مرۆڤ لە نێوان هەستی تورەبوون و ژەهری ڕقدا
کنێر عەبدوڵا
پەیوەندییە مرۆییەکان ئاڵۆز وجۆراوجۆرن. لەکاتی هەڵوێستی مرۆڤەکاندا تورەبوون و ڕق دەبنە دوو کاردانەوەی جیاوازو باو، ئەگەرچی زۆرجار تێکەڵ دەکرێن، لە کاتێکدا لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە جیاوازن.
بۆیە؛ تێگەیشتن لە جیاوازیی نێوانیان کلیلی سەرەکییە بۆ پاراستنی پەیوەندییە تەندروستەکان.
تورەبوون؛ هەستێکی کاتی و سروشتی
مرۆڤە وکاردانەوەیەکی سروشتییە بەرامبەر بە کردارێک، ڕەفتارێک، بارودۆخێکی نەخوازراو، یان هەستکردن بە ستەم و بێبەشبوون، توند دەست پێدەکات، بەڵام زوو تێپەڕ دەبێت و نامێنێت.
ومەبەست لێی گەیاندنی ناڕەزایەتییە بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر بزانێت سنوورێکی بەزاندووە.
کەمتر بنەمای وێرانکەری هەیە و دوای هێوربوونەوە، ئاسانتر پەیوەندییەکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
بە نموونە؛ هاوڕێیەک لە کاتی هەڵوێستێکدا بە هەڵە تێدەگات ئیدی تووڕە دەبێت و دەنگی بەرز دەکاتەوە و ووشەی ناخۆشیش ئەڵێت یان گلەیی توند دەکات . ئەمە تورەبوونە، چونکە هۆکارەکەی دیارە و ئامانجەکەی چارەسەرکردنی کێشەکەیە.
بەڵام ڕق؛ هەستێکی دەروونیی قووڵ و بەردەوامە، چەسپاو و درێژخایەنە کە بەرامبەر بە کەسێک یان کۆمەڵێک دروست دەبێت ، و لە ناخدا گەشە دەکات و دەمێنێتەوە لە ئەنجامی کەڵەکەبوون و قسەنەکردن و لەسەر کەسایەتییەکە دروست دەبێت و پێیوایە بەرامبەرەکە بە تەواوی خراپە.
بە ئامانجی سزادان، لەناوبردن یان دوورکەوتنەوەی هەمیشەیی لایەنی بەرامبەر. بە نموونە؛ ئەگەر هاوڕێکەت بە مەبەست و چەندین جار ناپاکی لە متمانەت کردبێت، و تۆ لە بری کێشە چارەسەرکردن، بڕیار بدەیت کە هەمیشە رقت لێی بێت، پشتگوێی بخەیت و هیوای سەرکەوتنی بۆ نەکەیت؛ ئەمە رقە.
لەو روانگەیەوە تورەبوون بەشێکە لە مرۆڤبونمان وەک هەورە بروسکەیەکە بۆ پاکردنەوەی ئاسمان ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەڵام ڕق وەک ژەهرێکە کە بە هێواشی لە ناخدا دەمێنێتەوە و لە پێش هەموو کەسێکدا، ئەو کەسە دەخوات کە هەڵیگرتووە. بۆیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، گرفت لەوەدایە کاتێک تورەیی بگۆڕێت بۆ ڕقی هەمیشەیی، چونکە تورەبوون پەیوەندی دەشکێنێت، بەڵام ڕق بناغەکانی دەڕوخێنێت، وەگواستنەوەی تورەبوون بۆ ڕق پرۆسەیەکی مەترسیدارە کە بنەمای متمانە و خۆشەویستی دەڕوخێنێت.
ئەگەرچی تورەبوون لە بنەڕەتدا هەستێکی بەرگریی کاتییە، بەڵام چەند هۆکارێک وا دەکەن ئەم هەستە ببێتە نەخۆشییەکی دەروونی درێژخایەنی وەک ڕق لەوانە؛ دووبارەبوونەوەی ئازار و بێباکی واتە ئەگەر هۆکاری تورەبوونی تۆ (بۆ نموونە هاوڕێیەک، یان کەسێکی نزیک) چەندین جار ئەو هەڵەیە دووبارە بکاتەوە و هیچ پەشیمانییەکی نیشان نەدات، مێشک لەبری چارەسەرکردن، دۆخەکە دەگوازێتەوە بۆ بەرگریی هەمیشەیی کە ئەویش ڕقە.
هەروەها کەڵەکەبوونی گلەییە نەگووتراوەکان بەو واتایەی زۆر جار مرۆڤەکان لە کاتی تورەبووندا قسەکانیان ناڵێن و لە خۆیاندا دەیهێڵنەوە، ئەم کەڵەکەبوونە بێدەنگە وردە وردە ناخ پڕ دەکات و دەبێت بە ڕق.
ئەمە وێڕای ئەوەی لە قۆناغی تورەبووندا تۆ هێشتا هیوایەک بە لایەنی بەرامبەر دەهێڵیتەوە. دەتەوێت گوێت لێبگرێت، دەتەوێت بگۆڕێت، یان لانیکەم داوای لێبووردن بکات. پەیوەندییەکە هێشتا زیندووە.
بەڵام لە قۆناغی ڕقدا هیوای گۆڕانکاری نامێنێت. تۆ ئیتر ناخوازیت ئەو کەسە بگەڕێتەوە، یان تەنانەت گۆڕانیشی بۆ گرنگ نییە. تەنها بتەوێت دوور بیت یان سزای بدەیت. لێرەدا، مێشک بڕیار دەدات کە "ئەم کەسە بە تەواوی خراپە و هیچ کاتێک چاک نابێتەوە.
بێگومان هۆشیاری تاک رۆڵی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی بەر لەوە بگرن کە توڕەبوون نەچێتە قۆناغی ڕقەوە و ئیدی گفتوگۆی بەردەوام و قسەکردن لەمەڕ کردارو روداوەکان لە قۆناغەکاندا ببێتە رێگەچارە لەبری کەڵەکەبوون و بێدەنگی و پەنگخواردنەوە .
PM:07:05:18/08/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی