گوتاری ڕق لە نێوان تەڵەی یاسا و چارەسەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا

‌ئارام سەعید

گوتاری ڕق بریتییە لە هەر شێوازێکی دەربڕین، نووسین یان هێرشکردنە سەر کەسایەتی، پێگە و کەرامەتی مرۆڤەکان کە ئامانجی پەراوێزخستن، شکاندن یان هاندان بۆ دوژمنایەتی بێت. لە پێناو ڕاکێشانی زۆرترین کارلێک و قازانج، ئەلگۆریزمەکان ئەو پۆستانە و دەربڕینانە زیاتر برەو پێدەدەن کە هەڵچوون، ڕق و دووبەرەکی دروست دەکەن.

باجی ئەمەش ڕۆژانە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەیدەن؛ لە منداڵ و هەرزەکارانەوە تا گەورەساڵان. بەم شێوەیە، پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا و ئەلگۆریزمە پێشکەوتووەکانیان ژینگەیەکی لەبار بۆ بەرهەمهێنان و تەشەنەسەندنی «گوتاری ڕق و کینە» خوڵقاندووە.
ئەم دیاردەیە برینێکی قووڵ و جیاواز لە دەروونی مرۆڤدا بەجێدەهێڵێت.

کاتێک کەسێک تووشی هێرشێکی جەستەیی دەبێت، برینەکەی دەبینرێت و زۆرجار کاتێکی دیاریکراو بۆ ساڕێژبوونی هەیە؛ بەڵام ئازاری دەروونی کە بەهۆی وشەی ژەهراوی، تەشهیر، جنێودان و هێرشی زارەکییەوە دروست دەبێت، نە دەبینرێت و نە کاتێکی دیاریکراوی بۆ چاکبوونەوە هەیە. هەندێک جار تەنها دەستەواژەیەک، بێ گوێدانە نیەتی هێرشبەرەکە، دەتوانێت ئازارێکی دەروونیی درێژخایەن بۆ تاک دروست بکات؛ ئازارێک کە لەوانەیە تا کۆتایی تەمەن لەگەڵیدا بمێنێتەوە و توانای بەرهەمهێنان، ئاسایشی دەروونی و متمانەی بەخۆی لێ زەوت بکات.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم کێشەیە ڕەهەندێکی مەترسیدارتری وەرگرتووە. بەهۆی قەیرانی سیاسی، نائومێدی و پەرتەوازەیی گوتاری گشتی، سۆشیال میدیا لە کوردستاندا زۆرجار بووەتە گۆڕەپانی تەشهیر و یەکترشکاندن. لەبری ئەوەی ئەم تۆڕانە ببنە پردی گفتوگۆی بنیاتنەر، زۆرجار بەکاردێن بۆ لەکەدارکردنی نەیاران و ناشرینکردنی کەسایەتییەکان. لەبەر قورسیی ئەم ئازارە، یەکەم پەرچەکرداری باو پەنابردنە بۆ دەسەڵاتی قەزایی و داواکردنی یاسای توندتر بۆ سزادانی بەکارهێنەران.

بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، پەنابردن بۆ یاسا وەک چارەسەری بنەڕەتی ڕووبەڕووی تەڵەیەکی گەورە دەبێتەوە. کاتێک چەکی یاسا دەخرێتە دەستی دەسەڵات و هێزە سیاسییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە بۆ مەرامی تەسک و بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی بە خراپی بەکاربهێنرێت. لە کەموکوڕیی سەربەخۆیی دادوەری و بە سیاسیبوونی کایە گشتییەکاندا، مەترسیی ئەوە هەیە هەندێک دەسەڵاتدار ڕەخنەی سیاسی و ئیداریی ڕەوا بە ناوی «تەشهیر» یان «گوتاری ڕق» بخەنە خانەی تاوانەوە و یاسا بکەنە ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین.

لە لایەکی تریشەوە، کاتێک پەنابردن بۆ یاسا ببێتە هۆی قەدەغەکردنی هەر دەربڕینێکی ناڕەزایی، ڕق و تووڕەیی لە ناخی کۆمەڵگەدا کەڵەکە دەبێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار جۆرێک لە بەتاڵبوونەوەی دەروونی بۆ تاک دەڕەخسێنن، و قەتیسکردنی زۆرەملێی ئەم دەربڕینانە دەتوانێت لە داهاتوودا مەترسیی گواستنەوەی تووڕەییی کۆمەڵایەتی بۆ توندوتیژیی فیزیکی لەسەر شەقام زیاد بکات. لەبەر ئەمە، سنووردارکردنی دەربڕین بە یاسا دەبێت بە وردی لەگەڵ پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین هاوسەنگ بکرێت.
کەواتە، ڕێگەچارەی ڕاستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق لە کوێدایە؟
ئەگەر پەنابردن بۆ یاسا تەنها چارەسەر بێت، لەوانەیە بێدەنگبوونی کۆمەڵگە لە کۆتاییدا خزمەتی هێرشبەران بکات، نەک پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. بۆیە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە کۆمەڵێک ئامرازی یەکگرتوو هەیە:

یەکەم: بنیادنانی بەرگریی دەروونیی تاک

مرۆڤی پێگەیشتوو، بەتایبەت ئەو کەسایەتی و سیاسییانەی لە کایەی گشتیدا کار دەکەن، دەبێت توانای بەرگەگرتنیان بۆ ڕەخنە بەهێز بێت و بە قسەی ناشیاو بە ئاسانی نەشکێن. ئەگەر تاک بەردەوام چاوەڕێی دەسەڵات بێت بۆ ئەوەی لە هەر وشەیەکی ناخۆش بیپارێزێت، لەوانەیە توانای بەرگری و وەڵامدانەوەی ڕەخنەی بێ‌بنەما لەدەست بدات. لەو کاتەدا، دەکرێت ببێتە قوربانییەکی لاواز و بێدەسەڵات لەبەرامبەر گوتاری ڕق.

دووەم: سزای کۆمەڵایەتی و نەریتەکان

کۆمەڵگە خاوەنی کۆمەڵێک بەها و ڕێسای نەنووسراوەیە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی ئەو کەسانە پەراوێز بخات کە زمانی ناشرین، جنێو و تەشهیر بەکاردەهێنن. سزای کۆمەڵایەتی، بە مانای سەرکوتکردنی کەس نییە؛ بەڵکو بە مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگە نیشان بدات کە سووکایەتی و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ نابێتە شتێکی ئاسایی و پەسەندکراو.

سێیەم: پەروەردەکردن لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی

گرنگترین وەبەرهێنان، پەروەردەیە. دەبێت نەوەکان لە منداڵییەوە بە جۆرێک ڕابهێنرێن کە بە دیدێکی شیکاری و ڕەخنەییەوە سەیری بابەتەکان بکەن، جیاوازیی بیروڕا وەک تاوان یان پەلاماری کەسی نەبینن، و لەبری ڕق و جنێو پەنا بۆ گفتوگۆی هێمنانە و بەڵگە ببەن.

لەبیرمان نەچێت کە جیاوازیی بیروڕا خۆی مەترسی نییە؛ بەڵکو شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو جیاوازییەیە کە دەتوانێت کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببات یان بیخاتە ناو بازنەی ڕق و توندوتیژییەوە.

لەو بارەیەوە، فەیلەسوفی بەریتانی جۆن ستیوارت میل لە کتێبی "دەربارەی ئازادی"دا بیرۆکەیەکی جوانی نوسیوە: «ئەو کەسەی تەنها لایەنی خۆی لە بابەتەکە دەزانێت، لە ڕاستیدا زۆر کەم لە بابەتەکە دەزانێت.» ئەم بیرۆکەیە یادمان دەخاتەوە کە ڕێگەگرتن لە دەنگی جیاواز بە هەموو شێوەیەک، نەک تەنها ئازادیی کۆمەڵگە کەم دەکاتەوە، بەڵکو توانای خۆڕاستکردنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەییی خۆشمان لاواز دەکات.

پاراستنی کۆمەڵگە لە ژەهری گوتاری ڕق بە تەنها بە سزادانی یاسایی و بەرتەسککردنەوەی دەربڕین ناکرێت؛ چونکە چەکی یاسا، ئەگەر بەبێ سنوور و چاودێری بەکاربهێنرێت، دەتوانێت لە دەستی سیاسییەکاندا ببێتە کەرەستەی خنکاندنی ئازادی. چارەسەر لەوەدا نییە کە هەموو دەنگە ناخۆشەکان بێدەنگ بکرێن؛ بەڵکو لەوەدایە کە کۆمەڵگە توانای جیاکردنەوەی نێوان ڕەخنە و ڕق، ئازادی و سووکایەتی، و دەربڕین و هاندانی توندوتیژی بەدەست بهێنێت.

لە کۆتاییدا، بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق لە هۆشیاریی تاکەوە دەست پێدەکات، بە پەروەردە بەهێز دەبێت، بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیری دەکرێت و تەنها لەو شوێنەدا یاسا وەک کۆتا چارەسەر بەکاردهێنرێت کە پێویست بێت.

نابێت ئامانج ئەوە بێت کە کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ دروست بکەین؛ دەبێت ئامانجەکە ئەوەبێت کۆمەڵگەیەک دروست بکەین کە بتوانێت جیاوازییەکان بە گفتوگۆ بەڕێوە ببات، ڕەخنە بەئاسایی وەربگرێت، و ڕق بە ڕق وەڵام نەداتەوە.


PM:03:30:23/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی