گەڕانەوە بۆ دەستوور، وەک مەرجەعی چارەسەری قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستاندا

‌عومەر عەلى محەمەد

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی زۆر مەترسیدار بووەتەوە، کە ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە قەوارەی هەرێم ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو دەکاتەوە، ئەو کاتە نە هێزە سیاسییەکان و نە دۆستەکانیشی ناتوانن بیخەنەوە دۆخی پێش ڕووداوەکە.

پاش تێپەڕبوونی 730 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەتا ئێستا حکوومەت پێک نەهێنراوە، کە ئەمەش پلەی یەکەم وەردەگرێت لەسەر ئاستی جیهانی و لە هیچ وڵاتێکی تردا هاوشێوەی نەبووە.

دۆخەکە تەنها بەوەوە ناوەستێت کە پەرلەمان سڕ کراوە و حکوومەت پێک نەهێنراوە، بەڵکو ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت، بنکۆڵی قەوارەی هەرێمیش دەکرێت و ئەو لایەن و دەوڵەتانەش کە نەیارن بەم قەوارەیە، لەسەر ئاستی جۆربەجۆر کار دەکەن بۆ نەهێشتنی شەرعیەتی دەستووری و یاسایی.
بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئێمە گوێبیستی جۆرەها بانگەشە بووین لەلایەن کەسایەتیە سیاسییەکان و سەرکردەی پارتەکان، ئەو پێشنیارانەش جۆرەها فۆڕمی جیاوازیان لە خۆ گرتبوو.

هەندێکیان داوای دروستکردنی ئەنجومەنێکی سیاسیی پارتەکانی هاوشێوەی بەرەی کوردوستانیان دەکرد، هەندێکیان داوای دروستکردنی مەرجەعێکی سیاسی و هەندێک سەرکردەی سیاسیش بەم دواییانە دەستیان دایە هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر مێزێک و دروستکردنی حکوومەتێکی یەکگرتوو لە نێوان هەردووکیاندا.

لە ڕاستیدا هەموو ئەم هەوڵانە ئازارشکێنی کاتین و هیچ یەک لەو پێشنیارانە ناتوانن ببنە هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، چونکە ئەو ئەزموونانە هەمووی تاقی کراونەتەوە و لە ئێستاشدا بێجگە لە دووبارەکردنەوەی چەندین ئەزموونێکی شکستخواردوو هیچی تر نیین.

ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمدا هەیە قەیرانی سیاسیە، ئەو قەیرانەش پێویستی بەوە هەیە کە مامۆستایانی دەستووری و یاساناسان و ئەکادیمییە سیاسییەکان و دادوەرەکان بەشداریی تێدا بکەن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە سیستمی سیاسی و کایەی حوکمڕانیەوە هەیە. دەبێت کار لەسەر ئەوە بکرێت دەسەڵات لە سەرۆکی حیزب و مەکتەب سیاسی و سەرۆک خێڵ و بازرگانە سیاسییەکان وەربگیرێتەوە و پەنا ببرێت بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی حوکمڕانی کە لە ژێر سایەی دەستووردا جموجۆڵ بکەن.

واتە دەبێت پێشنیاری دەستوور وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی بێت، چونکە لەو چوارچێوەیەدا هەوڵەکان دەچنە چوارچێوەیەکی نیشتمانی و بازنە بچوکەکانی حیزب و سەرکردە و سەرۆک خێڵ و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بازرگان و سیاسییەکان بەجێ دەهێڵێت. لەم چوارچێوەیەشدا بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتی و پاراستنی مافەکانی دەبێتە تەوەری سەرەکیی کاری سیاسی، ئەوکاتەش هەموو دامەزراوەکانی وەک حیزب و ڕێکخراو و سیستمی ئابووری و سیاسی دەبێت بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت
. یەکێتی و پارتی کە لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ـەوە جڵەوی حوکمڕانی هەرێمیان لە دەست دایە، دەبووایە ئەوان ئەو پێشنیارە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان نایانەوێت چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکان بکەن و ئامانجەکانی ئەوان لە سنووری حیزب و بەرژەوەندیی بەرپرسەکان تێپەڕ ناکات و ناگاتە سنوورەکانی نەتەوە و نیشتمان.

یەکێتی و پارتی لە ئێستادا دەزانن کە بوونی دەستوورێک لە هەرێمی کوردستاندا لە قازانجی ئەواندا نییە، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:

1- دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو زۆنی سەوز و زەرد؛ هەردوو حیزب دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە لە ناوچەکانی خۆیاندا و بەمەش حیزب بووەتە خاوەنی سەرچاوەی دارایی و گومرگ و بیری نەوت و زۆر پروژەی ئابووری، بە بوونی دەستوور حیزب خاوەنی دەزگای ئەمنی و پێشمەرگە و ئیدارەی حیزبی حکوومەت نابێت . یەکێتی و پارتی لەگەڵ دۆخێکی لەو جۆرەدا ڕانەهاتوون و بە مەترسی دەزانن بۆ سەر حیزبەکانیان.

2- دەستوور دەسەڵاتەکانیان سنووردار دەکات؛ کاتێک دەستوور هەبێت سەرۆکی حیزب و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم ئەو دەسەڵاتانەیان نابێت کە ئێستا هەیانە و دەسەڵاتەکانیان سنووردار دەکرێت.

3- زاڵبوونی دەسەڵاتی حیزب بەسەر حکوومەت و دامەزراوەکاندا؛ لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستای حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا سەرۆک و مەکتەبی سیاسی خاوەنی بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوەن و پەرلەمان و حکوومەت و دادگاکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە، لەبەر ئەوە نایانەوێت بە بوونی دەستوورێک ئەو دەسەڵاتانە لەدەست بدەن.

4- لە ئێستادا نە بودجە دەچێتە پەرلەمان، نە شەفافیەتی دارایی هەیە، نە داهاتی ناوخۆ و نەوت و گاز دیارە، بەڵکو کۆمپانیاکانی حیزب دەسەڵاتی یەکەمن و کەسیش ناتوانێت پێیان بڵێت ئەمەتان لە کوێ هێنا، بەڵام لە بوونی دەستووردا ئەو توانایە لەدەست دەدەن و دەبێت هەمووی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پەرلەمانیش چاودێریی چۆنیەتیی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکات.

بە بوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان چارەسەری هەموو ئەو قەیرانانە دەکرێت و بڕیاری سیاسی لەدەست حیزب دەسەندرێتەوە و بڕیارە چارەنووسسازە نیشتمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، هەروەها دەستەبەر و پارێزگاری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەکرێت و هیچ گرووپێکی چەکدار و حیزب ناتوانێت مافەکانی ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل بکات و مافی خۆپیشاندان لە هاووڵاتی وەربگرێتەوە یان هیچ بەرپرسێکی حیزب یاسا شکێنی بکات.

لە ئێستادا یەکێتی و پارتی ئامادە نین ئەو هەنگاوە بنێن و ڕەشنووسی دەستوور بخەنە بەردەم ڕاپرسی، هەتا شەرعیەتی یاسایی وەربگرێت، لەبەر ئەوە دەبێت لە ئێستادا فشاری جۆربەجۆر دروست بکرێت هەتا یەکێتی و پارتی ناچار بکرێن دەستوور بکرێتە مەرجەعی چارەسەریی کێشەکان، ئەویش بەم شێوازانە:

1- پێکهێنانی تۆڕێکی فراوان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكا پیشەیییەکانی وەک( پارێزەران، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و زانکۆکان) ،بۆ خستنەڕووی مەترسیی نەبوونی دەستوور لەسەر ماف و ئازادییەکان.

2- بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کەمپەینی جۆربەجۆر و کۆڕ و سیمینار و گردبوونەوەی جەماوەری ئەنجام بدرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەوەی کە چۆن نەبوونی دەستوور بۆتە هۆی قۆرخکردنی داهات و لاوازبوونی دامەزراوەکان و پەکخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەت.

3- یەکخستنی توانای ئۆپۆزسیۆن و هێزە سیاسییەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی فشارێکی سیاسیی فراوان دروست بکەن و جەماوەر و میدیاکانیان بەکاربهێنن بۆ هۆشیارکردنەوەی جەماوەر.

4- تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو لایەنانەی کە ڕێگە نادەن دەستوور بخرێتە بەردەم ڕاپرسی و ببێتە مەرجەعی یاساکان لە هەرێمی کوردستاندا.

5- دروستکردنی فشاری نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سەردانی کۆنسوڵخانەکان و سەفارەتەکان لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، چونکە ئەمە داوایەکی یاسایی و نێودەوڵەتییە و ئەوانیش لەو بڕوایەداین کە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئارامی و ئاسایش و گەشەپێدانی دیموکراسی دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.

6- بەکارهێنانی سۆشیال میدیا وەک مینبەرێک بۆ بەستنەوەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک وەک( قەیرانی مووچە، بێکاری , نەبوونی خزمەتگوزاری) بە نەبوونی دەستوورێک کە بەرپرسیارێتی و سنووری دەسەڵاتی کاربەدەستان دیاری بکات.

کاتێک خەڵک تێدەگات لەوەی کە نەبوونی دەستوور سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، ئەو داواکاریە دەبێتە خواستێکی گشتی و بەرامبەرەکان ناچار دەکات مل بدەن بۆ ئەو داوایە.


PM:01:11:26/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی