جەمسەرگیریی توند و نەمانی ناوەڕاست؛ کارەساتی سەردەم

‌چیمەن محەمەد رەشید

جەمسەرگیریی توند؛ بە ئینگلیزی پێی دەڵێن (Acute polarization) وە بە عەرەبی (الاستقطاب الحاد)، ئاماژەیە  بۆ دۆخ و شێوازێکی بیرکردنەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ژیان، تیایدا ناوچەی ناوەڕاست لە هزر و لە ڕاستیی ژیاندا جێی نەماوە و تەنیا لە ئەمسەر و ئەوسەردا چڕ بووەتەوە و ڕاکێشان بۆ جەمسەرەکان دیاردەیەکی سەردەمە، ڕاو بۆچوون بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەبن و پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو بەرەیە ئەستەمە و هێزی دورکەتنەوەکە زاڵە. 

دیاردەی  یان سپی یان ڕەش؛ بێگومان  سپێتی و ڕەشێتی چەندین هۆکار دیاریدەکات وەک هێز،  هزر، بۆچوونی سەپاو، یان پاراستنی بەرژەوەندی، ... هتد، و هەروەها هەر جەمسەرێک خۆی بە سپی دەزانێت و ئەوی تر بە ڕەش، نەمانی ناوچەی  خۆڵەمێشی بۆئەوەی جەمسەرەکان نزیک بکاتەوە یان شوێنێک یان ڕووبەرێک بێت بۆ بیرکردنەوە و شێوازی ژیان بەتەواوی تەسک کراوەتەوە.
ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە لەژێر ناوی ئازادی و مافی ئازادی ڕا دەربڕین، ڕای توند دەردەبڕدرێت و هەوڵی سەپاندنی دەدرێت. ڕای جیاواز، ئازادی، و بیرکردنەوەی جیاواز، کە چەندین ساڵە قوربانیی بۆ دەدرێت و خەباتی لە پێناودا دەکرێت، ئێستا بەهۆی جەمسەرگیریی توندەوە  کەوتووەتە مەترسیەوە و خەریکە ڕا و بۆچوونە توندەکان زاڵدەبن بەسەریدا. 

لەبەر ئەوەی رێگا بە ڕەخنە و بیرکردنەوەی داهێنەرانەی کەسەکان نادرێت، سیاسەتی یان لەگەڵمیت یان دژمیت پەیڕەو دەکرێت. جەمسەرگیریی توند سەرجەم بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، و کلتوری دەگرێتەوە، و لە هەموو بوارەکاندا ڕا و بۆچوون و ژیانی کەسەکان دابەش دەبن بۆ دووان، و سێیەمی نییە. 

لەناو ئەو دابەشکارییەدا بێگومان کۆمەڵگە لە ڕووی ئابوری و ئاستی ژیانیشەوە دابەشدەبن بۆ چینی سەرەوە و چینی خوارەوە، چینی ناوەڕاست وردە وردە ئەهاڕدرێت و نامێنێت. یان بە شێوازێکی تر  چینەکان جەمسەرەکان دابەشدەکەن،  لە هەردوو بارەکەدا چینی ناوەڕاست لە کۆمەڵگەدا کەم دەبێتەوە، زۆرینەی بەرەو خوارەوە و چینی هەژار  دەچن و کەمینە بەرەو سەرەوە و چینی دەوڵەمەند دەچن.
 لە کاتی ئێستادا  تەکنەلۆژیا  ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە قوڵکردنەوەی جەمسەرگیریی توند. لەجیاتی ئەوەی تەکنەلۆژیا دەرگای گفتوگۆ  بکاتەوە و چەندین ڕا و بۆچوون بخاتە ڕوو، هەروەها ڕێگا بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکاتەوە و ببێتە هۆکارێک  بۆ نزیک بوونەوە، جێی نیگەرانی و هەڵوێستەیە تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد جەمسەرەکانییان توند کرد و کۆمەڵگە لە جیاتی دیالۆگ و  داهێنان وەک دوو سەربازگەی زۆر دژ و دوو جەمسەری دوور لەیەک مامەڵە دەکەن.

بێگومان کۆمەڵگەی  ئێمەش  بەدەر نییە لەو دابەشکارییە، بەپێچەوانەوە هەندێک جار وا دەبینرێت کۆمەڵگە، وەک ئەوەی چاوەڕێی بیانوویەک بێت بۆ پەرتبوون و جەمسەرگیریی توند، وەڵام  و کاردانەوەی لا دروست  دەبێت. 

 پێویستە خەمخۆران لەئاست ئەم جەمسەرگیرییە توندە بوەستن و کار بۆ نەهێشتنی بکەن، بە تایبەت بۆ کۆمەڵگەیەک بە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەو کۆمەڵگەی ئێمە. دەسەڵاتەکان، دامەزراوەکان بە هەموو جۆرەکانەوە، میدیا، سۆشیال میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هونەرمەندان، و نووسەران، ... هتد.

دەبێت هەموان هەماهەنگی بکەن بۆ هێنانەکایەی کەشێکی ئازاد و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی ڕا و بۆچوون و ڕێخۆش کردن بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە، بوونی ڕا و ڕا و ڕای تر، بەکارنەهێنانی هیچ بۆچوونێک بۆ کارکردنە سەر هەست و ڕا و بۆچوون، ڕا و بۆچوونەکان لۆژیکییانە بن و لە بەرژەوەندیی گشتی و تاکەکانی کۆمەڵگە بن.


AM:10:52:29/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی