کاتێک هونەر لە نێوان دوو ڕێگای نادیاردا راگوزەر دەکات

‌ئەحمەد مەحمود ئەمین

لە کوردستان، کێشەی هونەر تەنها کەمبوونی بودجە، کەرەستەی بەرهەمهێنان یان کەمبوونی پشتگیری نییە؛ کێشەکە قووڵترە. هەندێک جار خودی پێوەرەکانی هونەر لە نێوان سیاسەت، بەرژەوەندییە حزبییەکان و پەیوەندییە کەسییەکاندا ون دەبن.

لە ماوەی ئەم دواییانەدا، لە سلێمانی هەندێک بەرهەم و شانۆ دەبینین کە بە پشتگیری و پارەی دامەزراوەیی دەخرێنە سەر شانۆ، لە کاتێکدا لە ڕووی دەق، ناوەڕۆک، درامی و ئاستی هونەرییەوە دەرهێنان پرسیاری جددی لەسەرە.

ئەمەش پێمان دەڵێت کە پشتگیری نابێت جێگەی کوالیتی بگرێتەوە. هەرچەندە ئەو پشتگیریانە گرنگن و پێویستن، بەڵام دەبێت بۆ بەرهەمی باش بێت؛ نەک ئەوەی بەهۆی پشتگیرییەوە بەرهەمی لاواز بخرێتە بەردەم بینەر.
ئەگەر لایەنێک بەرهەمی لاواز پشتگیری بکات، و لایەنێکی تر هەمان بەرهەم بە هۆی سیاسەت ڕەت بکاتەوە، ئەوا هیچ کامیان خزمەت بە هونەر ناکەن. یەکێک کوالیتی دەخاتە ژێر سێبەری پشتگیری؛ ئەوی تر هونەر دەخاتە ژێر سێبەری سیاسەت.

لە ناو ئەم دوو فشارەدا، دەبێت دامەزراوەی فەرمیی کەلتوور و هونەر ئەو دەنگە بێت کە دەڵێت: «پێوەرەکە یەکە؛ هەر کێشەیەک هەبێت، بەرهەم بە کوالیتیی خۆی هەڵدەسەنگێندرێت.»

بەڵام ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر دەسەڵاتی پێویستی بۆ دانانی پێوەر، چاودێری و بڕیاردان نەبێت، و بڕیاری کۆتایی لە دەرەوەی دامەزراوەی فەرمییەوە دیاری بکرێت، کێشەکە لەوێ دەست پێدەکات کە دامەزراوەیەکی کەلتووری و هونەری، بەجێی ئەوەی بەپێی توانای هونەری، شارەزایی، ئەزموون و پێوەرە پیشەییەکان بەڕێوەببرێت، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سیاسەت و هەژموونی بەڕێوەبەرێکی لایەنێکی سیاسییەوە لە ناو وەزارەتدا بە بێ گەڕانەوە بۆ وەزیر، ئەم کێشە ئەو کاتە دروست دەبێت کە ئەو پەیوەندییە سیاسییە ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات لە بڕیاردانی هونەریدا.

هونەر پێویستی بە پشتگیری هەیە، بەڵام نە هەر جۆرە پشتگیرییەک.
پێویستی بە مارکێتینگ هەیە، بەڵام نەک مارکێتینگێک کە بەرهەمی لاواز بە بەهێز پیشان بدات.

پێویستی بە ڕکابەری هەیە، بەڵام نە ڕکابەریی شار، لایەن و حزب.
پێویستی بە ئازادییە، بە پێوەرە، بە بەرپرسیارێتی و بە کوالیتی.
چونکە ئەگەر شانۆی لاواز بە پشتگیرییەکی زۆر بخرێتە سەر شانۆ، بینەر لەوانەیە جارێک بێت؛ بەڵام ئەگەر هەمان شت بەردەوام بێت، بینەر خۆی لە شانۆ دوور دەخاتەوە.

و کاتێک بینەر دوور کەوتەوە، کێشەکە تەنها کێشەی یەک نمایش نییە؛ کێشەی داهاتووی شانۆیە.

لە بەرامبەری ئەوەش، ئەگەر بەرهەمی باش بەهۆی سیاسەت، پەیوەندی یان جیاوازیی بیرۆکە پشتگیری نەکرێت، ئەوا هونەر هەلی گەشەکردنی لەدەست دەدات.

لە کۆتاییدا، ئەوەی دەبێت بپرسین ئەمەیە:
ئێمە دەمانەوێت هونەرمان ببێتە مەیدانی ڕکابەریی سیاسی، یان مەیدانی ڕکابەریی کوالیتی؟
من پێم وایە وەڵامەکە دەبێت ڕوون بێت:
هونەر نابێت مەیدانی ڕکابەریی سیاسی بێت؛ هونەر دەبێت مەیدانی ڕکابەریی کوالیتی بێت.

چونکە سیاسییەکان دەتوانن شارەکان دابەش بکەن، لایەنەکان دەتوانن جیاوازی دروست بکەن؛ بەڵام هونەر دەبێت پرد بێت، نە بەربەست.
و ئەگەر ناتوانین هونەر لە دەستی سیاسەت دەربهێنین، لانی کەم نابێت ڕێگە بدەین سیاسەت پێوەری هونەر بێت….


PM:05:51:07/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی