یان (پزیشکیی) یان (ئەندازیاریی) .. ئایا ئەمە راستە؟!

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

هەموو ساڵێك لەم كاتەدا بەتایبەتی كە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی قۆناغی ئامادەیی دەست پێدەكەن ، زۆربەی خێزانەكان دەكەونە كێشمە كێش و مشتومڕی ئەوەی ئایا كوڕە قوتابیەکەیان  یان كچە قوتابیەكەیان چ بەشێك هەڵبژێرێ كە لە قۆناغی خوێندنی زانكۆدا درێژەی پێبدات!

ئینجا لەبەرئەوەی پەروەردە و بیرۆكە و ئاستی ڕۆشنبیریی خێزانەكان جیاوازە ئەم پرسە مشتومڕو نیقاشی نێوان خێزانەكانی گەرم و تووندتر كردووە!

وەك كەسە بەتەمەنەكان دەیگێڕنەوە : لە ساڵەكانی چلەكان و پەنجاكان و سەرەتای شەستەكانیشدا ووشەی (مدرس : وانەبێژ ) زۆر وشەیەكی مەزن و پیرۆزو كاریگەرو سەرنج ڕاكێش بووە لە قاموسی كۆمەڵگەدا، خێزانەكان حەزیان كردووە قوتابیە كوڕو كچەكانیان ببنە مامۆستاو وانەبێژ، كە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە ( مامۆستاو قوتابخانە و فێركردن ) لەو سەردەم و قۆناغەدا زۆر بە نرخ و گرنگ و ڕێزلێگیراو بووە!

بەڵام ئێستا كە زەوی سوڕاوە ، هەمووان حەزیان لەوەیە كوڕەكانیان یان كچەكانیان ببنە پزیشك یان ئەندازیار، وەك ئەوەی ئیتر لەنێو ئەم وڵات و حكومەت و مەملەكەتەدا هیچ بواری خزمەت و كارو پیشەیەكی تر نەبێت جگە لەو دوو پیشە و پسپۆڕیی یە نەبێ !!

لەم ڕۆژگارەماندا كە ڕۆژگاری شۆڕشی زانیاریەكان و كلیكی گەڕان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و زیرەكی دەستكردە ، بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری خێزانەكان عەقڵ و هیزرو دەماغی خۆیان لە زیندانی ( یان پزیشكیی یان ئەندازیاریی )دا قوفڵ كردووە ، لەگەڵ داننان بە بەرزو پیرۆزی و گرنگی پیشەی پزیشكایەتی و ئەندازیاریی!

جیهانی ئەمڕۆ لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەی كە تایبەت بە زیرەكی دەستكرد ئەنجام دەدرێن لەبەردەم وەرچەرخانێكی گەورەدایە لە كاروانی مرۆڤایەتی، كە پێشبینی ئەوە دەكرێ زۆرێك لەو ئەرك و فەرمان و پیشە و خزمەتگوزارییانەی ئەو پانتاییەی كە ئەمڕۆ هەیانە ئیتر بۆیان نەمێنێتەوە و لە دەستی بدەن، لەسەروشیانەوە: پیشەی پزیشكیی و ئەندازیاریی!! پرسیار دەكرێ: بۆ؟!!  لە وەڵامدا دەڵێین: لەبەرئەوەی كۆمپیوتەرێكی زیرەك هەر لە لەحزەی لەدایك بوونەوە بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی مرۆڤ دەكات ، لەگەڵ ئەنجامدانی سەردان و بەسەركردنەوە و پشكنینەكانی مانگانە و ساڵانە!! هەركاتێكیش مرۆڤ نەخۆش كەوت سەردانی ئەو پزیشكە كۆمپیوتەرە دەكات و لەبەردەمیدا دەوەستێ و پەنجەی خۆی دادەنێ و،  كۆمپیتەرەكەش شیكردنەوە بۆ پەنجەكە ئەنجام دەدات و جۆرو سروشتی ئەو نەخۆشیە دیاری دەكات كە كەسەكە پێوەی دەناڵێنێ و ، دواتر دەرمان و چارەسەریشی بۆ دەستنیشان دەكات!

ئێستاكە زۆربەی هەرە زۆری ئەو نیقاش و مشتومڕانەی لە زانكۆكانی ئەمریكا و بەریتانیا و چین و یابان بەڕێوە دەچن سەرجەمیان تایبەت كراون بە باسكردنی سروشتی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی لە داهاتوودا! كە ئایا ئەو كۆمەڵگانە چۆن دەبن ؟ چ جۆرێك دەبن لە چوارچێوەی هەیمەنەكردنی (زیرەكی دەستكرد)دا ؟ لە كاتێكدا پێشبینی دەكرێ مرۆڤە ئەلیكترۆنیەكان لەزۆر بواردا شوێن مرۆڤە دروستكراوەكانی خوا بگرنەوە!

لێرەدا ئەوەی پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بكرێ ئەوەیە: لەبەرئەوەی ئەو بڕوانامانەی كە قوتابیان لە زانكۆكانی ناوخۆ دەستیان دەكەوێت، هەروەها ئەو بڕوانامانەی كە قوتابیان لە زانكۆكانی دەرەوە دەیهێننەوە لەگەڵ خۆیاندا لە چەند بوارو پسپۆڕیەكدان كە نەكۆمەڵگاو نە بازاری كار پێویستییان پێیانە، ئالێرەوە گرنگە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێی تیمێكی زانستی تایبەتمەندەوە بیر لەو بەش و بوارو پسپۆڕییە نوێیانە بكەنەوە كە لە زۆربەی هەرە زۆری زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهاندا دەخوێندرێن و گرنگیان پێدەدرێ و پشتیوانیان لێ دەكرێ!! ئەو زانست و بابەت و بوارانەی كە كۆمەڵگە حاڵی حازر پێویستی پێیانە، دواتر هەندێكیان بخرێنە ڕیزی بەش و پسپۆڕییە هاوچەرخە نوێكانەوە، ئەوانەی پێویستی كۆمەڵگە و بۆشایی بازاڕی كار پێكەوە پڕ دەکەنەوە ، تاوەكو قوتابی لە قۆناغی ئامادەییدا ئامادەسازییان بۆ بكات و خۆی بۆیان یەكلابكاتەوە!

گۆڕانكاریی سروشتی ئەم ژیانەیە لە هەموو بوارو كاروبارێكدا ، بۆیە زەرورە خێزانەكان بە ئاگابن و بە وریایی یەوە گوێ  لە حەزو ئارەزوو بژاردەی قوتابیەكانیان بگرن ، بەتایبەت تازە پێگەشتووەكان ،  فشار نەخەنە سەریان و ناچاریان نەكەن بە خوێندن لە بوارێكدا ئەوان ئارەزووی ناكەن ، چونكە ئەوە ئەوانن باشترو وردتر دەتوانن سروشتی داواكارییەكانی ژیانی ئەم سەردەمە بخوێننەوە كە ئێمە هەموومان تێیدا دەژین!

ئەوان زۆر جیاوازتر لە ئێمە ژیان دەكەن، جیاواز لەوەی ئێمە دەیبینین ئەوان دەیبینن ، ئەوەی ئەوان دەیزانن لە جیاوازییەكان جیاوازە لەوەی ئێمە دەیزانین و هەستی پێدەكەین ! بۆیە پێویستە گوێیان لێبگرین، گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەین، ڕێز لە حەز و ئارەزوو و هەڵبژاردنەكانیان بگرین، لە كۆتاییدا دان بەوەدا بنێین كە ئەوە داهاتووی ژیانی ئەوانە نەك ئێمە، دەی كەواتە مافی خۆشیانە ئەو ڕەنگە هەڵبژێرن كە دەیانەوێ ژیانی خۆیانی پێ ڕەنگ و نەخش بكەن!



PM:12:46:28/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 2884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی