چۆن سۆشیاڵ میدیا ڕۆحی مرۆڤ و سەبری بیرکردنەوە لەباردەبات؟

‌ئارام سەعید

  مرۆڤی هاوچەرخ لەناو ژاوەژاوێکی بێوێنەی دیجیتاڵیدا دەژی؛ جیهانێک کە تێیدا زۆرینەیەک هەن بێدەنگی وەک کەمتەرخەمی و سەبرگرتن وەک بێهەڵوێستی لەقەڵەم دەدەن. ڕۆژانە لە سۆشیاڵ میدیا لێشاوێک لە داواکاریی نەبینراو ڕووبەڕوومان دەبێتەوە بۆ حوکمدانی خێرا لەسەر هەموو شتێک لە گەورەترین قەیرانە سیاسی و مرۆییەکانەوە تا بچووکترین و بێبایەخترین ڕووداوی ڕۆژانە. 

ئەگەر بەشدار نەبیت لەو هاوارە بەکۆمەڵەدا، دەستبەجێ تاوانبار دەکرێیت بەوەی «ئەم بابەتە بۆ تۆ گرنگ نییە». لەم مۆدێلەدا، کەسێک خۆی هەڵوێستێک وەردەگرێت دواتر دەستبەجێ دادگایەکی مەیدانی بۆ ئەوانی تر دادەنێت؛ کە بۆچی وەک من پۆست ناکەن؟ بۆچی بێدەنگن؟ بۆچی بەشداریی فڵان پرسەتان نەکرد؟ هەمیشە کەسانێک هەن لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان پۆستی پۆلیسی ئەخلاقییان وەرگرتووە؛ هەر کە ڕووداوێک دەقەومێت،  دەستبەجێ پۆستێک دەکەن: بۆچی ئێوە وەک ئێمەتان نەکرد؟

ئەم تیرۆرە مەعنەوییە لە کاتێکدایە کە ڕووداوە مرۆییەکان و دۆخی سیاسی فرەڕەهەند و ئاڵۆزن. ئەوەی لەسەر شاشەکان دەردەکەوێت، تەنها وێنەیەکی پارچە پارچەکراو و دەستکاریکراوە، نەک تەواوی حەقیقەت. بۆ گەیشتن بە ڕاستی، پێویستمان بە هێمنی، مێشکێکی ساف و ڕەوینەوەی تەپوتۆزی ڕووداوەکانە؛ کەچی فەزای مەجازی دەرفەتی بیرکردنەوە بە کەس نادات.

 بیۆنگ-چول هان فەیلەسوف پێیوایە جیهانی دیجیتاڵی تووشی دیاردەی «نەمانی بەهای کات» بووە. زانیارییەکان هێندە بە خێرایی بەسەر یەکدا دەکەون، بواریان بۆ دروستبوونی تەجروبەی ڕۆحی، سەبر و حیکمەت نەهێشتووەتەوە. کاتێک هەموو شتێک دەبێتە «کاردانەوەی دەستبەجێ»، بیرکردنەوەی قووڵ شوێنی لەق دەبێت.

سەپاندنی هەڵوێستی دەستبەجێ جێگەی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بەڵگەکان دەگرێتەوە، ئەمەش کۆمەڵگە تووشی شڵەژانی فیکری دەکات ومافی بێدەنگیی هۆشیارانە وجیاوازیی تێڕوانین لە مرۆڤەکان زەوت دەکات.

فەلسەفە وعیرفانی ڕۆحی هەمیشە جەخت لەسەر «سەبر وبێدەنگی» دەکەنەوە وەک دەروازەی حیکمەت. بەڵام جیهانی ئینتەرنێت جیهانێکی ڕووتکراوەیە لە بەزەیی، لێبوردن وسۆزداریی ڕاستەقینە؛ شوێنێکە زۆرترین پاداشتی تووڕەیی دەکات.


PM:08:39:18/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی