فسكەفسك
رهحمان غهریب
ساڵی 1999 كاتێك رۆژنامەنووسان گەمارۆی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكایان دابوو تا بزانن دانوستانە نهێنییەكانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سوریا گەیشتن بە كوێ؟ زانیاری نەدا، ئەو لە بیروەرییەكانیدا نووسیویەتی: ڕۆژنامەنووسان هاواریان دەكرد بۆ وەرگرتنی زانیاری پرسیاریان دەكرد، بۆ ئەوەی خۆم لە پرسیارەكانیان بشارمەوە، بە پەیامنێرانم وت: كە دانوستانەكانی ئاشتی وەك قارچك وایە، كە تەنها لە تاریكیدا گەشە دەكەن.
لە سێ هەفتەی رابردوودا دوو جار گوێم لە دەستەواژی فسكەفسك بوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەیادگاریی خۆی لەگەڵ مام جەلالدا ئەوەی گێڕایەوە "كاتێك كێشە هەبوو، دەیگوت وەرە با فسكەفسكێك بكەین"، هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا ووتی"ئەو كۆبونەوانە ئەنجامیان دەبێت كە فسكەفسكیان تێدایە".
نامەوێ فسكەفسكی كوردستانی لەسەر دەسەڵات و پارە، لە بابەتەكانی كێشەی نێودەوڵەتی وەك ئەوەی مەدام ئۆلبرایت شاردییەوە نزیك بكەمەوە، چونكە جیاوازییەكەی وەك جیاوازی قارچك و شووتی وایە، بەڵام دانوستانی نهێنی شتێكی نامۆ نییە، بە شاراوەیی دەمێنێتەوەو، كاتێك رادەگەیەنرێت كە پیشكەوتن لە لە گفتوگۆكاندا هەبن.
بەكارهێنانی دەستەواژەكە لەم رۆژانەدا ئاماژەن بۆ ئەو دیدارانەی لە سێبەردا و لە پشتی پەردەو دوور لەچاوی كامێراكان ئەنجامدەدرێن، كاك نێچیرڤان ئێمەی گەڕاندەوە بۆ دیدارەكان لە مێژووی ئەو دوو حزبە، كاك قوباد بۆ ئێستای پەیوەندییەكەو، مەبەستیش ئەوەیە كە چەندە كۆبونەوە بەئاشكرا بۆ چارەسەری پرسی سیاسی كراوە ئەوەندەش بە نهێنی و پشتی پەردە هەن.
فسكەفسك و چرپەی سیاسی یەكێتی و پارتی، هەندێ كادری هەردولای ئیحراج كرد لێدوانی ئاگرینیان (شێفت و دلیت) ناكرێ، یانی تەنها دەرخستنی مەوهیبەی دەنگ زلی و زۆرزانیی بوو دوریان دەخستینەوە لەسەر كێشەی سەرەكی كە دابەشكردنی دەسەڵات و داهاتە، هەندێ شرۆڤەو لێدوانیش بەناوی چاودێر و نزیكی ئەو دوو حزبە دەریانخست ئاگایان لە دونیا نییەو، پێویستیان بە ۆركشۆپە سەبارەت بە وانەكانی قوتابخانەی ریالیزمی سیاسی.
لەو ناو ئەم جەنجاڵییە سیاسییەی جیهان و ناوچەكەو كوردستاندا، لەناو ئەم قەیرانە توندەی ئابوری و لەناو ئەم بارودۆخە سەختەی جەنگدا، كە ماڵی كوردی تۆكمەو دامەزراو نییە گوتاری سیاسی كوردستانی دابەشبوون، جگە لە مێزی گفتوگۆ و دانوستان، با فسەكەفسكیش بێت، پێچەوانەكەی تونێلێكی سیاسیە ئەوسەری دیار نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەكەمی 2026 لە هەولێری پایتەخت دیداری مێری (MERI)یە، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی یەكێتی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، قسەكەرن و پرسیاریان لێدەكرێت، وا چاوەڕوانم كە هەندێ ئاماژەی گرنگی ئەو كۆبونەوە شاراوانە بخرێنە روو، یانی ئەوەی بە چرپەوە وتراون بێنە سەر ستەیجی دیدارەكە، هیوادارم.
AM:11:01:12/10/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی