شانۆی کوردی و پرسیاری سەردەم
خوێندنەوەیەکی هونەریی کورت بۆ نمایشی دڵی خۆم نییە لە سینەمدا
ئەرسەلان دەروێش
لە سەردەمی ئێستادا مرۆڤ لە قۆناغێکدا دەژێت کە تەکنەلۆژیا تەنها قاوغ و ڕووی دەرەوەی ژیانی نەگۆڕیوە بەڵکو قوڵ ڕۆچووە و دەستی بە ناو ناخی مرۆڤ گەیاندووە. ئەوەی لە سەدەکانی پێشوودا سنووری سروشت و قەدەر و ئەفسانە و خەیاڵی زانستی بوو، لە سەردەمی بایۆپزیشکی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. مرۆڤ چیتر تەنها ئەو بوونەوەرە زیندووە نییە کە لە ناو سنووری سروشتدا لە دایک دەبێت و دەژێت و دەمرێت؛ بەڵکو جەستەی بووەتە ماتریالێکی کراوە بۆ پشکنین، چاککردنەوە، دەستکاریکردن، گۆڕین و دووبارە پێکهێنانەوە.
پێشکەوتنی زانستی لە بواری پزیشکیدا بێگومان یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی؛ توانای چارەسەرکردنی نەخۆشی، ڕزگارکردنی ژیان، چاندنی ئەندام، درێژکردنەوەی تەمەن و کەمکردنەوەی ئازار بەشێکە لەو گۆڕانکارییە زانستییەی کە ژیانی مرۆڤی لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە. ئەم بینراوە شۆککەرە پرسیارێکی نوێ دێنێتە ئاراوە؛ پرسیارێک کە لە ڕەوتە زانستییەکە دەترازێت و تەنها پزیشکی نییە، بەڵکو فەلسەفی و ئەخلاقی و ئەنتۆلۆژییە. ئەگەر مرۆڤ بتوانێت جەستەی خۆی بگۆڕێت، ئایا دەتوانێت بنیاتی مرۆڤبوون و یادەوەری و تایبەتمەندییە خۆدییەکانی وەکو خۆی بپارێزێت؟
ئەم پرسیارە لەوێوە قوڵتر دەبێتەوە کە ئیمە جەستە تەنها وەکو کۆمەڵێک ئەندام و کارکردی بایۆلۆژی نەبینین. جەستە بۆ مرۆڤ شوێنی بیرەوەرییە، شوێنی پەیوەندییە، شوێنی خۆشەویستییە، شوێنی ئازار و شادییە. بۆیە کاتێک ئەندامێکی دەگۆڕدرێت، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئەندامەکە لە کوێوە هاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو گۆڕانکارییە لەو پەیوەندییە قوڵەی نێوان جەستە و (خود)دا کاریگەری هەیە؟
لەوێدا (دڵ) بە تایبەتی دەبێتە ئایکۆنێکی زۆر دەوڵەمەند لە زمان و کلتووری مرۆڤدا. (دڵ) بە تەنها ئەندامێکی جەستە نییە، دڵ هێمای خۆشەویستی و دلداری و ترس و یادەوەری و ژیان و بەڵێن و ونبوونیشە. لە زانستی پزیشکیدا دڵ ماسولکەیەکی گرنگە کە کارێکی دیاریکراوی فیزیۆلۆژی ئەنجام دەدات؛ بەڵام لە ئەزموونی مرۆییدا دڵ بە کۆمەڵێک مانای زۆر گەورەترەوە گرێدراوە.
هونەرمەند (دێرێن حامید)؛ نووسەر و ڕێژیسۆری ئەکادیمی و یەکێک لە دەنگە دەرکەوتووە نوێکانی بواری شانۆ لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەکادیمیست و بە ئەزموون و بەهرەمەند، لە میانەی تازەترین بەررهەمیدا نمایشێکی تایبەت بەم پرسە دەخاتە بەر دید و هزری بینەران بە ناونیشانی (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا). کە ناوەڕۆکەکەی تەنها باسکردنی دەستکەوت و پێشکەوتنی پزیشکی نییە بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەنگەشەکردنی ئەو ڕەهەندە فەلسەفییەی لە نێوان توانای پێشکەوتنی زانستی هاوچەرخ و بەها و بنەما ئەخلاقییەکانی مرۆڤ دروست بووە.
(دێرێن) کە لە ئێستادا خوێندکاری دکتۆرایە لە شانۆدا، پێشتر لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و کاری دەرهێناندا لە چەردەیەک نمایشی شانۆیی تواناکانی خۆی نیشانداوە (لەو شانۆگەرییانەی من بینیومە لە شاری سلێمانی و هەولێر: هاملیت ٢٠١٠، پاشا لە سەرەمەرگدایە ٢٠١١، هەڕەسی بەفر ٢٠١٣، ملوانکەی پچڕاو ٢٠١٨، هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە ٢٠٢٢، شیعری شەڕ و شەڕابی ئاشتی و کۆگای ژمارە چوار ٢٠٢٤). بەڵام ئەم ئەزموونەی ئێستای بە ڕای من سەرنجڕاکێشترە و جیاوازییەکەی لە سەر ئاستی دوو خاڵی دانسقەدا ڕەنگڕێژ بووە کە بریتییە لە:
1.گڵۆباڵی باباتەکەی: کە پەرهەسەندنی تەکنەلۆژیای پزیشکی و ئاڵنگارییە ئەخلاقییەکانی بەردەمی دەخاتە ناو کۆنتێکستی کۆمەڵگەی کوردییەوە.
2.هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک (Epic Theatre): وەکو فۆڕم و میتۆد بۆ دارشتنی گوتاری ئەم نمایشە. شانۆی ئێپیکیش وەکو بیرتۆڵد برێشت دایناوە، هەوڵ دەدات وەرگر لە ئاستی هاوسۆزیی ساده و باوەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی تێڕامان و بیرکردنەوە و پرسیارکردن و هاندانی وەرگر بۆ کاراکردنی ئاوەز و هەڵوێست وەرگرتنی ڕەخنەگرانه سەبارەت بەو پرسەی خراوەتە ڕوو...
(دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) بەرهەمی ناوەندی شانۆی تافە لە میانەی ئەو زنجیرە شانۆگەرییەی نمایش دەکرێت کە چەتری کلتووری سلێمانی پاڵپشتی دەکات. بە هاوکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤ەوە لە سەر تەختەی شانۆی بەدیعە دارتاش لە شاری سلێمانی پێشکەش دەکرێت. ئەم نووسینەش زادەی ئامادەبوونمە لە ڕۆژی یەکەمی ئەو نمایشەدا.
• شانۆگەری (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) نمایشێکە بە پێشکەشکردنی تێزێکی بینراو و فکری، سنووری تەماشاکردنی نەریتی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە لێکدانەوەیەکی وردی ئەو قەیرانەی بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتووە و خستوویەتییە بەردم پارادۆکسێکی بوونگەڕاییەوە.
لە م سۆنگەیەوە ناونیشانی نمایشەکە خۆی لە بنەڕەتدا پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی بەندیر دەخات؛ دڵی خۆم نییە لە سینەمدا تەنها دەربڕینی دۆخی پیاوێک نییە کە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەی (دڵ) هەست بە نامۆبوونی ئەندامێکی نوێ بکات، بەڵکو دەربڕینی دۆخی مرۆڤێکە کە لە ناو جەستەی خۆیدا هەست بە بوونی شتێکی دیکە دەکات. ئەو (دیکەیە) لە ئاستی جەستەوە دەست پێ دەکات بەڵام بەڕەو کاکلەی (خود) دەچێت.
ئەمەیە کە نمایشەکە لە سنووری چیرۆکی نەخۆش و پزیشک تێدەپەڕێنێت و دەیکاتە ناو گوتارێکی گشتگیرتر. کاتێک زانست دەست دەکات بە گۆڕینی ئەوەی کە پێشتر بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا، کێ بڕیار لە سەر سنووری ئەو دەستیوەردانە دەدات؟ زانست؟ یاسا؟ ئاین؟ ئەخلاق؟ کۆمەڵگە؟ یان خودی مرۆڤ؟
مەبەستەکە تاوانبارکردنی زانست یان ڕەتکردنەوەی پێشکەوتنی زانستی نییە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کاتێک توانای زانستی دەگاتە ئەو ئاستەی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە و پێکهاتەی مرۆڤ دەستکاری بکات، دەسەڵاتی زانست لە ئاستی چارەسەرکردنەوە تێدەپەڕێت و دەچێتە سەر سەکۆی پێناسەکردنەوەی مرۆڤەوە.
• شانۆگەری دڵی خۆم نییە لە سینەمدا لە سەر نووکی ئەم تیغە دوو دەمەدا دەوەستێت؛ بە دانانی زانست لە بەردم پرسیاری ئەخلاق و بەهای مرۆیی. لە دەقی نمایشەکەدا نەشتەرگەرییەکە لە ئاستی پزیشکیدا سەرکەوتووە، ژیان دەگێڕێتەوە بەڵام قەیرانەکە لە شوێنێکی دیکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ڕزگارکراوە تەنها جەستەیەکە؛ خودی مرۆڤەکان هێشتا لە ناو پرسیاردا ماونەتەوە!
ئەم دووالیزمەی نێوان سەرکەوتنی پزیشکی و ناکۆکییە ئەنتۆلۆژییەکەی بنەما دراماتۆرژییەکەی نمایش پێک دێنێت. پزیشک دەتوانێت دڵێکی نوێ بخاتە ناو سینەی پیاوێکەوە بەڵام ناتوانێت دڵنیابێت کە ئەو پیاوە دوای نەشتەرگەری هەر هەمان ئەو پیاوەیە لە ئاستی بیرەوەری و پەیوەندی و هەستی خێزانیدا.
(دێرێن حامید) لەم بەرهەمەدا تەنها نووسەر و دەرهێنەر نییە، ئەو هەوڵ دەدات لە نێوان بیرۆکە و شێوەی پێشکەشکردنی بیرۆکەکەدا گوتارێکی یەکگرتوو لە ڕووی فۆڕم و میتۆدی نمایشەکە پێشکەش بکات. بۆ ئەم ئامانجەش بوێرانە میتۆدی شانۆی ئێپیک (Epic Theatre)ی بیرتۆڵت برێشت (Bertolt Brecht) هەڵدەبژێرێت.
لە تەواوی ئەو کارانەی دێرێن دا کە پێشووتر من بینیومە، ئەزموونی ئەو لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و دەرهێناندا بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵکشاوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەم کارەی ئێستایدا ئەو ئەزموونە لەگەڵ بابەتێک کۆدەبێتەوە کە بە سروشتی خۆی پێویستی بە گۆڕینی زمان و فۆڕمی نمایش هەیە. لێرەوە تێدەگەین کە هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک هەڵبژاردنێکی تەکنیکی ساده نەبووە، یان وەکو مودێلێک نەهێنراوە بۆ ئەوەی نمایشەکەی پێدا هەڵواسرێت؛ بەڵکو هەوڵ دراوە لە ناوەڕۆکەوە بۆ فۆڕم نمایشسازیی پێبکرێت و کروکی پرسە هزرییەکەی پێ پێشکەش بکرێت، نەخاسمە کە جەوهەری بابەتەکە دەربارەی گۆڕانی جەستە و شکاندنی یەکپارچەیی خودە. بۆیە پێویستی بەوە بووە شێوەی گێڕانەوەش یەکپارچەیی تەماشاکردن بشکێنێت.
ئەمەش لە پەیوەندی نێوان نووسین و دەرهێناندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. دێرێن بابەتەکەی بە چیرۆکێکی خێزانی دەست پێ دەکات بەڵام ڕێگە نادات چیرۆکەکە تەنها لە سنووری خێزاندا ب hisمێنێتەوە. بەکارهێنانی زمانەکانی ڕاڤەکردن و گۆرانیی بەکۆمەڵ و ڕاپ، چیرۆکی تاک لە سنووری تاکەکەسی دەردەهێنێت و دەیکاتە ناو پرسیاری گشتی مرۆیییەوە.
بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی گرنگ بکەین: ئێپیکبوون تەنها بە مانای شکاندنی دیواری چوارەم نییە. ئەگەر تەنها ئەکتەر ڕوو لە بینەر بکات و قسەی لەگەڵدا بکات، ئەوە بەڵگەی ئێپیکبوونی نمایش نییە. ئێپیک لە سیستمێکدا دروست دەبێت کە وەرگر لەگەڵ هەست و سۆزی خۆیدا پەیوەندییەکی ڕەخنەیی دروست بکات؛ واتە بتوانێت هەمان سات لە ناو ڕووداو بێت و لە دەرەوەی ڕووداوەکەش چاودێری بکات.
لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) ئەم دوو ئاستە؛ لە جەستەی ئەکتەر، ڕووناكی، گۆرانی، ڕاڤەکردن و پەیوەندی ڕاستەوخۆدا بەرجەستە دەبێت. نمایش هەندێک جار (وەرگر) دەخاتە ناو ئاوێتەبوونی هەستی دۆخەکەوە و پاشان لەگەڵ فریزکردنی جووڵە و ڕاگرتنی دیمەن و گۆڕینی ڕیتم و گۆرانی یان ئاخافتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامادەبووانی ناو هۆڵدا ئەو پەیوەندییە دەشکێنێت و وەرگر دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی بیرکردنەوە.
ئەمەش کاکلەی ئامانجەکەیە؛ چونکە نمایشەکە نایەوێت وەرگر تەنها بگریێنێت بۆ باوک یان بترسێت لە پزیشک یان تەنها خەم بخوات بۆ خێزانەکە. دەیەوێت لە کۆتاییدا بینەر لە خۆی بپرسێت: ئەگەر من لە شوێنی ئەو پیاوە بوومایە چی بڕیارێکم دەدا؟ و لەوەش قوڵتر: ئەگەر زانست بتوانێت جەستەی من بگۆڕێت، چیم لە (خودی خۆم) بۆ دەمێنێتەوە؟
بنیاتی سادەی چیرۆکەکە لە نەخۆشێکەوە دەست پێ دەکات کە پێویستی بە گواستنەوەی دڵ هەیە. نەشتەرگەری دەبێتە هیوا بۆ ژیان، خێزان لە نێوان ترس و هیوادا دەوەستێت، پزیشک بە زمانی زانست دڵنیایی دەدات. هەموو شتێک لە سەرەتاوە وەکو چیرۆکێکی پزیشکی دەردەکەوێت؛ تا ئەو کاتەی پرسیارێک لە ناو ئەو چیرۆکەدا بە سادەیی دێتە گۆڕێ، کە پرسیاری منداڵەکانی نەخۆشەکەیە بۆ پزیشکەکە و یەکێکە لە کلیلیلە وشەکانی نمایشەکە:
•کوڕ: ئەو پیاوەی کە بەئاگا دێتەوە هەر باوکەکەی منە؟
•کچ: تۆ دڵی پیاوێک دەدەیت بە باوکم کە خۆی ژنێکی هەیە، ئایا باوکی من ئاشقی ژنی پیاوێکی تر دەبێت؟!
لە دیدی دراماتۆرژییەوە ئەم پرسیارانە لە دۆخی نەخۆشی تێدەپەڕن و دەچنە ناوچەی ناوەندی پرسیاری ناسنامەوە. چونکە کوڕەکە بە پزیشک ناڵێت "ئایا نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو دەبێت؟"؛ دەڵێت "ئایا ئەو هەر باوکەکەی من دەمێنێتەوە؟". لە نێوان ئەم دوو پرسیارەدا جیاوازی و ئاڵنگاری نێوان زانستی پێشکەوتوو و بەها مرۆییەکان بەدیار دەکەوێت.
پزیشک دەتوانێت وەڵامی پرسیاری یەکەم بداتەوە: نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتووە، بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم بە ئاسانی لە ناو نەخۆشخانەدا نادریتەوە. ئەوە پرسیارێکە وەڵامەکەی لە سەر (خێزان و بیرەوەری و خود) دەردەکەوێت.
دوای نەشتەرگەری باوک زیندۆ دەبێتەوە بەڵام لەگەڵ ماهییەتی خۆیدا هەست بە نامۆبوون دەکات. لێرەدا چیرۆکەکە لە نەشتەرگەری جەستەوە ڕوودەکاتە نەشتەرگەری (خود). ئەو پیاوە لە خۆی دەپرسێت کە ئەو دڵەی لە سینەیادایە دڵی کییە؟ ئەگەر دڵی ئەو نییە، ئەی کەواتە چی؟
ئەم پرسیارە بە هۆی بوونی پیاوە میوانەکەوە قوڵتر دەبێت؛ ئەو کەسەی دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە. لێرەدا مردنیش بووەتە شتێکی ئاڵۆز: پیاوێک مردووە بەڵام بەشێک لە جەستەی ئەو لە جەستەی کەسێکی تردا بەردەوامە. ئەمەش پرسیارێکی دێرینی مرۆڤ سەبارەت بە مردن و بەردەوامبوونی بوون بە شێوەیەکی زانستی نوێ دەخاتە ڕوو.
لە کۆنتێکستی ئەم نمایشەدا ئەم بابەتە بە یادەوەری فرانکەنشتاینیشەوە دەبەسترێتەوە؛ نەەک بۆ ئەوەی باوک ببێتە مۆنستەر (Monster)، بەڵکو بۆ ئەوەی بیرۆکەی پێکهێنانەوەی مرۆڤ لە پارچەی یەدەگەکان لە خەیاڵی ئەدەبییەوە بێتە ناو جیهانی بایۆپزیشکی.
بەم شێوەیە چیرۆکەکە لە ئاستی ڕووداوەوە دەگاتە ئاستی پرسیار، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی دەقی نمایش. ڕووداو کۆتایی نییە؛ ڕووداو دەبێتە دەروازەی پرسیار و لێوردبوونەوە.
لە شانۆی ئێپیکدا، ئاکتینگ لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ کارەکتەردا هەیە. ئەکتەر نابێت بە تەواوی لە ناو کارەکتەرەکەدا ون ببێت و بتوێتەوە، دوورییەکی هۆشیارانە لە نێوانیاندا دروست دەکات. ئەم دووری و مەودابەندییە بە تایبەتی لە هەردوو چەمکی (بەنامۆکردن) و (گیستۆس)دا دەردەکەوێت.
لە مە جۆرە ئاکتینگەیادا هەست بە تەواوی ڕەتناکرێتەوە بەڵکو هەست لە ژێر کۆنتڕۆڵی بیرکردنەوەدا دەخرێتە ناو نمایش. ئەکتەر هاوسۆزی وەرگر ڕەتناکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت وەرگر گریمانی درامی ئەرستۆییەکەی بەسەردا زاڵ بێت و لە هۆشیاری خۆی داببڕێت. بەم شێوەیە، جەستە و دەنگی ئەکتەر دەبنە ئامرازێک بۆ نیشاندانی هەڵومەرج و بارودۆخ نەەک بە تەنها دروستکردنی هاوسەنگی دەروونی. نامۆکردن (Verfremdungseffekt) لە شانۆی ئێپیکدا دوورییەک نییە بۆ ساردکردنەوەی هەستی بینەر، بەڵکو مەودایەکە بۆ چالاککردنی هۆشمەندی ڕەخنەگرانەی بینەر.
لە دڵی خۆم نییە لە سینەمدا ئەم تایبەتمەندییە بە ڕوونی لە ئەدای هونەرمەند پێشڕەو حسیندا دەخوێندرێتەوە. ئەدای ئەو تەنها لە توانای دروستکردنی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو جەستە، دەنگ، وەستان و هەڵوێستی ئەکتەر دەبنە بەشێک لە گوتاری نمایش. بەو مانایەی کە گیستۆس (Gestus) لە ئاستی کرداردا مانای خۆی وەردەگرێت.
ئاکار و هەڵسوکەوتی ئەکتەر تەنها وەکو بەرجەستەکردنی ڕەهەندە باوەکانی کارەکتەر نییە، بەڵکو پەیوەندی نێوان کارەکتەر و سیستمی دەوروبەری دەخاتە ڕوو.
بۆیە پێشڕەو لە ڕۆڵی باوکدا ئەرکێکی زۆر قورسی لە سەر شانەیە. کارەکتەرەکەی دەبێت لە یەک کاتدا چەند دۆخێک ڕەچاو بگرێت: نەخۆشێک کە لە مردن دەترسێت، باوکێک کە پەیوەندی خێزانی بۆ گرنگە، پیاوێک کە دوای نەشتەرگەری هەست بە گۆڕان دەکات، و تاکێک کە لە خۆی دەپرسێت ئایا هەر هەمان کەسی پێشترە؟
بەڵێ ئەم ئەکتەرە هەڵکەوتووە - کە پێشتر کارم لەگەڵ کردووە و لە نزیکەوە ئاگاداری بەهرە و ئاستی مەعریفی بەرزی هەشم - لەم ڕۆڵەدا بە شێوەیەکی ڕوون توانای ئەکتەرێکی پیشەمەند و ئەکادیمیست دەردەخات. ئەو بە تەنها فۆڕمی ئێپیکیمان لە ڕووکەشدا بۆ وێنە ناکات؛ بەڵکو بە مانای دراماتۆرژی وشەکە فۆڕمەکەی لەبەر کردووە و زانستییانە پیادەی دەکات. ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە، چونکە کاتێک فۆڕم دەبێتە بەشێک لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەکتەر، هەموو جەستە و دەنگ و جووڵەیەکی دەبێتە زمان و ئامرازی گەیاندن.
بۆیە سەرسامیم بەم شانۆکارە سەرکەوتووە بۆ گلنادرێتەوە. ئەو بە جەستەی خۆی دۆخی کاراکتەر دەنووسێتەوە. وەستانەکانی، دەربڕینی دەموچاوی، شێوازی دانیشتن و جووڵە و ئاڕاستەی جەستە بۆ کاراکتەرەکانی تر و گۆڕینی ڕیتمی دەنگ، هەموویان لەگەڵ یەکدا دەڕژێنە نیو کاراکردنی ئەو پڕۆسەیەی برێشت بە (Gestus) دەیناسێنێت، کە چەمکێکی بنەڕەتی شانۆی ئێپیکە و گوەزارە لە پێبەندبوونی جەستە و بوونی فیزیکی کەسەکان دەکات لە چوارچێوەی پێگە و دۆخی کۆمەڵایەتیدا.
لە پێشڕەودا گیستۆس بە تایبەتی لەو ساتانەدا دەدرەوشێتەوە کە کارەکتەر لە نێوان دۆخی پێش نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری دابەش دەبێت.
لەوەش گرنگتر پێشڕەو دەزانێت کە ئەکتەر لەم فۆڕمە شانۆییەدا نابێت بە تەواوی دەستبەرداری هەست و نەستی کارەکتەرەکە بێت. ئەو هەندێک جار لە ڕۆڵەکە نزیک دەبێتەوە و ڕێگە دەدات وەرگر هەست بە سۆز و باری سایکۆلۆژی کەسایەتییەکە بکات، هەرچۆن لە توانایدایە بینەر دوورتر ڕابگرێت و پێی بڵێت: ئەو تەنها ئەکتەرێکە لە سەر تەختەی شانۆ کە کاراکتەرەکەی پێشان دەدات. بەمەش لە ساتەوەختە پێویستەکاندا کاریگەری ڕاگرتنی هەژموونی ئەو ئاوێتەبوونە بەهێزتر دەکات کە دیواری چوارەمی تێدا تێکدەشکێت و کردەی نامۆبوونی (Verfremdung) لێوە دروست دەبێت.
پێشڕەو حسین لە ڕۆڵی باوکدا لە بنەڕەتدا جەستەیەکی دوو جار خولقاو دروست دەکات: یەکەم جار جەستەی پیاوێک کە دڵی خۆی هەیە، و جارێکی تر جەستەی پیاوێک کە دڵی کەسێکی تر لە ناو سینەیدا لێدەدات. ئەو دوو جەستەیە لە هەمان ئەکتەردا کۆدەبنەوە و لە هەمان کاتدا لە یەکدی جیا دەبنەوە. ئەم ئەدایەش تەنها بە ئەکتەری پیشەمەند ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە هونەرمەندی بە ئەزموون سەربەست ئەحمەد لە ڕۆڵی پیاوە میوانەکەدا دەبێت بڵێین: کاراکتەرەکەی تایبەتە. چونکە لە ئاستی یەکەمدا، دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە، و لە ئاستی دووەمدا دەبێتە "ئەوی تر"؛ ئەو کەسەی کە لە دەرەوەی جەستەی خۆی بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات.
سەربەست لە ساتەکانی هۆگری سۆزیداری و هەستیدا بە وردی مامەڵە دەکات. ئەو توانای ئەوەی هەیە وەرگر بۆ ساتێک لەگەڵ کاراکتەرەکە نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیە بە مەبەستی قوڵکردنەوەی باری ئاوێتەبوونی سایکۆلۆژی نییە؛ چونکە دەرهێنەر لە ساتێکی دیاریکراودا ئەو هۆگرییە تێکدەشکێنێت لە ڕێگەی پڕۆسەی فریزکردن، ڕاگرتنی دیمەن، گۆڕینی ئاڕاستەی گفتوگۆ، قسەکردن لەگەڵ بینەردا، گۆڕینی ڕیتم و چوونه دەرەوە لە ناو ڕووداو. هەموو ئەم کاریگەرییانەش لە پێناوی ئەوەی بینەر ئاوێتەی هۆگری سایکۆلۆژی و سۆزداری ئەکتەر نەبێت لە بەرجەستەکردنی ڕیالیستی کاراکتەردا.
سەربەست ئەحمەد وەکو هونەرمەندێکی ئەکادیمی و بەهرەمەند لەم بارەدا ئەکتەرێکە بە هەر دوو ئاست کار دەکات: کاریگەری سۆزداری دروست دەکات و هەمان کاریگەریش دەشکێنێت. لە یەک ساتدا کاراکتەر دەخولقێنێت و لە ساتێکی تردا دەبێتە ڕاڤەکاری خودی ئەم کاراکتەرە.
ئەم پڕۆسەیەش لەگەڵ ناوەڕۆکی نمایشەکەدا پەیوەندییەکی قوڵی هەیە؛ چونکە خودی کاراکتەرەکە لە نێوان بوون و نەبووندا هەڵواسراوە. ئەو مردووە بەڵام دڵەکەی زیندوە؛ ئەو بوونی نییە، بەڵام لە ناو جەستەی کەسێکی تردا ترپە و لێدانی دڵی دەبیسترێت. بۆیە ئاکتینگەکەی دەبێت ئەو پارادۆکسە وێنە بکات کە لە ڕووی هونەرییەوە کارێکە ئەکتەری پیشەمەند و بە توانای گەرەکە (ئەکتەری وەکو سەربەست ئەحمەد).
(سونیا ئاوات) یەکێکی ترە لە ئەکتەرە سەرکەوتووەکانی ئەم نمایشە. ئەو لە ڕۆڵی پزیشکدا جۆرێکی جیاواز لە ئاکتینگ پێشکەش دەکات. ئەرکی ئەو ئەدایەیە کە کمتر لە ناوچەی هەست و نەست و سۆز نزیک ببێتەوە و ئاست و پێگەی دەسەڵاتی زیاتر بەرجەستە بکات؛ چونکە کاراکتەری پزیشک لە نمایشەکەدا نوێنەری تاکێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نوێنەری ئەو دامەزراوە زانستییە پێشکەوتووەیە کە جەمسەری سەرەکی هاوکێشەی ئاریشە و ئاڵنگارییەکە پێک دێنێت.
ئەمەش لە شێوازی وەستان و جووڵە و دەنگی (سونیا) دەبێتە بەشێک لە مانای کاراکتەر. ئەو جەستەی خۆی بە شێوەیەکی ئەندازەیی ورد بەکار دەهێنێت؛ جووڵەکان دیاریکراون، دەنگ کۆنتڕۆڵکراوترە و دیالۆگەکان بە جۆرێک لە دڵنیاییەکی پیشەیییەوە پێشکەش دەکرێت.
ئەو جۆرە ئەداکردنە لە ئاستێکی ڕۆبۆتی نزیک دەبێتەوە، بەڵام نابێت ئەوە بە مانای ئەوە بخوێندرێتەوە کە پزیشکەکە مرۆڤ نییە. بە پێچەوانەوە، ئەوە شێواز و فۆڕمێکە بۆ نیشاندانی جیاوازی نێوان جیهانی زانست و جیهانی هەست و نەست، کە بە جوانترین فۆڕم چەمکی گیستۆس (Gestus) پراکتیزە دەکات.
پزیشکەکە ژیانی باوک ڕزگار دەکات، لە ئاستی پزیشکیدا ئەمە کارێکی بەرینییە، بەڵام نمایشەکە ئەو سەرکەوتنە بە کۆتایی پرسەکە نازانێت. ئەوەی پزیشک نایبینێت، خێزان دەیبێنێت؛ ئەوەی پزیشک بە ژمارە و ئەنجامی پزیشکی دەپێوێت، خێزان بە یادەوەری و هەست و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مرۆیی دەپێوێت.
ئەم دوو جیهانە لە جەستەی (سونیا) و کاراکتەرەکانی تریشدا ڕووبەڕووی یەکتر دەکرێنەوە. سونیا بە جۆرێک لە ساردییەکی میکانیکی دەجووڵێت و دەدوێت، نەەک بۆ ئەوەی بینەر لێی بێزار بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانێت ئەم دەنگە دەنگی سیستمێکە کە جەستە لە شێوەیەکی پزیشکیدا دەبینێت.
خانمە ئەکتەر گوڵی (حەسەن) لە ڕۆڵی ژنەکەدا، ئەویش لە ناوچەیەکی دەروونی زۆر ئاڵۆزدا کار دەکات. کێشەی ژنەکە ئەوە نییە کە هاوسەرەکەی مردووە؛ کێشەکەی ئەوەیە کە هاوسەرەکەی زیندوە، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی بزانێت ئەو هەمان مرۆڤە یان نا.
ئەم دۆخە قەیرانێکی سایکۆلۆژی تایبەت دروست دەکات. گوڵی ئەم قەیرانە بە دووکرتبوونێکی دەروونی دەخاتە ڕوو: لە لایەکەوە ژنەکە دەیەوێت بڕوا بکات ئەو پیاوە هەر هاوسەرەکەی خۆیەتی، لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووی نیشانەکانی نامۆبوون دەبێتەوە.
ئەو بە دوای دەنگ و ڕەفتار و یادەوەرییەکانی هاوسەرەکەیدا دەگەڕێت، وەکو ژنێک کە ناسنامەکەی بە پەیوەندییەکەوە گرێدراوە.
ئاکتینگ لێرەدا دەبێتە هونەری نەدۆزینەوە. خۆشەویستی بە چی دەناسرێتەوە؟ بە جەستە؟ بە یادەوەری؟ بە دەنگ؟ بە ئاکار؟ یان بە مێژووی هاوبەش؟ نواندنی گوڵی (حەسەن) هەموو ئەم پرسیارانە دادەگیرسێنێت.
سەبارەت بە هەردوو ئەکتەری گەنج شادی نەجمەدین لە ڕۆڵی کچەکەدا و کامۆ برزان لە ڕۆڵی کوڕەکەدا، دوو ئاستی دیکەی ئەم قەیرانە بەرجەستە دەکەن. ئەوان نەەک تەنها منداڵی باوکێک بن، بەڵکو شایەدی گۆڕانی ئەو باوکەن لە ژێر هەژموون و کاردانەوەکانی زانستی پێشکەوتووی سەردەمدا...
بۆ منداڵەکان، باوک تەنها کەسێک نییە کە لەگەڵتدا دەژێت؛ باوک بەشێکە لە سۆز و خۆشەویستی، یادەوەری منداڵی، دڵنیایی پەیوەندی و پێکهاتەی خێزان. بۆیە کاتێک باوکەکە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەی دڵی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەوان تەنها ڕووبەڕووی نەخۆشێکی گۆڕاو نابنەوە؛ ڕووبەڕووی گۆڕانی وێنەی خۆشیان دەبنەوە لە ناو ناوەندی ژیان و خێزان و کۆمەڵگەدا.
شادی لە ڕۆڵی کچەکەدا ئەو گۆڕانە بە هەستێکی زۆر ڕوون وێنە دەکات. لە نێوان باوکی پێشووتر و باوکی ئێستادا بۆشایییەک هەیە، شادی لێکەوتەکانی ئەو بۆشاییە لە ڕووی ئاکتینگەوە بە هەموو ڕەهەندێکییەوە دەردەخات.
بەڵام کامۆ بە شێوەیەکی دیکە ڕووەکانی هەمان لەیران واڵا دەکات. کوڕەکە زۆرجار پرسیار دەکات، بەڵام پرسیارەکەی لە بنەڕەتدا پرسیاری ناسینەوەی باوکە. ئەو دەیەوێت بزانێت ئەو پیاوەی بەرانبەریەتی، هەمان ئەو کەسەیە کە لە بیرەوەرییەکانیدا هەیە یان نا؟!
هەردوو ئەکتەر لە ئاستی پاراستنی ڕیتمی نمایشەکەشدا، کاریگەرییەکی دیاریان هەیە. جوڵە و هاتنەناوەوە و چوونهدەرەوە و بزواندنی جەستەییان، ڕیتمی نمایش بژوێنتر دەکات. ئەوان بە مانایەکی دراماتۆرژی دەبنە (داینەمۆی گۆڕینی وێنەکان)، جەستەی ئەوان تەنها بۆ نواندنی کاراکتەر نییە؛ بەشێکە لە میکانیزمی گۆڕینی فەزا و وێنە.
• لێرەشدا دەبێت ئەوە بڵێین: کۆی ئاستی سەرکەوتووی نواندن لەم نمایشەدا ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات، کە ئەو یەکگرتووییەی لە فۆڕمی ئاکتینگ و ئەدای ئەکتەرەکاندا دەبینرێت، بەشێکی گرنگە لە کارکردنی (دێرێن حامید)ی دەرهێنەر...
دێرێن لەم نمایشەدا لەگەڵ ئەکتەر تەنها لەسەر (چی دەڵێیت) کاری نەکردووە؛ بەڵکو لەسەر (چۆن دەیڵێیت، لە کوێ دەیڵێیت، چۆن دەوەستیت، کەی دەجوڵێیت، کەی ڕادەوەستیت، کەی لە کاراکتەر دەچێتە دەرەوە و کەی دووبارە دەگەڕێتەوە ناوی) کاری کردووە.
ئەمە لە فۆڕمی ئێپیکدا بنەڕەتییە. چونکە ئەکتەر نابێت تەنها جەستەیەک بێت بۆ کاراکتەر؛ بەڵکو جەستەی بیرۆکەش بێت.
دێرێن حامید، ئەم ئاستە لە کارکردنی ئەکتەرەکاندا لەگەڵ سیستەمی سێنۆگرافیا و ڕووناکی و موزیک پەیوەست دەکات. ئەکتەر لە ناو فەزایەکی بێدەنگدا کار ناکات؛ هەموو جوڵەیەکی لەگەڵ ماتریال و موفرەداتی سەر شانۆ و ڕووناکی و دەنگ و ڕیتمدا بەرکەوتنی هەیە.
• لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)، سێنۆگرافیا تەنها ڕێکخستنی شوێن نییە. فەزا خۆی دەبێتە بەشێک لە بنیاتی دراماتۆرژی نمایشەکە. ئەسکەلە ئاسنییەکان، پایە چیمەنتۆکان کە بە نايلۆن پەردەپۆشکراون، شاشەی ڤیدیۆواڵەکان، بانەر، ڕووناکی، جلوبەرگ، موزیک و خودی جەستەی ئەکتەرەکان لە یەک سیستمی ماناداردا کۆدەبنەوە.
ئەم سیستمە سێنۆگرافییە لە لایەکەوە وێنەی جیهانێکی پیشەسازی و تەکنەلۆژیک دروست دەکات، لە لایەکی ترەوە هەستی ساردوسڕی جیهانێکی دەستکرد بۆ بینەر وێنە دەکات. ئەمە تێفکرين و داڕشتنە دوانەییە سەرنجڕاکێش و گرنگەیە: تەکنەلۆژیا دەتوانێت ژیان بپارێزێت بەڵام لە هەمان کاتدا فەزایەکی نوێ و نامۆش دروست دەکات.
ئەسکەلە ئاسنینەکان لەم سێنۆگرافیایەدا لە ئاستی شتەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی نیشانە. لە ڕووی سیمئیۆلۆژییەوە پەیوەستبوونی بە زانستەوە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاسن بە ساردی و ڕەقی و ئەندازەیی ڕووت زەقبووەتەوە. جیاوازییەکی ماددی لەگەڵ جەستەی زیندووی مرۆڤ دروست کردووە؛ جەستە گەرمە، گۆڕاوە، ئازار دەچێژێت و هەست دەکات، ئاسن ساردە، ڕەقە و بە پێوانە و ئەندازە ڕێکخراوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕەهەندێکی تری هەیە کە ئاماژەیە بۆ شارستانیەت و بنیاتنان. ئەسکەلە ئامرازێکی بەرزکردنەوەیە، مرۆڤ بە هۆیەوە دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزتر و هەڵکشاوتر بڕوانێت. بەم مانایە ئەسکەلە لەم نمایشە میتافۆرێکی پێشکەوتنی شارستانییە.
بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیارێکیش لە ناو بینراوەکەدا دروست دەکات: ئایا هەر بەرزبوونەوەیەک بەرەو پێشچوونە؟ ئایا مرۆڤ کاتێک لە سروشت بەرزتر دەبێتەوە، نزیکتر دەبێتەوە لە خۆی؟
ئەم پرسیارە ئەسکەلەکە و پایە چیمەنتۆکانی باگراوندی فەزای نمایشەکە لە keresteی بیناسازییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەکی ئەنتۆلۆژی.
نایلۆن و پلاستیک لەگەڵ ئاسن جۆرێکی دیکە لە هەست دروست دەکەن. ئەگەر ئاسن نیشانەی ڕەقی و ساردی جیهانی پیشەسازی بێت، پلاستیک و نایلۆن هەستی ساختهبوون دەخولقێنێت.
ئەو ماتریالانە جۆرێک لە شەفافییەتێکی ساخته دروست دەکەن؛ بۆ نموونە بینەر دەتوانێت هەندێک شت ببینێت بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی لە وردەکارییەکانی دڵنیابێت؟! ئەمە بە جۆرێک لەگەڵ دۆخی باوکدا هاوتەریبە: جەستەی ئەو لە بەرچاوی بینەرە بەڵام هەست و نەست و ناخی ئەو بە تەواوی دوورەدەسیت و ڕوون نییە.
پلاستیک و نایلۆن بەم شێوەیە لەگەڵ چەمکی جەستەی دەستکاریکراودا پەیوەندییەکی سیمئیۆلۆژی دروست دەکەن؛ شتێک لە سروشتەوە وەرگیراوە بەڵام لە فەزایەکی ساختەدا دووباره پێکهێنراوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕوویەکی پێشکەوتووی پێکهاتەی سێنۆگرافیا لەم نمایشەدا بەکارهێنانی شاشە و ڤیدیۆواڵەکانە کە لە جیهانی نمایشەکەدا فەزایەکی دووەم دروست دەکەن: جیهانی وێنە و تۆمار و زانیاری بینراو. ئەمەش پەیوەندییەکی قوڵی بە ناوەڕۆکی نمایشەکەوە هەیە، چونکە مرۆڤی سەردەمی تەکنەلۆژیا تەنها لە جیهانی جەستەدا ناژێت؛ بەڵکو لە جیهانی وێنە و داتا و تۆمار و نمایشکردنی خودیشدا دەژێت.
شاشە جەستەکە دووبارە دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازی نێوان جەستە و وێنەی جەستە پێشان دەدات. ئەمەش لە فۆڕمی ئێپیکدا دەتوانێت کاریگەرییەکی تایبەت دروست بکات چونکە وێنەی جەستە دەتوانێت جەستەی ڕاستەقینە لە دوورەوە بۆ وەرگر بخوێنێتەوە.
هەرچۆن (بانەر) و وشەی نووسراو لە فەزای شانۆدا پەیوەندی وەرگر لەگەڵ نمایش دەگۆڕێت. وەرگر چیتر بە تەنها تەماشا ناکات؛ بەڵکو دەخوێنێتەوە. لە شانۆی ئێپیکدا ئەم گۆڕینی کردارە گرنگە چونکە وەرگر دەبێت لە هەمان کاتدا بینەر و خوێنەر و بیرکەرەوە بێت.
ڕووناکی لەم نمایشەدا یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی دروستکردنی مانا. وێڕای ڕەهەند و ئەرکە ئیستاتیکی و دراماتیکییەکانی، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە شیکردنەوە و گوزارشتی مانابەخش و سیمئیۆلۆژی. بە نموونە ئەگەر هەندێک ورد ببینەوە لەو ساتەی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە کە چۆن ڕووناکییەکی بەهێز لە هەردوو لایەوە دەموچاوی (باوک - پێشڕەو حسین) دەکاتە ناو دوو ناوچەی ڕەنگی کۆنتراست و جیاوازەوە: شین و زەرد، سارد و گەرم. ئەم دابەشکردنەی ڕووناکی دەتوانرێت وەکو وێنەیەکی دەرەکی قەیرانی ناوخۆیی کاراکتەر بخوێندرێتەوە. دەموچاوی مرۆڤ بە سروشت یەکێکە بەڵام ڕووناکی ئەو یەکبوونە دەشکێنێت و دەیکاتە دوو ناوچە.
شین لەم کۆنتێکستەدا دەتوانێت هەستی ساردی، دووری، هۆشیاری پزیشکی و جیهانی تەکنیکی هەڵبگرێت؛ زەرد دەتوانێت لە بەرامبەریدا ناوچەی گەرمی یادەوەری ژیانی خێزانی و هەستی مرۆیی بێت. بەڵام مانای ڕەنگەکان جێگیر نییە؛ بەڵکو ماناکانیان لە پەیوەندی لەگەڵ کۆنتێکستی دیمەنەکە دروست دەبن.
ئەوەی گرنگە خودی کۆنتراستەکەیە: جەستەی باوک لە ناو ڕووناکیدا دەبێتە وێنەیەکی دوو پارچە. ئەوە هەمان قەیرانی ناوخۆیییە کە لە چیرۆکدا هەیە: جەستە هەر یەکێکە بەڵام خود لە ناویدا لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە.
لێرەدا ڕووناکی دەبێتە پەیامبەرێکی بێدەنگ؛ ئەوەی کاراکتەر ناتوانێت بە دیالۆگ بە تەواوی بیڵێت، ڕووناکی بەرجەستەی دەکات.
هەروەها بەکارهێنانی ڕووناکی لە ناو هۆڵدا لە ساتەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی ڕاستەوخۆدا، بەشێکە لە سیستمی شکاندنی دیواری چوارەم. بەڵام کاریگەرییەکە لەوە زیاترە.
کاتێک ڕووناکی دەگاتە شوێنی دانیشتنی بینەر، بەشێک لەو هێڵە هەستەکییەی کە بینەر لە پشت تاریکی هۆڵدا نەخشاندوویەتی تێکدەشکێت. چیتر (وەرگر) تەنها تەماشاکارێکی نەریتی نییە و بوونی خۆی لە فەزای نمایشدا هەست پێ دەکات.
ئەمە لە فۆڕمی ئێپیکدا گرنگە چونکە پەیوەندی نێوان نمایش و وەرگر دەبێت ڕوون بێت. ئەکتەر کاتێک ڕوو لە هۆڵ دەکات، بینەر ناچار دەبێت بزانێت کە ئەو خۆی بەشێکە لە دۆخی سەیرکردن.
بەم شێوەیە، ڕووناکی لە هۆڵدا جۆرێک لە سیاسەتی بینین دروست دەکات؛ واتە دیاری دەکات کێ دەبینرێت، کێ دەبینێت و کێ دەبێتە بەشێک لە فەزای نمایش.
رەگەزێکی تری سێنۆگرافیا لە نمایشەکەدا ئیکسسوار و جلوبەرگە کە تەنها پێداویستییەکی بینراو نییە. لەم شانۆگەرییەدا کە ناوەڕۆکەکەی لە سەر قەیرانی ناسنامە دامەزراوە، جلوبەرگ خۆی بەشێکە لە پرسیارە ئەنتۆلۆژییەکە: من کێم؟!
چونکە گۆڕینی جلوبەرگ دەتوانێت گۆڕینی پێگە و دۆخی کاراکتەر نیشان بدات. ئەکتەر کاتێک جلوبەرگی دەگۆڕێت، وەرگر هەست بە گۆڕینی ئاستێکی دیکەی بوونی کاراکتەر دەکات.
لە فۆڕمی ئێپیکدا جلوبەرگ دەتوانێت لە ساتێکی کورتدا زانیارییەکی زۆر بدات: کاراکتەر کێیە، لە کوێیە، چی گۆڕاوە و ئێستا لە چی پێگەیەکدایە.
بەم مانایە ئەکتەر و جلوبەرگ لێرەدا لە یەکدی جیا نین؛ ئەکتەر دەبێتە توخمێکی سێنۆگرافی و جلوبەرگ دەبێتە بەشێک لە ئاکتینگ.
• موزیک و گۆرانی؛ دەنگی بیرکردنەوە
موزیک و گۆرانی لە نمایشەکەدا تەنها بۆ دروستکردنی کەشوهەوا بەکارنەهاتوون. هۆنراوەکانی تەڵعەت تایری شاعر و ئاوازەکانی (ئەرکان عەبدولقادر) لە دروستکردنی گۆرانییە بەکۆمەڵەکان دەبنە بەشێک لە زمانی گشتی نمایش:
ئیمە وەکو ڕەوە ئەسپێک
ڕادەکەین بە شوێن ژیان
ئەوەی ساتێک پشوو بدا
دەمرێ لە ژێر سمەکان
مرۆڤی ئەم سەردەمە... دەربازبوونی ئەستەمە
لە شانۆی ئێپیکدا گۆرانی دەتوانێت ڕووداوەکە نەەک بەردەوام بکات بەڵکو ڕووداوەکە ڕابگرێت و لێی دوور بکەوێتەوە. ئەمە خاڵێکی گرنگە: گۆرانی دەتوانێت لە تووانەوە لە نیو هەست و نەستەوە، وەرگر بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی بیرکردنەوە.
دەبوا دوو جار بژین
بە جارێک دادمان نایە
هەتا هەست دەکەی فێر بووی
جێیهێشتووی ئەم دنیایە
مرۆڤی ئەم سەردەمە... دەربازبوونی ئەستەمە
چڕینی بەکۆمەڵیش دەنگی تاک دەگۆڕێت بۆ دەنگی کۆمەڵ. ئەمە لە ناوەڕۆکی نمایشەکەدا بایەخدارە چونکە قەیرانی (باوک) لە کۆتاییدا وەکو قەیرانی تاکێک نامێنێت؛ بەڵکو دەبێتە پرسیاری کۆمەڵگە.
دەنگ لێرەدا دەبێتە دەقی دووەم: ئەوەی دیالۆگ بە وشە دەیلێت، موزیک بە دەنگ و ڕیتم و بێدەنگی نێوان نۆتەکان دەیکاتە ڕوو.
• دەق ڕێژی و دراماتۆرگی؛ یەک سیستم لە ناو یەک پرسیاردا
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە؛ نووسین و ڕێژیسۆری لە لایەن یەک کەسەوە ئەنجام دراوە کە بووەتە فاکتەرێکی بەهێزی یەکگوتاریی نمایشەکە و ڕوونی فۆڕم و پەیامەکەی.
پەیامەکە لە دەقەوە دەست پێ دەکات و لە فەزا و ئاکتینگ و ڕووناکی و موزیکدا بەردەوام دەبێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە نمایشەکە تەنها دەقی نووسراو نییە بەڵکو دەقێکی گەورەترە و کۆی هەموو ئەو توخمانەی لە پێکهاتەکەیدا کۆ کردووەتەوە.
•دەقی نووسراو دەڵێت: من کێم؟
•جەستە دەڵێت: من گۆڕاوم
•سێنۆگرافیا دەڵێت: تۆ لە جیهانێکی دەستکرددا دەژیت
•ڕووناکی دەڵێت: تۆ لە ناو خودی خۆتدا دوو پارچە بوویت
•پزیشک دەڵێت: جەستەکەت ڕزگار کراوە
•خێزان دەڵێت: بەڵام ئایا تۆ هەر هەمان کەسیت؟
•گۆرانی دەڵێت: ئەم پرسیارە تەنها هی تۆ نییە و بۆ تۆ نییە
لە ئاکامیشدا؛ وەرگر دەبێت بپرسێت: "ئەگەر من لە شوێنی ئەو بوومایە، وەڵامەکەم چی دەبوو؟"
کۆی ئەم پرسیارانەش نمایشەکە لە ئاستی چیرۆکەوە، دەگوێزێتەوە ئاستی گوتار. بێگومان ئا لێرەدا ڕۆڵی گەورە و بنچینەیی (دێرێن حامید) دەدرەوشێتەوە، لە داڕشتن و یەکخستن و بەرجەستەکردنی گوتارێکی شانۆیی تۆکمە لە ڕێگای نمایشێکی کوردی بە میتۆدی شانۆی ئێپیک و بە ئاستێکی بەرزی هونەری.
• شانۆی کوردی و پرسیاری سەردەم
لە ئێستای بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، گرنگی ئەم بەرهەمە تەنها لە بابەتەکەیدا نییە؛ بەڵکو لەو هەوڵە مەردانەیە دایە کە شانۆی کوردی لەگەڵ پرسیارەکانی سەردەمی خۆیدا گفتوگۆ بکات.
شانۆی کوردی، وەکو هەر شانۆیەکی دیکە، لە مێژووی خۆیدا زۆر جار لەگەڵ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندا هاوگوتار و پشتیوان بووە. بێگومان ئەو بوارانە هێشتا گرنگن و نابێت وەلایە بنرێن، بەڵام جیهانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک پرسیاری نوێی هێناوەتە پێشەوە: بایۆتەکنەلۆژیا، دەستکاری جەستە، ژینگە، ژیانی دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکرد، دەستکاری زانیاری و داهاتووی مرۆڤ.
بۆیە شانۆی کوردی پێویستی بەوە هەیە کە ناسنامەی کلتووری خۆی بە زمانێکی نوێ دابڕێژێت کە لە توانایدا بێت بخزێتە نێو پرس و دیالۆگە جیهانییە هاوچەرخەکانەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە دەکرێت بڵێین: (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) نموونەیەکی سەرکەوتووی متمانەبەخۆبوونە سەبارەت بەوەی کە چیرۆکێکی کوردی لۆکاڵی، دەتوانێت پرسێکی گڵۆباڵ هەڵبژێرێت و بە میتۆدێکی زانستی بەرز پێشکەشی بکات. لێرەدا پێم خۆشە هەڵوێستەیەک لەوە زیاتر بکەین.
• لۆکاڵبوونی چیرۆک و گڵۆباڵبوونی پرسیار
چیرۆکەکە لە سلێمانی دەکرێتە نمایش، بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێت، خێزانێکی کورد لە سەنتەری ڕووداوەکەدایە و پەیوەندییەکانی ناو خێزانەکە بە ئاستی کلتووری خۆمانەوە گرێدراون. بەڵام (دڵ و جەستە و مردن و ناسنامە) هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسن.
ئەوەی ئەم نمایشە دەیکات ئەوەیە پرسیارێکی جیهانی لە ناو ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردیدا جێگیر دەکات. ئەم پڕۆسەیەش کارێکی دراماتۆرژییە؛ چونکە بابەت کاتێک گڵۆباڵ دەبێت کە لە ناوەڕۆکی تایبەتی خۆیدا بتوانێت پرسیارێکی هاوبەشی مرۆیی بخولقێنێت.
لە م نمایشەدا، (باوک) دەبێتە کرۆک و دڵی پرسیارەکە. ئەوەی لە سینەی یەک پیاودا ڕوودەدات دەگاتە مەرزەکانی ئەوەی کە لە ناوەڕاستی جیهانی هاوچەرخدا ڕوودەدات؛ لە کاتێکدا مرۆڤ توانای زۆرتر بۆ پێشکەوتن و تەنانەت گۆڕینی ئەندامەکانی جەستەی خۆی وەکو گۆڕینی پارچەی یەدەگەکانی هەر ئامێرێکی دروستکراو پەیدا دەکات، کەچی هێشتا گیرۆدەی یەکلاییکردنەوەی ناسنامە مرۆییەکەیەتی.
• کۆتاییی کراوە؛ نمایش کۆتایی دێت، پرسیارەکە نا
کۆتایی نمایشەکە بە باسکردنی داهاتوو و گۆڕینی مێشک و نەشتەرگەرییە تازەکان، پرسیارەکە لە دڵەوە بەرەو مێشک دەبات. ئەمە خۆی مانایەکی گرنگی هەیە: ئەگەر لە سەرەتادا پرسیارەکە لە جەستە و دڵ دەستی پێ کردبێت، لە کۆتاییدا دەگاتە مێشک؛ واتە لە (ئەندام) بەرەو هۆشیاری دەڕوات.
لە کۆتاییدا:
دەستخۆشی بۆ ناوەندی شانۆی تاف بەرهەمهێنەری نمایش، و بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات؛ هەروەها پێویستە دەستخۆشییەکی تایبەت بۆ ڕێکخراوی چەتری کلتووری سلێمانی تۆمار بکرێت. هەر هەنگاوێک بۆ دروستکردنی زەمینەی بەرهەمهێنان و هاندانی گرووپە شانۆییەکان دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵی گەڕاندنەوەی شانۆ بۆ ناو ژیانی کلتووری شار.
ئاخر شانۆ تەنها پێویستی بە هۆڵ نییە؛ پێویستی بە ژینگەیەکی لەبارە، پێویستی بەوەیە نووسەر بتوانێت بنووسێت، ڕێژیسۆر بتوانێت دیدگا و زەین و سەلیقەی خۆی بەرجەستە بکات، ئەکتەر بتوانێت مەشق بکات، سێنۆگراف بتوانێت فەزا دروست بکات، موزیسیەن بتوانێت لەگەڵ جەستەدا گفتوگۆ بکات، و وەرگر بتوانێت لە کۆتاییدا بە ئاوەزێکی سیخناخ بە پرسیارەوە هۆڵەکە بەجێبهێڵێت.
لە م ڕوانگەیەوە، پشتیوانی چەتری کلتووری سلێمانی بۆ (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) و نمایشەکانی تری ئەم وەرزەش شایستەی پێزانینە؛ چونکە بەرهەمهێنان تەنها دروستکردنی نمایش نییە، بەڵکو دروستکردنی مەەرجی بوونی شانۆیە.
PM:01:30:05/10/2026
ئهم بابهته 564
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی