بۆچی سووکایەتیی بە باوەڕی ئایینیی گەلەکەت دەکەیت؟
نووری بێخاڵی
نووری بێخاڵی
تۆ کە بڕیارت داوە دژی ئیسلام (یان هەر ئایینێکی تر) بیت و ڕەخنەی لێ بگریت، خۆت لەسەر ئەوە یەکلا کردۆتەوە، کە ئاخۆ دژی ئایینەکە و باوەڕی باوەڕدارەکانییت یان دژی مێژوو و ئەزموونی حوکمڕانی و کەلەپووری ئایینەکەیت؟ ڕەخنە لە جەوهەری ئایینەکە دەگریت یان لە ڕاڤە و و شرۆڤەی ڕاڤەکاران و موجتەهیدەکانی؟
بۆ نموونە، ئایا دروستە بەرمەبنای ڕقت لە عەرەب و بەناوی دژایەتییکردنی گوتاری توندڕۆی ئایینی و گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستییەکان، سووکایەتیی بە باوەڕی موسڵمانانی گەلەکەت بکەیت؟ ئایا پێتوایە هەرچی موسڵمانی جیهان هەیە، هەمووی توندڕۆ و پەڕگیر و تیرۆریستە؟
بەهەرحاڵ، تۆ کە لەودیو ماسکی فشە کوردایەتی، سکۆلاری ساختە و بەناوی دژایەتیی عەرەب و توندڕۆیی و تیرۆرەوە سەنگەرت لە ئیسلام گرتووە، سەنگەرگرتنێک تا ئاستی ڕووشاندنی هەست و باوەڕی ئایینیی موسڵمانانی گەلەکەت و سووکایەتییکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکەیان، خراپ نییە سەرنجێکی ئەم زانیاری و ئامارانە بدەیت، هەرنا بۆ ئەوەی خۆت لەسەر وەڵامی پرسیارەکانی پێشەوە یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی دوا ئامار و خەمڵاندنی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە (ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەنتەری توێژینەوەی پیو Pew Research Center و دەزگاکانی دیکەی ئامار):
* کۆی دانیشتووانی زەوی نزیکەی 8.1 بۆ 8.2 ملیار کەسە و لەو ڕێژەیەش، ژمارەی موسڵمانان نزیکەی 1.9 بۆ 2.0 ملیار کەسە. بەمەش ڕێژەی موسڵمانان لە جیهاندا نزیکەی %24.5 بۆ %25ی کۆی دانیشتووانی زەوی پێک دەهێنن.
* وەکووتر، ژمارەی عەرەب نزیکەی 450 بۆ 470 ملیۆن کەسە لە سەرانسەری جیهاندا، کە دەکاتە نزیکەی %5.5 بۆ %5.7 لە کۆی دانیشتووانی زەوی و لە کۆی موسڵمانانی جیهانیش ڕێژەکەیان نزیکەی %20 بۆ %22ە (واتە زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانانی جیهان عەرەب نین).
ئینجا؛ هەموو عەرەبێک موسڵمان نییە. چونکە لەناو نەتەوەی عەرەبدا ئایینی دیکەی وەک (مەسیحی، دوورزی و هی تر) هەن. بەمەش ڕێژەی موسڵمانان لەناو خودی عەرەبدا نزیکەی %93 بۆ %94ە و ڕێژەی پەیڕەوانی ئایینەکانی تر (بە تایبەت مەسیحی)، نزیکەی %6 بۆ %7.
جگە لەمانە، گەورەترین نەتەوە و گەلە موسڵمانەکان، ناعەرەبەکانن، کە بەشی هەرە زۆریان لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەژین، لەوانە:
* گەلانی بەنگالی (بەنگلادیش و هیندستان)، 210 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی %11ی کۆی موسڵمانان.
* گەلانی ئیندۆنیزی (جاوا، سوندانی و هی تر)، 205 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی %10.5.
* پەنجابی و گەلانی پاکستان (پەشتون، سیندی)، 200 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی %10.
* هیندییە موسڵمانەکان (نەتەوە جیاوازەکان لە هیندستان)، 200 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی %10.
* تورک (تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست)،80-90 ملیۆن موسڵمان، بە نزیکەیی %4.5.
* فارس و گەلانی ئێران، 80 ملیۆن موسڵمان، کە دەکاتە نزیکەی %4.
* کورد: 35 بۆ 40 ملیۆن موسڵمان، نزیکەی %2.
ئینجا؛ بەپێی توێژینەوە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی وەک CSIS، ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانی چالاکی ڕەوتە توندڕۆ و تیرۆریستییەکان (ئەلقاعیدە، داعش و هاوشێوەکانیان) زۆر کەمترە لە %1ی کۆی موسڵمانانی جیهان.
ڕوون و ڕاشکاوتر؛ بەپێی توێژینەوە و ئامارە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر ئاستی تەواوی ژمارەی موسڵمانانی جیهاندا (کە نزیکەی 1.9 بۆ 2.0 ملیار کەسن)، بەراوردی ژمارە و ڕێژەی موسڵمانی ئاسایی و نەریتیی بەرامبەر ئەندام و لایەنگرانی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان (میانڕەو، توندڕەو و تیرۆریستی) بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
* موسڵمانانی ئاسایی و نەریتی (ناحیزبی)، 1.83 بۆ 1.93 ملیار کەسە، کە دەکاتە %96.5 بۆ %98.
* حیزبە ئیسلامییە میانڕەوەکانی کێبڕکێکاری سیاسیی وەک حیزبە ئیسلامییە دانپێدانراوەکانی وڵاتانی (تورکیا، ئەندونیزیا، جەزائیر، تونس، عێراق، پاکستان و هی تر)، 30 بۆ 60 ملیۆن (دەنگدەر، لایەنگر و ئەندامی فەرمی)یان هەیە، کە دەکاتە %1.5 بۆ %3.
* ڕێکخراوە توندڕەوە ناچەکدارەکان و هێزە پەڕگیرەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی وەک (حیزبی تەحریر و ڕەوتە سەلەفییە پەڕگیرە بێچەکەکان)، 2 بۆ 5 ملیۆن کەسن، کە دەکاتە %0.1 بۆ %0.25.
* بەپێی زانیاری و ئامارەکانی دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستی و چەکدارە جیهادییەکانی وەک (داعش، ئەلقاعیدە، شەباب، بۆکۆ حەرام و تاقمە جیهادییە چەکدارەکانی تر) 150,000 بۆ 350,000 کەس دەبن، کە دەکاتە %0.01 بۆ %0.02.
هاوکاتی ئەمانە و بەپێی توێژینەوە و خەمڵاندنە دیمۆگرافی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە (Pew Research Center)، ڕێژەی موسڵمانانی گەلی کورد نزیکەی %80 بۆ %85ە (لە هەندێک سەرچاوەی ناوچەییشدا تا %90-95 دەخەمڵێندرێت)، کە زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە مەزهەبی سوننەن، لەگەڵ کەمینەیەکی دیاری شیعە مەزهەب.
ئەمەو ڕێژەی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی تر (ئێزدی، یارسان/کاکەیی، عەلەوی، زەردەشتی، مەسیحی) و ئاتاییستەکان (بێ ئایینەکان) لەناو کورددا نزیکەی %15 بۆ %20ە.
ئەوەی پەیوەندیشی بە بەراوردی ڕێژەی موسڵمانی ئایینداری ئاسایی و نەریتی و ئەوانەی پابەندی و ئینتمایان بۆ ڕەوتە سیاسی و چەکدارییە ئیسلامییەکان لەناو کورددا هەیە، ئەوا لە کۆی دانیشتووانی کوردی موسڵمان لە سەرانسەری کوردستان و دیاسپۆرا، کە نزیکەی 35 بۆ 40 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێن، دابەشبوونەکە بەم شێوەیەیە:
* موسڵمانانی ئاسایی (ناپەیوەندیدار بە حیزبە ئیسلامییەکان بە میانڕۆ و توندڕۆ)، نزیکەی %90 بۆ %95ی کۆی موسڵمانانی کوردن. ئەم توێژە بە شێوەیەکی نەریتی و کۆمەڵایەتی پەیڕەوی لە ئایین و سرووتەکانی دەکەن، ئەمەو بەبێ ئەوەی ئەندام یان چالاکی ڕێکخراوەیی حیزبە ئیسلامییەکان بن، تەنانەت بەشێکی زۆریان لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە حیزبە سێکۆلار یان نەتەوەییەکان دەدەن.
* ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکانی وەک (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی یان ڕەوتە ئیسلامییە ڕێگاپێدراوە سیاسییەکانی تر)، کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، کۆی دەنگ و ئەندامانیان نێوان 250,000 بۆ 400,000 کەسە، کە دەکاتە نزیکەی %3 بۆ %5.
* هەر بەپێی ئامارە ئەمنییەکان، ژمارەی چالاکوانانی چەکدار یان شانە نووستوو و نادیارەکانی ڕەوتە توندڕۆ و چەکدارییە سەلەفی/تیرۆریستییە ژێرزەمینییەکان (گرووپە پەڕگیر و کەرتکراوەکانی هاوشێوەی پاشماوەکانی ئەنسارولئیسلام، یان ئەوانەی پەیوەندییان بە داعش و گرووپە جیهادییەکانی ترەوە کردووە) زۆر کەمە و لە چەند سەد بۆ بڕێک هەزار کەس تێپەڕ ناکات، واتە ڕێژەی زۆر کەمتر لە %0.1 (سەدا سفر پۆینت یەک)ی کۆی موسڵمانانی کورد پێک دەهێنن.
بەکورتی:
* زیاتر لە %96ی موسڵمانانی جیهان بە شێوەی نەریتی، ڕوحی، پەیڕەوی لە ئەرک و سرووت و ڕێوڕەسمی ڕۆژانەی ئایینییەکانیان دەکەن و بە هیچ جۆرێک ئەندام، لایەنگر یان بەشداربووی هیچ حیزب یان بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئیسلامی نین.
* حیزبە میانڕەوەکان تەنها لەو وڵاتانەدا هەن، کە پرۆسەی هەڵبژاردن یان کاری حیزبی تیایاندا ئازاد و کراوەیە؛ لەمەشدا ژمارە و ڕێژەی دەنگدەرانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاد یان کەم دەکەن و ڕێژەیەکی کەمی کۆی موسڵمانان پێک دەهێنن.
* گرووپە تیرۆریستییە دەستبەچەکەکان تەنانەت لە %0.02 کەمتریشن، واتە لە سەدا سفر پۆینت سفر دووی کۆی موسڵمانانی جیهان پێک دەهێنن.
ئێستا پرسیار ئەوەیە:
تۆ کە سووکایەتی بە باوەڕی ئایینیی زۆرینەی گەلەکەت دەکەیت، دەتەوێت چی بڵێیت و بە نیازیت چی بچنیتەوە؟
دەتەوێت بڵێیت ئەمەم لەبەر ڕقی عەرەب و تورک و فارسی داگیرکەری کوردستانە، ئەی گەلانی دیکەی موسڵمان چی؟
دەتەوێت بەمە شکۆمەندیی کوردایەتی یان شانازیی سیکۆلاربوون بچنیتەوە؟ دەی لە دۆخێکی وادا کوردایەتییەکەت و سیکۆلاربوونەکەشت ساختە و نەخۆشن و لە جەوهەردا سووکایەتی بە خودی ئەم دووانەیش دەکەیت؟
نەکا هێشتا لە ئەشکەوتی تاریکی مێژوو بەجێمابیت و مەست و مەدهۆشی ئاوازی نەشازی ئەو قەوانە سواوە بیت، کە گوایە کورد بەهۆی موسڵمانبوونیەوە نەبووەتە دەوڵەت؟ ئێ خۆ لانیکەم بەدرێژای سەت ساڵی ڕابردوو، کورد قوربانیی بوون و ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیەتی، نەک ئایین و مەزهەبەکەی. ئاخر لە ڕابردوو و ئێستاش، داگیرکەرانی کوردستان لەسەر کوردبوون و دەستگرتنی بە کوردستانی نیشتمانیەوە، کوردیان چەوساندووەتەوە و دەچەوسێننەوە، نەک لەبەر ئەوەی لەسەر فڵانە ئایین یان فیسارە مەزهەبە؟
مەعقوولە تۆ خۆت لە (لۆک، سپینوزا، ڤۆڵتێر، کانت، میل، ڕۆڵس، تایلۆر، هابرماس…)و دەیان بیرمەند و فەیلەسووفی دیکە بە سکۆلارتر بزانیت و ئەم سووکایەتیکردنەت بە باوەڕی ئایینیی زۆرینەی بێوەی گەلەکەت، بە کوردایەتی، ئازادیخوازی و مرۆڤسالاری بە خەڵک و خوا بفرۆشیتەوە و پۆزی (تۆلێرانس!)یش لێ بدەیت؟
PM:12:29:17/10/2026
ئهم بابهته 28
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی