سەرهەڵدانی پاریس لە نێوان ١٩٦٨ و ٢٠٢٦ دا

‌شێخ ئاری هەرسین

ئەم گوتارە توێژینەوەیەکی ئاکادیمی نیە. چونکە بەندە کەسێکی ئەکادیمی نیم و ئەو ئەرکە بۆ کەسانی ئەکادیمی بەجێدێڵم، لەبری ئەوە، ئەم گوتارە بەراوردێکی راگوزاریە لە نێوان سەرهەڵدانەکەی ١٩٦٨ ی پاریس و ئەمەی ساڵی ٢٠٢٦.


پاریس ١٩٦٨ ساڵی شەستەکان کوڵانی مەکینەی مۆدێرنیزمە لە ئەوروپا، سەرهاڵدانی شەپۆلی دوهەمی فێمێنیزم و کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر دوبارە پێناسەکردنی پەیوەندی هەردو رەگەز لە کۆمەڵگە، سەرەتای سەرهەڵدانی هەندێک راگەیاندنی پڕ ویژدان، ئاگاهی ) فەردانیەت (پەرەسەندنی تێگەیشتنێکی سۆسیال دیموکراتیانە بۆ مارکسیزم و بابەتی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، هەر یەک لەم بابەتانەو هەموشیان بەیەکەوە کاریگەری رادیکاڵیان لەسەر بیرکردنەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هونەر و ئەدە بیات و دواجار لەسەر سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی هەبو. وەک ئەوەی بڵێی ڕێنێسانسێکی خنجیلانە بێت وایە.


ئەمانە هەر موویان زادەی چوارچێوەی جوگرافیای (سیاسی، کۆمەڵایەتی، عیلم و ئابوری) ئەوروپای ئەو سەردەمە بون، بەڵام ئەمە هەمو چیرۆکەکە نیە، جەنگی نابەرابەری ئەمەریکا و ڤێتنام، کە تێیدا بە بەرچاوی کۆمەڵگەی بەشەریەوە خاکی میللەتێکی کەم دەسەڵات و لاواز لە لایەن زلهێزێکی وەک ئەمەریکاوە هێرشی دەکرایە سەر و خۆی لە لوتکەی ناعەدالەتی و نابەرابەریا دەبینیەوە و داکۆکی کردن و شەڕی لەسەرخۆکردنەوەی ڤێتنامیەکان بە سەرکردایەتی هۆشی مین (بە ئافرەت و پیاویانەوە( کاریگەری قوڵ و جددی لەسەر ویژدانی رای گشتی ئەوروپیەکان هەبوو، سیمبۆلیزمی شۆڕشگێڕانەی ئێڕنێستۆ چێ گیۆڤارا لە لاتین ئەمەریکا سەرتاسەری ئەوروپای داگیر کردبو، ئەمانە کاریگەری دەرەوەی ئەوروپابون کە (لەگەڵ ئەوانەی پێشتر لەسەر ناوخۆی ئەوروپا باسمان کرد) هەل و مەرجی ساڵانی ٦٠ سەدەی ڕابوردوی ئەوروپای کردبووە کەش و هەوای یاخیبون و شۆڕش.


سەرهەڵدانی ١٩٦٨ـی پاریس لەو هەل و مەرجەدا روویدا، من ناچمە ناو وردەکاری چۆنیەتی دەستپێک و سەرکردایەتیی سەرهەڵدانەکە و پەرەسەندنی، چونکە ئەوکات قسەکانم لە گوتار دەردەچێت و فۆڕمی تری نووسین بە خۆیەوە دەگرێت، تەنیا ئەوەندە دەڵێم، هۆکاری ئەوەی کە لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندنەکانی ساڵی ١٩٦٨ـی پاریس وێنەی هۆشی مین (سەرۆکە شۆڕشگێڕەکەی ڤێتنام) و چێ گیۆڤارا بە گەورەیی دەشەکایەوە، ئەو بارودۆخە بوو کە باسمان لێکرد.


دەکرێت سەرهەڵدانی پاریس وەک تەقینەوەی تەوقیتێکی (سیاسی - کۆمەڵایەتی) گەورەتریش تەماشا بکرێت، ئەم سەرهەڵدانە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی خوێندکاران و کرێکارانی وڵاتانی تریش لە ئەوروپا هەبوو، وەک ئەڵمانیا، بەلژیک و ئیتالیا، لەمانە سەروتر، سەرهەڵدانەکە کاریگەری لەسەر خێراکردنی ڕیفۆرمەکانی دوپچێکیش لە چیکۆسلۆڤاکیا هەبوو.

پاریسی ٢٠٢٦ ئێستا و ساڵی ١٩٦٨ لێکچوونیان لە نێواندایە، بەڵام جیاوازیشن، بە هۆکاری جەنگی ئۆکرانیا و گرانبونی بەرهەمەکانی گەنم و گاز، هەروەها جەنگی ئەمەریکا و ئێران، گیرفانی فەڕەنسیەکان هەژاربووە، ئەم هەژاریە کاریگەری لەسەر هەمو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە کردووە، سەنگی ١٠٠ یۆرۆی پێشتر ئێستا بوە تە ٥٠ یۆرۆ، لە لایەکی ترەوە ئێستا زەمەن گۆڕدراوە و ئاستی زانیاری و زانینی ئینسانەکان مەرج نیە رۆشنبیری (بەرەو خوار شۆڕبۆتەوە، لە ئێستادا کرۆکی سەرهەڵدانەکە خوێندکاران نین، بەڵکو قوتابیانن… بۆچی؟… چونکە قوتابیانی سەردە می ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا هەست بە لاوازی توانای کڕین و مەسرەفکردنی باوک و دایکیان دەکەن، لەڕێی ئینتەرنێتەوە و بە کلیکێک، هەموو چرکەیەک پڕچەکن بە زانیاری، جیاوازیش لە ساڵی١٩٦٨، لە ئێستادا ئەو جەنگە ساردەی خورهەڵات و خۆرئاوا لە ئارادا نیە، بەڵام تەبیعەتی ئینسان رەگێکی یاخی بوون و شۆڕشگێڕێتی تێدایە (بێگومان هەموو ئینسانێک نا) ئەم تەبیعەتە هەر لە ئەزەڵەوە پێناسەکراوە (قەزیەکەی ئادەم و حەوا و درەختە سێوەکە).

وەک سەرهەڵدانەکەی ١٩٦٨، ئەمەش هەمو چیرۆکەکە نیە، لە ئێستادا شەڕی ڤێتنام و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕان لە لاتین ئەمەریکا لە ئارادا نیە، کەس هۆشی مین و کەسیش چێگیۆڤارا نیە، راستە زەمەن گۆڕدراوە، بەڵام لێکچوون لەگەڵ ١٩٦٨ هەیە، وێرانکاریەکانی ئیسڕائیل لە غەزە و کوشتنی ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە، پەناگایەکی ئارامە بۆ ئەو کەسانەی کە بایی تۆزقاڵە زەڕەیەک ویژدانی ئینسانیان تێدا مابێت (هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراقی عەرەبی بایی تۆزقاڵە زەڕەیەک بەرامبەر بە کورد ویژدانیان نەبووە).

خەم و ئازاری خەڵکی غەزە (مەبەستم خەڵکە، نەک رێکخراوی حەماس) گۆڕانکاریی بەسەر وەزعەکەدا هێناوە، لە سەرهەڵدانی ٢٠٢٦ـی پاریسدا (کە بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر هەندێک وڵاتانی تری ئەوروپا دەبێت) ڤێتنام غەزەیە بە هەمو دەرهاویشتەکانیەوە و بە لەچکەکەی سەر پەیکەرەکەی ژانێدارکیشەوە، لەبری پۆستەرەکەی چێگیۆڤاراش ئاڵای فەڵەستینە، بۆیە لەچکەکەی سەر پەیکەری ژانێدارک، سیمبۆلێکی دەربڕینی ئینسانە بۆ نادادی ئەم سەردەمە و زۆر کەمتر تەعبیرە لە بیرو بۆچونێکی سیاسی دامەزراو.


AM:12:10:20/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی