کتێب لە بەرامبەر شاشەدا دەدۆڕێت

‌سۆزی ئەیاد

ئەدەب تەنها کۆمەڵێک وشە نییە کە لەسەر پەڕەیەک دەنووسرێت، بەڵکو دەنگی دڵ، ئاوێنەی ژیان و دەربڕینی ناخی مرۆڤە. ئەدەب دەتوانێت مرۆڤ لە ناخی خۆی نزیک بکاتەوە و وای لێ بکات خۆی و هەستی خۆی باشتر بناسێت. کاتێک مرۆڤ شیعرێک دەخوێنێتەوە و هەست دەکات وشەکانی شیعرەکە باس لە خەمی خۆی دەکەن، گوزارشت لە ژیانی دەکەن ، یان چیرۆکێک دەخوێنێتەوە و خۆی لە شوێنی پاڵەوانەکەی دەبینێت، کەواتە ئەدەب تەنها خوێندنەوە نییە بەڵکو ئەزموونکردنی ژیانە. ئەدەب دەتوانێت دڵی خەمگین ئارام بکات، هیوای لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە و چاوێکی نوێ بۆ سەیرکردنی ژیان و مرۆڤەکان بە خوێنەر ببەخشێت.

لە کۆمەڵگای کوردیدا، ئەدەب لەگەڵ زمان و ناسنامە و مێژوومان پەیوەندییەکی قووڵی هەیە. زمانمان بە زۆرینەی ئەو شیعر و چیرۆک و بەرهەمە ئەدەبییە زیندووە کە نەوە بە نەوە گواستراونەتەوە. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کێشەیەکی گەورە و نابەجێ هەیە کەمبوونەوەی حەزی خوێندنەوە، بە تایبەتی لە نێوان هەندێک لە گەنجاندا. ژیانی خێرا، مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەردەوام بوون لە بەدواداچوونی ناوەڕۆکی کورت، هەندێک جار وای کردووە کاتی کەمتر بۆ کتێب و خوێندنەوە تەرخان بکرێت. زۆر کەس دەتوانێت کاتێکی زۆر لەسەر مۆبایل بەسەر ببات، بەڵام بۆ خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەکی کتێب حەوسەڵەی نەبێت.

ئەمە تەنها کێشەیەکی خوێندنەوە نییە، چونکە کتێب تەنها زانیاری نادات بەڵکو توانای بیرکردنەوە، خەیاڵکردن، هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە کەسانی تر پەرەپێدەدات. کاتێک خوێندنەوە کەم دەبێتەوە، لەوانەیە هەندێک لە گەنجان زووتر باوەڕ بە هەر زانیارییەک بکەن، کەمتر لەسەر بابەتەکان بیر بکەنەوە و لە تێگەیشتن لە هەستی کەسانی تر دوورتر ببنەوە.

چارەسەری ئەم کێشەیەش تەنها ئەوە نییە کە بڵێین «کتێب بخوێننەوە»، بەڵکو دەبێت خۆشەویستیی خوێندنەوە لە بنەڕەتەوە دروست بکرێت. خێزان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت کاتێک منداڵ لە ماڵەوە دایک و باوکی ببینێت کە کتێب دەخوێننەوە، ئەوا کتێب بۆی دەبێتە بەشێک لە ژیان، نەک پێویستیەکی قوتابخانە و پەروەردە . قوتابخانەکانیش دەبێت کتێبخانەکان زیاتر چالاک بکەن و لەگەڵ خوێندنەوە چالاکییە ئەدەبییەکان، پێشبڕکێی نووسین و خوێندنەوە و گفتوگۆ لەسەر کتێب بەڕێوە ببرن. هەروەها نابێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی بە دوژمنی کتێب بزانین دەتوانرێت هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەی کە کاتمان لێ دەبات، ببێتە ئامرازێک بۆ ناساندنی کتێب، نووسەر و بەرهەمی ئەدەبی بە گەنجان.

ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی هۆشیار، پێشکەوتوو و مرۆڤ‌دۆستمان هەبێت، پێویستە لە پەروەردەکردنی بیر و دڵی مرۆڤەکانەوە دەست پێ بکەین، و ئەدەب یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی ئەو پەروەردەیە. ئەدەب فێرمان دەکات کە پشت هەر ڕووخسارێکدا چیرۆکێک هەیە، پشت هەر بێدەنگییەکدا هەستێک هەیە و هەر مرۆڤێک جیهانێکی تایبەتی لە ناخیدا هەڵدەگرێت. بۆیە خوێندنەوە تەنها زیادکردنی زانیاری نییە زیادکردنی مرۆڤایەتییە.

ئەگەر ئەدەب لە ژیانی گەنجەکانماندا زیندوو بێتەوە، تەنها خوێنەرێکی زیاترمان نابێت، بەڵکو نەوەیەکی هۆشیارتر، هەستیارتر، بیرمەندتر و خۆشەویستتری زمان و ناسنامەمان پەروەردە دەکەین. چونکە ئەدەب چرایەکە لە تاریکیی ژیاندا و کۆمەڵگەیەک کە ئەو چرایە هەڵدەگرێت، نەک تەنها ڕێگای ڕابردووی خۆی باشتر دەبینێت، بەڵکو دەتوانێت ڕێگای داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی ڕووناک بکات.


PM:04:14:11/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی