چارەنووسی حەماس دوای تیرۆرکردنی (هەنییە)

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

ئەگەر بزووتنەوەی حەماس دوابەدوای تیرۆر کردنی ڕەمزەکانی و سەرکردەکانی بشکایەو بپوکایەتەوە ئەوا ئەوە بە فیعلی ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی دەدا کاتێک ئیسرائیل (شێخ ئەحمەد یاسین) ی دامەزرێنەرو باوکی ڕۆحیی بزووتنەوەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک لەو سەرکردانەی لەگەڵی بوون تیرۆر کرد ! ئەوکات نەک تەنها بزووتنەوەکە نەشکاو کۆتایی نەهات ، بەڵکو بەردەوام بوو لە هەڵکشان و گەورە بوون وگەشەکردن و بەهێز بوون ، ئەوەبوو لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی خۆی ڕێکخستەوە کە کۆنترۆڵی شاری غەززەیان لە ئەستۆدا بوو ، دەست بەجێ شاری غەززەشیان کردە پێگەیەک بۆ موشەکباران کردنی ئیسرائیل!

مەعلومە هەمیشە ئەو بزووتنەوانەی کە ( دامەزراوەیی) ن، واتە بوونەتە (مۆسسه‌) و دامەزراوەیەکی مەحکەم و تۆکمەن،  بەهیچ شێوەیەک نەمانی تاکەکان کاریگەریی لەسەر کاروانەکەیان دروست ناکات، بەڵکو نەمانی تاکەکان بەرەو بەهێزبوون و گەشەکردن و زیندوو بوونەوەی زیاتریان دەبات، کە ئەمەش پێشتر نموونەی لەگەڵ (بزووتنەوەی حەماس)  و (بزووتنەوەی جیهاد)  و گروپەکانی تری بەرەنگاریی فەلەستینی زۆره و  ئەزموونێکی تاقی کراوەیە!

ساڵی 2002 سوپای داگیرکەری جولەکە  (ئەبو عەلی مصطفی) ی سەرۆکی (بەرەی میللی ئازادیخوازیی فەلەستین)ی تیرۆرکرد،  ئەو تیرۆرکردنە خێرا پێکهێنانی چەند کەتیبەیەکی سەربازیی سەر بەو بەرەیەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە توانیان جارێکی تر گیان و گڕوتینێکی زیاتر بە بەر ئەو بزووتنەوە چەپڕەدا بکەنەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1990وە تووشی لاوازیی و پوکانەوە بوو بوو.

دەوڵەتی جولەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاریی فەلەستینی، چ بزووتنەوەی حەماس چ بزووتنەوەی فەتح چ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئەوانی تریش! بەرەنجامی ئەو مێژووە دوور و درێژەی تیرۆرکردنانەش ئەوەبوو: نەک ئەو قەوارەیە بێ توانا و دەستەوسان بوو لەکۆتایی هێنان بەو بزووتنەوە بەرەنگارییانە، بەڵکو دوابەدوای هەر شەپۆلێکی ئەو تیرۆرکردنانە ئەو بزووتنەوە بەرەنگارییانە بەهێزبوون و گەشەکردنی زیاترییان بەخۆوە دەبینی. 

بێگومان بونیاد و پێکهاتەی بزووتنەوەی حەماس لەسەر دوو فاکتەری سەرەکی وەستاوە کەهەردووکیان لە گرنگی و بایەخ و کاریگەریی تاکەکان کەم دەکاتەوە لە دروستکردنی بڕیار و ڕۆڵ و کاریگەرییان لەنێو قیادەدا،  بەتایبەت لەنێو باڵی سیاسیدا کە (هەنییە) سەرۆکایەتی دەکرد!

فاکتەری یەکەم: (مٶسسه‌) و دامەزراوەیی بوون، واتە بزووتنەوەی حەماس لەچەندین دەستە و ئەنجوومەن و دەزگایەک پێکهاتووە کە هەر هەموویان پێکەوە دوا بە دوای پرس و راوێژ و دەنگدان و ئاڵوگۆڕکردن و تاوتوێ کردنی راوبۆچوونەکان بڕیارەکان دەردەکەن،  ئەمەش وا دەکات هەر بڕیارێکی کۆتایی کە بزووتنەوەکە دەری بکات، بڕیار و ڕا و بۆچوون و سەرنجی گشتی سەرجەم بزووتنەوەکە بێت، نەک تەنها سەرنج و هەڵوێست و بڕیاری کەسێکی دیاریکراو بێت لەنێو بزووتنەوەکەدا.

فاکتەری دووەم: حەماس بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی و عەقائیدیە و خاوەن بیر و باوەڕە، ئەدەبییاتی ئەو بزووتنەوەیە لە دەقەکانی ئاینی ئیسلام و مێژووە پڕ شکۆ و تێکۆشانەکەی سەرچاوەی گرتووە، کە ئەم سەرچاوە ئایینیەش پڕیەتی لە هاندان لەسەر خۆڕاگریی و بەرەنگاریی و قوربانی دان و بەڵێنی گەورەی دوای شەهیدبوون.

بە کورتی: تیرۆرکردنی  (ئیسماعیل هەنییە) وەک گورزێکی بەهێزی دەوڵەتی جولەکە لێک نادرێتەوە لەلای بزووتنەوەی حەماس و هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر سروشت و ڕێڕەوی  شەڕی غەززە نابێت، هەروەک چۆن پێشتر تیرۆرکردنی چەند مانگێک لەمەوبەری (ساڵح عەرعووری) هیچ کاریگەرییەکی دروست نەکرد و هیچ دەستکەوتێکیشی بۆ دەوڵەتی جوولەکە نەهێنایەدی، تەنها دەستکەوتێکی ڕەمزی ڕواڵەتی نەبێت کە تەلئەبیب زیاتر بۆ پڕوپاگەندەکردن لەبەردەم ڕای گشتی ناوخۆدا سوودی لێ وەرگرت!

ئێستا پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسیی و ئەمنیی و هەندێک لە ناوەندەکانی توێژینەوە کۆمەڵێک پرسیاری گرنک و وردو هەستیار دەوروژێنن لەمەڕ سروشت و ئالییەتی تیرۆرکردنی (هەنییە)، هەروەها  جۆری ئەو  پشتیوانیە لۆجستی و ئاسانکاریانەی لە پێناوەدا پێشکەش کراون !! ئەڵبەتە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ داهاتوو بەجێ دەهێڵین، دەتوانین بڵێین: ناوبراو لە سەردانێکی فەرمیی ڕاگەیەندراودا بووە بۆ ئێران  بۆ بەشداری کردن لە ئاهەنگی دانانی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە، ئەو بۆنەیەش هەموو جیهان دەیبینی و خۆی لەخۆیداچاودێری کردن و شوێنکەوتن و دەستنیشانکردنی  (هەنییە)ی لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاسان کرد بۆ تیرۆرکردنەکەی!

تیرۆرکردنی (هەنییە) ئەوەی سەلماند کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا دەستەوسان و بێ توانا بوو لە گەیشتن بە  (هەنییە)، جولەکە نەیتوانی ناوبراو تیرۆر بکات تەنها ئەوکاتە نەبێت کە لە ئاهەنگێکی گشتی فەرمیدا دەرکەوت، بەهەمان حاڵەتی (ساڵح عەرعووری) کە تەنها لە نووسینگەکەی خۆیدا لە بەیروت ( تەلئەبیب) توانی تیرۆری بکات بێ ئەوەی ڕابکات یان خۆی حەشاربدات.


PM:06:11:31/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 10528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی