فەرەنسای راپەڕین، یان فەرەنسای ئاژاوە
د. نازەنین عوسمان
مێژووی فەرەنسا پڕە لە راپەڕین و رابوون، گەر بەراورد بکرێت لەگەڵ مێژووی وڵاتانی ئەوروپا، لەو لایەنەوە فەرەنسا لە هەموویان دەوڵەمەندترە. ئەو راپەڕین و گۆڕانکارییانەی لە فەرەنسا روویان داوە، کاریگەرییان نەک هەر لەسەر فەرەنسا هەبووە، بەڵکوو بەسەر جیهانیشدا.
لە ١٧٨٩-١٧٩٩ شۆڕشی فەرەنسا هەڵگیرسا و جاڕی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون بوو بە بناغەی گۆڕانکاری لە جیهاندا.
لە ساڵی ١٨٣١-١٨٣٤ شۆڕشی کرێکارانی ئاوریشم لە شاری لیۆن و بە درووشمی (یان بە ئیشکردن دەژین، یان لە رێگەی خەباتکردنەوە دەمرین)، بووە هۆی باشکردنی هەلومەرجی کرێکاران لەو کاتەدا.
شۆڕشی ١٨٣٢ لە پاریس (راپەڕینی حوزەیران)، ئەو راپەڕینەیە کە ڤیکتۆر هوگۆ لە رۆمانی (بێنەوایان)دا باسی دەکات.
کۆمۆنەی پاریس کە لە (١٨ی ئازار تا ٢٨ی ئایاری ١٨٧١) رووی دا.
بزووتنەوەی ١٩٣٦ (بزووتنەوەی بەرەی گەل و مانگرتنە گشتییەکان)، کە بووە مایەی سەرکەوتن بۆ هەموو ئیشکەرێک و پێدانی پشووی ساڵانە بە مووچەوە لە هەر شوێنێکدا کار بکات.
بزووتنەوەی ئایاری ١٩٦٨ی خوێندکاران، کە لە دواییدا هەموو جیهانی گرتەوە.
بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان لە ٢٠١٨-٢٠١٩، بۆ باشکردنی توانای کڕین وهەرزانکردنی سووتەمەنی...
ئەوەی ئێستا لە فەرەنسا روو دەدات، نازانین دەبێتە بەشێک لە مێژوو، یان هەڵچوونێکە وەک سەدان هەڵچوونی رۆژانەی فەرەنسا.
فەرەنسا ناسراوە بە خۆپیشاندان و مانگرتن. کاتی خۆی راستییەکیان وەک نوکتە دەگێڕایەوە و دەیانگوت: فەرمانبەری بانکەکانی فەرەنسا مافی مانگرتنیان نەبووە، بۆیە مانیان گرت تا ئەو مافە بەدەست بهێنن. دوای مانگرتنێکی درێژ، ئەو مافەیان پێ درا، کە مافەکەیان وەرگرت؛ مانیان گرت.
مانگرتن و خۆپیشاندان بەشێکە لە کولتووری میللەتی فەرەنسی. راستە لە دەستووردا وشە بە وشە نەنووسراوە، بەڵام لە دەستووردا ئازادیی رادەڕبرێن نووسراوە، کە ئەوەش خاڵێکە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو بەندەوە.
ئەوەی فەرەنسا لە وڵاتانی تر جیا دەکاتەوە، بەهێزیی سەندیکایە؛ هەموو چین و توێژێک چەند سەندیکایەکی سەربەخۆیان هەیە، چ لە کەرتی تایبەت و چ لە کەرتی گشتیدا. سەندیکاکان زۆر بەهێزن، کاتێک بڕیاری مانگرتن دەدەن لە هەندێک سێکتەردا، وەک: سێکتەری هاتوچۆ و شەمەندەفەر... ئەو وڵاتە لە پەلوپۆ دەخەن، بەتایبەتی لە پاریس و شارە گەورەکاندا. سیستمی فەرەنسا، زۆر مەرکەزییە و سەرچاوەکەی پاریسە. پاریسیش وەک چالاکترین شار لە ئەوروپا دەستنیشان کراوە، کە زۆرترین خۆپیشاندان و مانگرتنی تێدا دەکرێت.
لە فەرەنسا خوێندن لە هەموو قۆناغەکاندا بەخۆڕاییە، تەنانەت زانکۆش. هەندێک قوتابخانەی پرایڤت هەیە؛ وەک قوتابخانەکانی کاسۆلیک، هەندێکزانکۆش بە پارەیە. ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی دادەنرێت،یان گەورەترینە، یان دووەمە دوای بودجەی وەزارەتی سوپا.
مانگرتن و خۆپیشاندانی خوێندکاران تازە نییە، جگە لە خۆپیشاندانەکانی ئایاری ١٩٦٨، بە سەدان جاری تر خۆپیشاندانی گەورە کراوە؛ هەموو چەند ساڵێک خۆپیشاندانی گەورە دەکرێت بۆ باشترکردنی خوێندنگەکان، ئاسانکردنی پرۆگرامی خوێندن، زۆرکردنی ژمارەی مامۆستا، کەمکردنەوەی ژمارەی خوێندکار بۆ هەر پۆلێک، دامەزراندنی سەرپەرشتیار، پەرستار، توێژەری کۆمەڵایەتی، هەندێک جار بۆ لابردنی هەندێک یاسای خوێندن...
لەو خۆپیشاندانە گەورانەی خوێندکاران کە ئەنجام دراون، لە ساڵانی: ١٩٨٧، ١٩٩٠، ١٩٩٨، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٨ هەر جارەی هەزاران بەشداربوورژاونەتە سەر شەقامەکان.
بەگشتی، گەنجی ئێستا لە فەرەنسا لە دڵەڕاوکێدایە، هەرچەندە ئەم نەوەیەنەوەی مۆبایلی زیرەک و تەکنەلۆژیان، بەڵام بە هاتنی زیرەکیی دەستکرد،دەترسن لەوەی نەتوانن دواڕۆژی کاریان مسۆگەر بکەن.
بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر گەنجان کراوە، تا ژێر تەمەنی هەژدە ساڵی، لە سەدا هەژدەی گەنجان حەز بە مردن دەکەن و یەک لەسەر حەوتی ئەو ژمارەیە جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە، کە لە سەدا سییانمێیەن. ئەم ژمارانە ترسناکن و دەرخەری ئەوەن کە گەنج بە چ نائارامییەکدادەڕوات.
لە دەستپێکی ئەمساڵی خوێندندا لە فەرەنسا، بە یاسا بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ قوتابخانە (لە سەرەتاییەوە تا دواناوەندی) قەدەغە کرا. گەنجی ئالوودە بەمۆبایل، کاتێک لێی وەردەگرن و هەست بە بۆشایی دەکات و نازانێت چۆن کاتەکەی بەسەر ببات! ئیتر هەست دەکات قوتابخانەکەی لە زۆر شتی کەمە و ناشرینی و خراپیی شتومەکەکان دەبینێت، هەر لە مێز و کورسی، ئاو و ئاوەڕۆ،گەرما و سەرمای پۆلەکان و نەبوونی مامۆستا و سەرپەرشتیار و...
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا خوێندکاران دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان، بەڵام بۆ رۆژی شەممە، ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، خوێندکاران لەگەڵفەرمانبەران، چەند سەندیکایەک، هێلەک زەردەکان و پارتی (فەرەنسا خۆناچەمێنێت)، کە پارتێکی رادیکاڵە و هەندێک پارتی چەپ و ژینگەش بڕیاری خۆپیشاندانی گشتییان لە سەرتاسەری فەرەنسا دا. لەنێوان ٥٠٠ هەزار بۆ ٨٠٠ هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان بۆ باشکردنی توانای شتکڕین. لە سەرەتادا خۆپیشاندانەکان ئاسایی بوون، وەک زۆربەی زۆری خۆپیشاندانەکان، بەڵام هەر زوو کۆمەڵێک کەسی دەمامکدار دەکەونە شەڕ لەگەڵ پۆلیس و تێکدانی شارەکان، ئەم دیاردەیە هەر هەبووە و تازە نییە. لە خۆپیشاندانەکانی ئایاری ١٩٦٨، شەقامی سانت میشێلی نزیک لە زانکۆی سۆربۆن، کە شەقامەکە بە خشت داڕێژرابوو، ئەو خشتانە بوون بە دەستکەلا بەدەست خوێندکارانی خۆپیشاندەرەوە و شەڕیان پێ کردووە.
ئەوەی لەم خۆپیشاندانەدا تازەیە؛ هێز و ژمارەی ئەو دەمامکدارانەیە، کە تا دێت لە زۆربووندان و توندوتیژتر دەبن.
رۆژی شەممە، ژمارەیان بەراورد بە ژمارەی پۆلیس، بەتەواوی زۆر بووە. بەپێیگوتەی وەزیری ناوخۆ، لۆرۆن نوێز، هەر پۆلیسێک بەرانبەر بە سیازدەخۆپیشاندەر بووە. جگە لە ژمارەیان، زۆر پەرشوبڵاون و گێژاویان دروست کردووە و پۆلیسیان ناچار کردووە بۆ گرووپی بچووک دابەش بن. دەمامکدارەکان بەرد، کوتەک، گاز و تەقەمەنیی فیشەکەشێتەیان بەکار هێناوە. جاران لە کۆتایی خۆپیشاندانەکاندا پەنا دەبرا بۆ توندوتیژی، ئەم جارەیان هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکەوە دەستیان پێ کردووە.
پۆلیس کۆنترۆڵی لە دەست داوە و دەمامکدارەکان باڵادەست بوون.
لە چەند شوێنێک کەوتوونەتە شکاندن و بڕینی شوێنە بازرگانییەکان، لە ئەنجامدا لەنێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ دوکان لە سەرتاسەری فەرەنسا شکێنراون وتاڵان کران و سووتێنراون. راستە هەندێک لەوانە بازرگانی گەورەن، بەڵام زۆریان بازرگانی بچووکن، بە هەزار حاڵ دەتوانن مانگانەیان دەربهێنن. لە فەرەنسا سیستمی بیمە هەیە و هەموو بازرگانێک بازرگانییەکەی تەئمین دەکات، بەڵام ئەمەش جۆری زۆرە و قەرەبووەکە دەگۆڕێت لە قەرەبووکردنەوەی باش تا کەم. کەمن ئەوانەی رێژەی قەرەبووکە تەواوی زیانەکە بگەڕێنتەوە و ئەو گەڕاندنەوەیەش، یەکسەر نییە و کات و کاری دەوێت.
لە کۆتایی رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، ٦٠٠ پۆلیس بریندار بوون، دوو هەزار کەس گیراون بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیارە ئەم جارە زوو دادگایی بکرێن و وەک جاران دوانەخرێت، بۆ ئەوەی رۆژی 5ی مانگی تشرینی دووەم، کە دانراوە جارێکی تر خۆپیشاندان بکرێتەوە، چاوترسێن بن و هەمان ئاژاوە و تێکدان روو نەداتەوە.
هەر لایەنە و هۆکارەکەی بۆ لایەک گەڕاندەوە:
- ترەمپ، لە دوورەوە گوتی خەتا لە و هەموو بێگانەیە کە فەرەنسا دەرگای بۆ کردوونەتەوە.
- راستڕەوی رادیکاڵی؛ بۆ بێگانە و بیرکردەوەی مێگەل کە لە نێویاندا هەیە.
- راستڕەوەی میانڕەو؛ بۆ هاندانی پارتە چەپە رادیکاڵەکان.
- چەپی رادیکاڵ؛ بۆ حکومەت، کە وای کردووە ژیان قورس بێت و توانای شتکڕین نزم بێت و پارەی مووچەخۆری بچووک کەمە وبەشی ژیانی ناکات.
فەرەنسا لەو چەند ساڵەی دواییدا باری ئابووریی زۆر بەرەو خراپی رۆیشتووە.خۆپیشاندانەکانی هێلەک زەردەکان لە ٢٠١٨-٢٠١٩ و درێژخایاندنی ئەم خۆپیشاندانانە، کاریگەری لەسەر بەرهەمی نێۆخۆ کرد و جگە لە تێکدان،رێگریی زۆر کرا لە هاتوچۆی بازرگانی. هاتنی کۆڤید و خۆدوورخستنەوە بوو بەهۆی زۆربوونی بێکاری و ئیفلاسکردنی بەشێکی باش لە بازرگانانی بچووک. شەڕی ئۆکرانیا، بوو بەهۆی گرانبوونی بەشێکی زۆر لە خواردن و سووتەمەنی.پاشان گرتنی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی سووتەمەنی و زیاتر گرانبوونی بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمەریکا. مایەپووچبوونی هەندێک بازرگان و رۆیشتنیهەندێکی تریان بۆ دەرەوەی فەرەنسا و هەڵاوسانی ئابووریی جیهانی و پەیوەندیی خراپی ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر بازرگانیی نێوانیان و دەیان هۆی تر، بوون بەهۆی کێشە بۆ ئابووریی فەرەنسا. فەرەنسا زۆر قەرزارە بەهۆی خەرجکردنی زۆرینەی بودجەی بۆ سێکتەرە گشتییەکانی وەک بیمەی تەندروستی، خانەنشینان، بیمەی بێکاری و یارمەتی خێزان... ئەو قەرزانە ساڵانە بەهۆی قازانجی زۆرەوە زۆرتر دەبن. بۆ ئەمساڵ، قەرزی نیشتمانیی فەرەنسا ١١٩٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیەتی. هەموو وەزارەتەکانیش داوای بەرزکردنەوەی بەشە بودجە دەکەن، ئەمەش لە توانای حکومەتدا نییە. هەندێک لایەن حکومەتی ماکرۆن بە بێدەسەڵات و هەندێکیش دەڵێن بۆ رازیکردنی چەپە و چەپەکانیش دەڵێت بۆ رازیکردنی سەرمایەداران، هەندێکیش تریش بۆ خراپیی بەڕێوەبردن و خراپیی دابەشکردنی دەگەڕێننەوە.
کێشەکە لە پەرلەمانی فەرەنسادایە، چونکە هیچ هێزێک زۆرینەی نییە و حکومەت لاوازە لە پەرلەماندا، هەر بڕیارێک دەردەکات، هێزی چەپی رادیکاڵ و راستی رادیکاڵ دژی دەوەستن، بەوەش حکومەت تووشی ئیفلجی بووە و هیچ چارەسەرێکی بەدەستەوە نییە.
ساڵی داهاتوو و دوای شەش مانگی تر، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکرێت، بۆیە هەموو لایەنەکان کەوتوونەتە خۆ و قۆستنەوەی باری خراپی خەڵکی فەرەنسی و خەستکردنەوەی زیاتری قوڕەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
PM:02:10:25/10/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی