بەڕوونی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییەوە بۆ دۆخی بێ‌ئومێدی و تەنگەشەی سیاسی بە کوێ دەگات

‌کارۆخ سەید ڕزگار

هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی ئابووری و کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێت قۆناغێک کە تەنها بە گۆڕینی دەسەڵاتەکەی یان دروستکردنی حزبی ئۆپۆزسیۆنی نوێ چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە هەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حکومڕانی باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جارێکی دیکە ئاوێتەکردنەوەی دەسەڵات و هاووڵاتییان.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، بەردەوامبوونی دابەشبوونی کۆی حزبە سیاسییەکانە بەسەر دوو بەرەدا وەک زۆنی سەوز و زەرد هەربۆیە بەرژەوەندیی حزبی لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتییەوە دەپارێزرێت دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم لاواز بوون و متمانەی هاووڵاتی بە سیستەمی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە هەرێمی کوردستان کە دەبێت نموونەیەک بێت بۆ حکومڕانیی باشی کوردی لە ناوچەکەدا نابێت بەسەر ناوچەی نفووز و حسابی حزبییدا دابەش بکرێت.

لە بواری ئابووریشدا فشار لەسەر ژیانی هاووڵاتییان بە ئاشکرا دەبینرێت هەڵ کشانی نرخی بەنزین بە ئاشکرا هاووڵاتی خستووەتە بارودۆخێکی خراپەوە. بێکاری کەمبوونی هەلی کار کێشەی مووچە و خەرجییەکانی ژیان هەستی دڵەڕاوکێی دروستکردووە و بێ‌ئومێدی لەلای بەشێک لە سیاسییەکان و هاووڵاتییاندا دروست کردووە کاتێک گەنجێک ناتوانێت بە تواناکانی خۆی داهاتوویەکی ڕوون بۆ خۆی بنیادبنێت ئەمە تەنها کێشەی تاک نییە بەڵکو نیشانەی کێشەیەکی قووڵی سیستەمەکەیە.

لە هەمان کاتدا کێشەی دادپەروەری و یەکسانی لە ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە. دەوڵەت و حکومەت نابێت تەنها بۆ ئەوانە بێت کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن بەڵکو دەبێت بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێم بێت بەبێ جیاوازی. هیچ لایەنێک لە مێژووی حکومڕانیی هەرێندا ناتوانێت بەردەوام پێش بکەوێت ئەگەر هاووڵاتی تێیدا پەراوێز بخرێت یاخود لایەنێک پەراوێز بخرێت.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەموو جۆرە ڕکابەرییەکی سیاسی نییە، بەڵکو تەنها پێویستی بە ڕکابەرییەکی بەرپرسانە هەیە. پێویستی بە سیاسییانێک هەیە کە لەبری دروستکردنی ترس و دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو زۆنی سەوز و زەرد بەرنامە و چارەسەر پێشکەش بکەن بۆ پێویستی و زەروورەتی ئەم قۆناغە، کە ئەویش کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمە.

ئەگەر دەسەڵاتێکی لێپرسراو و سیستەمێکی سیاسی لە هەرێمدا هەیە، حەق وایە دەست بە جوڵەی سیاسیی ڕاستەقینە بکرێت بۆ چارەسەری کۆی کێشەکانی هەرێمی کوردستان نەک نمایشی سیاسی من بە زانیارییەوە دەڵێم هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا وەزعی زۆر خراپە لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا هەندێک وڵات هەن هەست دەکەم نایانەوێت لەگەڵ هەرێم مامەڵەی سیاسی و ئابووری بکەن لەبەر ئەوەی دامەزراوەکانی شەرعییەتیان نییە.


PM:03:50:16/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی