تاران و واشنتۆن لە شەڕی کاتدا
هەڤاڵ عارف
ململانێکانی نێوان تاران و واشنتۆن پێیان ناوەتە قۆناغێکی ئاڵـۆز و نادیارەوە سەرەڕای خستنەگەڕی تەواوی بژاردەکان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ ڕامکردنی تاران لە هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسییەوە بگرە تا دەگاتە گەمارۆی سەختی ئابووری هیچ کام لەم میکانیزمانە نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی یان ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنن.
درێژەکێشانی ئەم بنبەستە باجێکی قورسی بەسەر ئێران و ناوچەکەدا سەپاندووە، لەلایەک تان و پۆی ئابووری وڵاتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، ڕووبەڕووی هەڵاوسانێکی توند و داڕمانی بەهای تمەنی کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە، زیانێکی گەورەی بە سەقامگیریی سیاسی، ئاسایش و ئابووری وڵاتانی ناوچەکە گەیاندووە، هێشتا هیچ ئاسۆیەکیش بۆ سازشکردن یان نزیکبوونەوە بەدی ناکرێت.
لە ئێستاشدا هەردوو جەمسەری قەیرانەکە بە دوو ئاراستەی جیاواز، ئیدارەی ململانێکە دەدەن.
تاران لەڕێگەی بەرپەرچدانەوەی هێرەشەکان، دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز و بەکارهێنانی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا کار لەسەر ستراتیژی بەڕێکردنی کات دەکات، هەوڵ دەدات تا کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتی ترەمپ خۆی ڕابگرێت و چارەنووسی ململانێکە بخاتە بەردەم ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، واشنتۆن بۆ زوو یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە، پشتی بە سیاسەتی سەپاندنی ئابڵوقەی سەختی ئابووری و وەشاندنی گورزی ناوبەناوی سەربازی بەستووە، ئەم پەلەکردنەی ئەمریکاش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئاڵەنگاری ئاڵۆز لەبەردەم ئیدارەکەی ترەمپدا.
ئاڵنگاری یەکەم: نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و سینات)ە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا، کە ڕەهەندێکی چارەنووسسازی هەیە.
ئاڵنگاری دووەم: بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە لە بازاڕەکانی جیهان و بەتایبەت ئەوروپا تەنانەت بەشێویەکی ناڕاستەوخۆ لە ناوخۆی ئەمریکاش نرخی سووتەمەنی بەدیاریکراوی گازوایل بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرز بووەتەوە، ئەم هەڵکشانەی نرخی ووزەش خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا دەکات
لەبەر ئەمەش مانەوەی دۆخەکە بەم شێواوییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ داکشانی دەنگی کۆمارییەکان، چونکە ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی کورسییەکان مسۆگەر بکەن ئەو ترافیکە سەوزەی بەڕووی دەسەڵاتە ڕەهاکانی ترەمپدا هەڵکراوە بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێت و لەمپەری گەورە لەبەردەم پرۆژەکانیدا دروست دەبێت، هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ کەوتووەتە پێشبڕکێیەکی توندەوە لەگەڵ کاتدا.
سەرئەنجام، گردوکۆی ئاماژە و پێشهاتە مەیدانییەکان تائەم سەروبەندە، بەو ئاراستەیەن، کە تاران لە گەمەی کاتدا باڵادەستە و توانیویەتی ململانێکان لە خزمەت مانەوەی خۆیدا درێژ بکاتەوە.
ئەمەش واشنتۆنی خستووەتە بەردەم تەنگژەیەکی ستراتیژیی قووڵەوە، کە نە دەتوانێت لە ڕێگەی بژاردەی سەربازییەوە ململانێکە یەکلایی بکاتەوە نە دەتوانێت پاشەکشەیەکی ئابڕوومەندانە بکات بێ ئەوەی باجی سیاسی بدات، بۆیە پێشبینی و ئەگەرەکان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە ئایندەی ئەم قەیرانە و چارەنووسی یەکلاکردنەوەکەی بکەوێتە سەر مێزی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا، بێگومان تا ئەو ساتەش ناوچەکە لەسەر لێواری ئاگر دەبیت و لە نێوان ئاڵۆزی و نیمچە هێوربوونەوەی کاتیدا دەمێنێتەوە.
PM:09:43:08/09/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی