تەنگەژەی رۆبۆتبوونی کادیر
کنێر عەبدوڵا
لە سیستمی سیاسی و کارگێڕیی هاوچەرخدا، کادیر و فەرمانبەران بڕبڕەی پشتی بەڕێوەبردنی هەر کۆمەڵگە و وەزارەت و ڕێکخراوێکن. ئەرکی سەرەکیی کادیر تەنها گواستنەوەی بڕیارەکان نییە، بەڵکو شیكردنەوە، ڕەخنەگرتنی دروستکارانە و پێشنیازکردنی چارەسەری نوێیە بۆ باشترکردنی دۆخەکە، بەڵام کاتێک سەیری ئەزموونی چەند ساڵەی ڕابردووی هەرێمی کوردستان دەکەین، دیاردەیەکی مەترسیدار بەدیدەکەرێت بەوەی زۆربەی کادیری حزبی و حکومی بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە رۆبۆتێک کەتەنها فەرمانەکانی سەرەوە جێبەجێ دەکات.
ڕوبۆتبوونی کادیر لە بۆشاییەوە نەهاتووە؛ بەڵکو بەرهەمی سستمێکی مەرکەزیی توندڕەوە. کاتێک ناوەندی بڕیار لە لوتکەی سەرکردایەتی یان حزبدا چڕدەبێتەوە، هەر جۆرە دەستپێشخەرییەک یان ڕەخنەیەکی ناوخۆیی وەک یاخیبوون یان بێوەفایی سەیردەکرێت. لەم کەشەدا، کادیر بۆ پاراستنی خۆی، پلە و پێگەو دەستکەوتەکانی هەڵدەبژێرێت وئامادەیە ببێتە ئامرازێکی جێبەجێکار .
بە نموونە؛ زۆرێک لە بەرپرس و کادیرانی ناو دامەزراوەکان کاتێک بڕیار یان بەیاننامەیەک لە باڵادەستەکانی سەرەوە دەردەچێت، هەمووان بە هەمان دارشتن و وشە دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەی، بێ هیچ تێبینی و رەخنەیەک گەر هەڵە و دژ بە بەرژەوەندییە گشتییەکانیش بێت. یان لە کۆبوونەوەکاندا، لەبری ئەوەی کادیران کێشەی واقعی خەڵک بە سەرەوە بگەیەنن، زۆربەیان هەوڵدەدەن تەنها بڵێن: «بەڵێ گەورەم ، ووڵات شامی شەریفەو هیچ کێشەیەک نییە و هەموان لەگەڵ بڕیارەکەی تۆدان!»
ئەم ڕەفتارە ڕێک وەک کۆدێکی بەرنامەرێژکراوی رۆبۆتێک وایە کە توانای دەستکاریکردنی پرۆگرامەکەی خۆی نییە.
ئەم بە رۆبۆتبونە بەهۆی سێ فاکتەری سەرەکییەوە دروستبووە: ئابووری (ترسی لەدەستدانی بژێوی و پلە)، دەروونی و کولتووری (تەماشاکردنی ڕەخنە وەک یاخیبوون و ترسی سزادان)، و سستمی (قۆرخکاریی حزبی و نەبوونی پشتیوانیی هاوکاران). ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر سێ کەرتی سەرەکی هەیە: لە میدیادا؛ بە بڵاوکردنەوەی هەمان داڕشتنی بۆداڕێژراو، لە پەروەردەدا؛ بە بێدەنگی بەرامبەر کەموکورییەکان، و لە تەندروستیدا؛ بە جێبەجێکردنی بڕیاری زیانبەخش.
دەرئەنجامی ئەم سستمە، کوژرانی داهێنان، دابڕانی سەرکردایەتی لە واقیع و پاشەکشەی متمانەی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە.
لەکاتێکدا کۆمەڵگەی زیندوو پێویستی بە تەپڵ لێدەر نییە، بەڵکو پێویستی بە مێشکی ڕەخنەگر و کاریگەر هەیە ،بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە چەق بەستوویی ڕزگاریان بێت، و مرۆڤەکان ببنە هاوڵاتی راستەقینەو هاوبەشی بڕیارەکان بن، دەبێت فەزایەک بۆ کادیران بڕەخسێندرێت کە تێیدا توانای بیرکردنەوە، پێشنیازکردن و ڕەخنەی بونیادنەر هانبدرێت، چونکە کادیر بڕبڕەی پشتی گۆڕانکارییە، ئەگەر بڕبڕەی پشت بشکێت یان بە ڕۆبۆت بێت، تەواوی جەستەی سستمی سیاسی و حکومڕانی ئیفلیج دەبێت، کۆمەڵگە فەوزا ئەبێت و تاکیش هەمیشە رەدوو دەکەوێت.
PM:01:42:15/10/2026
ئهم بابهته 744
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی