هونەری گونجاندن، کورد لە دۆخی شەڕی دەستکەوت و شەڕی مانەوەدا
فارس نەوڕۆڵى
کورد بە ویستی خۆی دابەش نەبووە بۆ چوار پارچە و تێکەڵ بە سێ نەتەوەی جیاواز نەکراوە. دەسەڵاتدارانی ئەو نەتەوانە هەموو ڕێگەیەکی توندوتیژییان گرتووەتە بەر بۆ توانەوەی کورد؛ لە بەرامبەردا، کورد بە قوربانییەکی زۆرەوە شەڕی مانەوەی کردووە و توانیویەتی لە شەڕی بووندا سەرکەوتوو بێت.
لە مێژووی خەباتی پارچەکانی کوردستاندا، هەر پارچەیەک بەپێی توانا هاوکاریی پارچەکەی دیکەی کردووە، ناوەناوەش بوونەتە سەرئێشە بۆ یەکدی. ئەمەش بە ویستی خۆیان نەبووە، بەڵکو سەپاندنی واقیعی حال بووە. لە مێژووی ئەم خەباتەدا و پاش قوربانییەکی زۆر لە باشوور، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزران. بە هەموو پێوەرەکان، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگە و پاڵپشتێکی گەورە بۆ پارچەکانی دیکە.
لە چوارچێوەی گونجاندنی سیاسی و ئاسایش و سەربازیدا، بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە کۆبانێ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا لە شەڕەکانی ئەم دواییەی سوریادا، لەگەڵ پاڵپشتیی ئەرێنیی گفتوگۆکانی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا، نموونەی زیندوون. سەرکردایەتیی باکوور و ڕۆژئاوا خۆیان چەندین جار ئاماژەیان بە ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەمەش ئەو ڕاستییە چەندبارە دەکاتەوە کە ڕەهەندەکانی خەبات لە هەر جوگرافیا و پارچەیەکدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بۆیە لە قۆناغە هەستیارەکاندا، تێگەیشتن لەوەی کە هەر پارچەیەک بەپێی ئەوەی دەگونجێت جووڵە بکات، کلیلی سەرەکییە بۆ ڕێگری لە هەڵەی ستراتیجی.
لێرەدا ئەو ڕاستییە دەسەلمێت کە پاراستنی هەرێم، دروستنەکردنی سەرئێشە بۆی پاڵپشتە بۆ قووڵایی ستراتیجی و هێزی پارچەکانی دیکە. لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان بەپێی واقیعی سیاسیی هەر پارچەیەک، یارمەتیدەرە بۆ شێوازی خەبات لەو پارچەیەدا. بەڵام دەبێت براکانمان لە هەر پارچەیەک دەرکی ئەوە بکەن ، کە دڵنیاشم دەرکیان کردووە ، کە هەرێمی کوردستان خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بانکی نێودەوڵەتی نییە تا خۆی پێ بپارێزێت لەکاتی جەنگە گەورەکاندا، بەڵکو تەنیا زمانی دیپلۆماسی و هێزی نەرم و ڕاگرتنی هاوسەنگیی بەدەستەوەیە بۆ خۆپاراستن، و تا ئێستاش جوان یاریی کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە "دیداری مێری"دا، بەڕێز سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە براکانمان (ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات) لە کاتی شەڕەکەدا بووبوونە سەرئێشە بۆ هەرێم. لە هەمان کاتدا گوتی: "بە هەموو ئەو وڵاتانەمان گوتووە کە کوردیان تێدایە، ئینکارکردنی بوونی کورد و دانپێنەنان بە مافەکانیان بەپێی هەلومەرجی وڵاتەکەتان، کێشەکانتان قووڵتر دەکاتەوە. بۆیە پێویستە بچنە قۆناغی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردیدا."
بەشێک لە براکانمان لە ڕۆژهەڵات نیگەران بوون، کە مافی خۆشیانە لەو هەلومەرجە سەختەی ئەوانی تێدایە نیگەران بن و چاوەڕوانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، لەهەمان کاتدا هێزوتوانای هەرێم لەبەرامبەر ئەوهێزە گەورانەدا لەبەر چاو بگرن ، لە هەمان کاتدا دڵنیا بن سەرۆکی هەرێم، هەرچۆن هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا خستووەتە گەڕ، دۆزی ڕۆژهەڵاتیش بە هەمان بیرکردنەوە دەخوێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی هەرێم.
ئێستا ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاگری شەڕ بووەتەوە؛ هەر دەوڵەت و هێزێک شەڕ بۆ دەستکەوتەکانی دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان و کورد لەبەردەم دوو شەڕدایە: شەڕ بۆ دەستکەوت و شەڕ بۆ مانەوە. بۆیە هەنگاوی سەرەکی، پێویستبوونمانە بە پرۆسەی ئاگربڕ (یان ئاگریڕە). بۆئەوەی ئاگری شەڕ ماڵی کورد نەسوتێنێ ئەم پرۆسەیەش تەنیا بە هونەری گونجاندن بەڕێوە دەچێت و لەم دۆخەدا "مانەوە بۆ گونجاوترینە".
بۆیە دڵنیام هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات عەقڵانی و دوور لە سۆزداری بیر دەکەنەوە. هەموویان شارەزای بیرکردنەوە وواقیعبینی و دووربینیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن و دەزانن چی دەڵێت، لە کوێدا دەیڵێت و بۆچی دەیڵێت. ئەو بەڕێزانەش کە لەژێر کاریگەریی سۆزداری یان هەر بابەتێکی دیکەدا نیگەرانن، دڵنیام لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە سەرۆکی هەرێم لەم هەلومەرجەدا بۆ وا دوا. دواجار دەبێ بزانین، سۆزداريی سیاسی جیاوازە لە بیرکردنەوەی سیاسی، و تیۆریی سیاسییش جیاوازە لە کرداری سیاسی، بەتایبەتی لە دۆخی نائاساییدا.
PM:10:45:15/10/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی