غیابی فیکر لە حوکمڕانیی هەرێمدا

‌عوسمان مەلا ئەحمەد

کاتێک لە حوکمڕانیی هاوچەرخدا ئاخاوتن لەسەر داهاتووی هەرێمێک یان وڵاتێک دەکرێت، بەر لە چەک و سەرمایەی دارایی، ئاماژە بە هێزی ڕامان، دیدگای ستراتیژی و ژێرخانی فیکری دەکرێت، فیکر لە دەوڵەتداری و ئیدارەداندا تەنها چەمکێکی تیۆری یان بابەتی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەکادیمییەکان نییە، بەڵکو نەخشەڕێگا و داینەمۆی بەگەڕخستنی تەواوی جومگەکانی ژیانە لە ئابووری و پەروەردەوە تا دەگاتە سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، درزێکی قووڵە لە نێوان سەپاندنی دەسەڵات و بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای فیکر.

یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی حوکمڕانیی هەرێم، پشتبەستنی تەواوە بە ئیدارەدانی قەیران لەبری پلانڕێژیی ستراتیژی، دەسەڵات لە کوردستاندا بەردەوام لە حاڵەتی کاردانەوەدا ژیان بەڕێ دەکات، چاوەڕێی ڕووداوەکان دەکات ڕووبدەن، پاشان بەپەلە و بە ئامرازی کاتی هەوڵی کەمکردنەوەی کارتێکردنەکانیان دەدات، ئەم شێوازە لە ئیدارەدان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ناوەندی توێژینەوەی نیشتمانی و دابڕانی جدییە لە نێوان بڕیار بەدەستان و ناوەندە فیکری و ئەکادیمییەکان، کاتێک بڕیاری سیاسی لە شوێنی فیکر و ئەزموونی زانستی لەسەر بنەمای مەزاجی شەخسی، ڕێککەوتنی ژێربەژێر یان بەرژەوەندیی تەسک و کاتیی حیزبی دروست دەبێت، ئەرکەکانی دەوڵەتداری پووچەڵ دەبنەوە.

لە ڕەهەندی ئابووریدا، غیابی فیکر زیاتر لە هەر بوارێکی دیکە ڕەنگیداوەتەوە، هەرێمی کوردستان تا ئێستاش خاوەنی فەلسەفەیەکی ڕوونی ئابووری نییە، دیار نییە سەرمایەدارییەکی کراوەیە، خۆشگوزەرانییەکی کۆمەڵایەتییە یان بازاڕێکی بێسەروبەرە.

نەبوونی دیدگا بۆ خستنەگەڕی کەرتی بەرهەمهێنان (کشتوکاڵ و پێشەسازی) و پشتبەستنی سەد لە سەد بە داهاتی نەوت، سەلمێنەری ئەوەن کە ئابووریی هەرێم نە لەسەر فیکری گەشەپێدانی بەردەوام، بەڵکو لەسەر بنەمای بەکاربردنی خێرا بنیادنراوە.

زیانی جەوهەریی ئەم غیابە فیکرییە، پاشەکشەی پرۆسەی دامەزراوەسازییە، کاتێک یاسا و دامەزراوەکان نەبنە مەرجەعی یەکەم و کۆتایی لۆژیکی هێز دەبێتە جێگرەوەی هێزی لۆژیک و ئەنجامی ئەمەش دروستبوونی کەلێنێکی گەورەی متمانەیە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا، کە دیارترین نیشانەکانی بریتین لە بێئومێدیی نەوەی نوێ، کۆچی مێشکە بەتواناکان و سستبوونی ئینتیما بۆ خاک و نیشتمان.

ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە بیناکردنی کۆنکرێت و پڕۆژەی بێ‌دیدگاوە دەست پێناکات، بەڵکو لە گەڕانەوە بۆ فیکر دەست پێدەکات، هەرێم پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئەرکەکانی دەسەڵات، گەڕاندنەوەی بڕیار بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان، و پەیڕەوکردنی فەلسەفەیەکی ڕوونە کە مرۆڤ بکاتە چەقی گەشەپێدان و بەبێ نەخشەڕێگایەکی فیکریی نیشتمانی تەواوی هەوڵەکان تەنیا درێژەدان دەبن بە ئیدارەدانی قەیرانەکان، نەک چارەسەرکردنیان


PM:03:01:13/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی