هەر رێکدەکەون با بۆ شەش ساڵ بێت

‌ كاوه‌ ئه‌مین

پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانەوێت، خۆشیان و خەڵکی باشووری کوردستان چەند ساڵێکی ئارام و دوور لە دڵەڕاوکە بەسەر بەرن باشترە رێکەوتننامەیەکی ستراتیژی بۆ ماوەی شەش ساڵ بکەن، بەڵام بەرژەوەندی نەتەوەی کورد بخەنە پێش بەرژەوەندی حیزبایەتییەوە (دەنا ئەگەر هەتا ئێستا تێریان نەخواردبێت بە پەنجا ساڵی دیکەیش تێر ناخۆن).

لەو رێکەوتنەدا بە روونی مافەکانی خەڵک دیاری بکرێت لە دابینکردنی موچە، کارە، ئاو و ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی ئەمنیەتی کوردستان. ئاخر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵی ماوە، هەتاوەکو ئەم ڕێکەوتننە کە بە حساب بەڕێوەیە جێبەجێ دەکرێت، شەش مانگێکی دەوێت واتە دەمێنێتەوە یەک ساڵ کارکردنی ئەم خولەی حکومەت و پەرلەمان.

جێگای دڵخۆشییە ئەگەر بە روواڵەتیش بێت هێزی پێشمەرگە یەکیگرتۆتەوە، بۆ ئەوەی حیزب دەستی لە هێزی پێشمەرگە بێتەوە و لەشکرێکی نەتەوەیی دابمەزرێت کاتی دەوێت.

هەڵبەتە پەرلەمان تەنیا جێگای پارەپەیداکردنە بۆ ئەندامانی حیزبەکان دەنا بوون و نەبوونی تەنیا شەرعیەت دانە بە حکومەت و هیچی دیکە، بەڕاستی مێژووی ئەم ساڵانەی پێشوو نیشانی داوین کە حکومەت پێویستی بە پەرلەمان نییە، بەم فۆرمەی ئێستایەوە هەبێت یان نەبێت وەکو سفری دوای فاریزە وایە، چونکە حکومەت بەبێ ئەوان باش و خراپ کاری خۆیان کردووە، بەدەیان ڕاوێژکاری پەرلەمان هەیە، ماوەی دوو ساڵە ڕاوێژ بە کێ دەکەن؟

هەرچی ئۆپۆزسیۆنە ئەوانیش خەریکی کاسپی خۆیانن و خەریکی خۆبژێوین وەکو ئەندام پەڕلەمانەکان، واتە کورت و کورمانجی بوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە و تەنیا ژاوەژاوێکیان دروست کردووە، ئەگەر وانییە یەک کاریگەری جدیی ئۆپۆزسیۆنم لەسەر حکومەت پێ بڵێن!


AM:11:00:16/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی