆڵینی وەردەگرێت.

هەمیشە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و ئەندازیارەکان پەیوەندییەکی تۆکمە بووە. دەسەڵات بۆ نیشاندانی هەیبەتی خۆی پێویستی بە ئەندازیارە، ئەویش بۆئەوەی پایەی ڕاستەقینەی خەونەکەی لەسەر زەوی بنیاتبنێت پێویستی بە دەسەڵاتە، بەڵام زۆرجار پەیوەندیی ئەو دوانە هاوشێوەی پەیوەندیی هیتلەر و ئەلبێرت شپێر-ە.

شپێر ئەندازیارێکی ئەڵمانی بوو، بە عەقڵی تەلارسازیی هیتلەر ناسرابوو. ئەو ئامادە بوو بۆ دروستکردنی بینایەکی گەورە ڕۆحی خۆی هاوشێوەی فاوست بفرۆشێت، بەڵام دواتر پێویستی بەوە نەکرد ڕۆحی خۆی بفرۆشێت، چونکە بووە ئەندازیاری دروستکردنی ئۆردوگای زۆرەملێی سەردەمی نازیی.

دوای ئەوەی خەونی بە بەهەشتکردنی شارەکان لە کوردستان شکستیهێنا و لەسایەی باڵەخانە بەرزەکاندا شارەکان بوونە کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێی مۆدێرن، ئیتر ئێستا نۆرەی تێکدانی سروشتە بەبیانوی (کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، گوندی گەشتیاریی). لێرەوە خەونی بەعس و سەرمایەدارە کوردەکان یەك ئاڕاستە وەردەگرێت؛ تێکدانی سروشت.

ئەگەر بەعس بە تۆپ و دەبابە و بۆمباران سروشتی کوردستانی تێکدابێت، ئەمڕۆ بە چیمەنتۆ و شیش و کۆنکرێت، لەسەر دەستی تەلارسازانی خۆماڵیی، سەرەتا سروشت ئەتکدەکرێت، دواتریش بە تەواوی تێکدەدرێت.


AM:09:27:28/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 1368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی