"کاتێک نەتەوەیی بوون دەبێتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی تاڵانی"

‌محه‌مه‌د هه‌ورامی‌

ئەو تێڕوانینەی پێی وایە "خراپترین حکومەتی کوردی لە باشترین بێگانە باشترە"، تەنها هەڵەیەکی لۆژیکی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی دووڕوویانەی ئەو کەسانەیە کە خۆیان لە دروستکردنی ئەو "خراپترینە"دا بەرپرسیارن یان لێی سوودمەندن. 

کاتێک ورد دەبینەوە لەو کەسانەی بانگەشە بۆ ئەم دروشمە دەکەن، دەبینین ئەوان قوربانیی دەستی گەندەڵی نین، بەڵکو خۆیان ئەندازیار و بەشداربووانی ئەو سیستەمە تاڵانچییەن.

 ئەوانەی بە شانازییەوە ئەم دروشمە دەڵێنەوە، هەرگیز لە نۆرەی نەخۆشخانە گشتییەکاندا چاوەڕێی دەرمانێکی سادەیان نەکردووە، ئەوان قەت ئازاری بێکاری و بێ مووچەیی و کرێچێتییان نەچەشتووە، چونکە گیرفانیان بە پارەی تاڵانکراوی هەمان ئەو وڵاتە پڕە کە بە ناویەوە قسە دەکەن.

حکومەت دامەزراوەیەکە بۆ خزمەتکردن، پاراستنی ئاسایش، و دابینکردنی خۆشگوزەرانی؛ ئەگەر حکومەتێک خەریکی تاڵانی و چەتەیی بێت، گرنگ نییە چ زمانێک دەدوێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی لەدەستداوە.

ئەم قسەیە لە دەمی کەسێکی هەژار و ستەملێکراوەوە دەرنایەت، بەڵکو قسەی ئەو بەرپرس و سوودمەندانەیە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، دەیانەوێت خەڵک بە بەهانەی "ترس لە بێگانە" بێدەنگ بکەن.

 پیاوێک کە بەڕاستی فەقیری و نەداری چەشتووە، پیاوێک کە بەهۆی نەبوونییەوە گیرفانی خاڵییە و لە ئاست داواکارییەکی بچووکی منداڵەکەیدا شەرمەزارە، هەرگیز ناتوانێت باوەڕ بەو قسەیە بهێنێت و پاساو بۆ دزەکانی بهێنێتەوە.

 بۆ دایک و باوکێکی دڵشکاو، برسیەتیی منداڵەکەی یەک جۆر ئازاری هەیە؛ زۆر گرنگ نییە ئەو کەسەی نانەکەی لێ سەندووەتەوە و شکۆی شکاندووە بە کوردی قسە دەکات یان بە زمانێکی تر چونکه ئازاری هەژاری و بچووکبوونەوە لەپێناو بژێویدا، هەموو دروشمە نەتەوەییەکان بەتاڵ دەکاتەوە.

ئەوانەی ئەم جۆرە لۆژیکە بڵاو دەکەنەوە، زۆر باش دەزانن کە کۆمەڵگەی کورد بەهۆی مێژووە پڕ لە ستەمەکەیەوە، هەستیارە بەرامبەر بە حوکمی بێگانە، بۆیە ئەم برینە دەقۆزنەوە و وەک چەکێک بەکاری دەهێنن تا خەڵک لە نێوان "دزی و تاڵانیی خۆماڵی" و "تۆقاندنی بێگانە"دا گیر بخۆن و ناچار بن بەو واقیعە تاڵەی کە هەیە ڕازی ببن و شوکرانەبژێر بن.

دەبێت بزانین و ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەین کە نیشتمان تەنها ناوێک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو ژیان و کەرامەت و نانی ناو سفرەی خەڵکە. ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم شتانە لە هاووڵاتییەکەی زەوت دەکات، بۆ ئەبەد نامۆیە پێی، تەنانەت ئەگەر هەمان خوێنیشی هەبێت.
کەرامەتی مرۆڤ بەندە بە ئازادی، یەکسانی و ژیانێکی شایستەوە. باشترین حکومەت ئەوەیە کە ئەم مافانە دابین دەکات و ڕێز لە کەرامەتی تاک دەگرێت. هاووڵاتیبوون مانای ئەوەیە تۆ خاوەنی مافیت، نەک قوربانییەکی بێدەنگ لەپێناو دروشمێکی نەتەوەیی بەتاڵدا. گەلی هۆشیار هەرگیز ڕازی نابێت بە ژیانێکی پڕ لە زەلیلی و هەژاری، تەنها لەبەر ئەوەی ستەمکارەکەی هاوزمانێتی.

نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینە ئەوە نییە چەپڵە بۆ دزەکانی ناوخۆ لێ بدەیت، بەڵکو ئەوەیە کە داوای باشترین بۆ گەلەکەت بکەیت و قبوڵی نەکەیت وڵاتەکەت بخرێتە خزمەتی چەند کەسێکەوە. با واز لە پاساوهێنانەوە بۆ خراپە بێنین؛ گەل شایستەی باشترینە، نەک خراپترین بە ناوی خۆماڵییبوونەوە.


AM:11:24:21/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی