دەستوور وەک گرێبەستی نیشتمانی و گرەنتی مافەکان
نووری بێخاڵی
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی سلێمانی بۆ ئابووری، گەشەپێدان و وەبەرهێناندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا سەرنجی خستە سەر کۆمەڵێک تەوەری بنەڕەتی، کە ئاییندەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراقیان پێوە بەستراوەتەوە.
وتاری سەرۆکی هەرێم جەختکردنەوەیەکی ئاشکرا بوو لەسەر ئەوەی کە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی، پرۆسەیەک نییە بەبێ ژینگەیەکی سیاسیی جێگیر و سستەمێکی یاسایی سەربەخۆ بێتە دی، چونکە سەرمایە بەدوای متمانەدا دەگەڕێت و متمانەش بەبێ سەروەریی یاسا و ئاسایش دروست نابێت.
لەبەر ڕۆشنایی تێڕوانینەکانی سەرۆکی هەرێمدا، تێپەڕاندنی مۆدێلی ئابووریی بەکاربەر و ئاراستەکردنی سەرمایە بەرەو کەرتە بەرهەمهێنەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری، پێویستیی بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو هەیە تا کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش دەرفەتی گەشەکردنیان لە تەواوی عێراقدا بۆ بڕەخسێنرێت.
کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەم ڕوانگەیەی سەرۆکی هەرێم لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە دەستووری عێراق تەنیا بەڵگەنامەیەکی سیاسی یان ئیمتیازێکی تایبەت بە شوێن و پێکهاتەیەکی دیاریکراوی عێراق نییە، بەڵکوو گرێبەستێکی نیشتمانییە بۆ گەرەنتیکردنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەقی دەستووریش تاکە ڕێگای گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی و هەمیشەییی کێشە کەڵەکەبووەکانی پەیوەست بە بودجە، مووچە، نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدادا.
هاوکات سەرۆکی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و بەغدا سەرچاوەی هێز و تەواوکەری یەکترن، هەروەها سەقامگیریی گشتی پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەکان هەیە تا بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان سووک بکرێت و لە ڕێگای دەستوور و سەروەریی یاساوە ئاییندەیەکی گەش بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان فەراهەم بێت.
PM:05:18:17/09/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی