وەدات حسێن گەیەنەری ئەو دەنگە بوو کە لە بادینان کپ کرابوو
شنا فایەق
شەهید وەدات حسێن ماوەیەکی کورت لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز کاری کرد، بەڵام لەو ماوەیەدا توانی کاریگەرییەک دابنێت کە دەسەڵاتی زۆنی زەرد بە تەواوی چاوی بخاتە سەری و لە ماوەی ئەو چەند مانگەی کارکردنیدا چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەوە و بانگهێشتی ئاسایش کرا تا دەست لەکاربکێشێتەوە، شەهید وەدات ئەوەی نیشاندا کە هەڵگرتنی مایکی ڕۆژنیوز لە ناو شاری دهۆک، گەیاندنی ئەو دەنگە بوو کە لە هەرێمی بادینان کپ کرابوو، تا ڕاستیی ئەو دەسەڵاتە نیشانی خەڵک بدات.
لە دوای ئەو هەڕەشانەی لێی کران، وەدات ڕێگەی ڕاستی هەڵبژارد و ئامادە نەبوو لە پێناو سەروەت و ساماندا بیروبۆچوونی خۆی هەراج بکات، هەروەها ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بنەمایانەی لەسەریان پەروەردە بووبوو سازش بکات، بۆیە وەدات هەم بۆ من کە بەیەکەوە کارمان کردبوو، هەم بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بووە بە هێمای ئازادی.
ئامانجەکە ڕوونە، کاتێک دەبینێت ڕۆژنامەنووسێک بە ئازاییەوە ڕووبەڕووی ئەو هەموو هەڕەشانەی سنوورەکە دەبێتەوە و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکاتە پیشەی تێکۆشان، بێگومان ئەوە بۆ پەدەکە قبووڵکراو نییە.
ئێمە مێژووی پەدەکە دەزانین هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیرۆرکردنی ڕەئوف ئاکرەیی و هەموو ئەو زنجیرە تیرۆرانەی بە دوای ئەودا هاتن، هەمیشە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ڕۆژنامەنووساندا بوون، بێگومان ئەوەی شەهید وەداتیان پێ قبووڵ نەکرا، چونکە لە دواین هەڕەشەدا پێیان گوتبوو کاری تۆ لای ئێمە تەواو بوو، وەدات حسێن دەشیزانی مەبەستیان چییە.
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە تا ئێستاش لەسەر ئەو ڕەوتەی تیرۆرکردن، زیندانیکردن، بەکارهێنانی پارە و هەڕەشەکردن بەردەوامن، ئەمەش لە پێناو مانەوەی خۆیان و پاراستنی ئەو تاڵانچییەتییەی لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەی دەبەن، بۆیە تیرۆرکردنی شەهید وەدات حسێن یەکێک بوو لەو ڕێگایانەی پەدەکە تاقی کردەوە تا دەنگی ئازادی و خەڵکی ناوچەکەی پێ بێدەنگ بکات.
ڕۆژنامەنووسان لە ژینگەیەکی زۆر مەترسیداردا کار دەکەن و ڕاستەوخۆ دەستەویەخەن لەگەڵ دەسەڵاتێکی ستەمکار، ڕۆژنامەنووسان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشە، دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و ڕاپێچکردن بۆ دادگاکان دەبنەوە، هاوکات دەزگاکانیشیان ڕووبەڕووی داخستن و سووتاندن دەکرێنەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای دەستکەوتنی زانیاریی هەیە، بەڵام بە هیچ کام لەم یاسایانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا ناکرێت، بەڵکو یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بووەتە چەکێکی بەهێز لە دەستی دەسەڵاتدا بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان.
سەرەڕای بوونی دەرفەتێکی کەم بۆ کاری ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ژنان پشکی شێریان لە چەوساندنەوە بەر دەکەوێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرووی ٥٠٪ی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ناو خودی دەزگاکانی خۆیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی، جیاکاری و هەراسانکردن دەبنەوە لە کاتێکدا هیچ یاسایەک نییە بەرگری لە ژنانی ڕۆژنامەنووس بکات، دەسەڵاتی سیاسی بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان زۆر جار پەنا بۆ یاساکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەبات.
کاتێک ژنان لە ژێر سایەی سیستەمێکی پیاوسالار و پاوانخوازدا کار دەکەن، بێگومان دۆخیان بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی پیاو خراپتر دەبێت و هیچ شوێنێک نادۆزنەوە تا بە ئازادانە کاری تێدا بکەن و بەرگری لە خۆیان بکەن.
کارکردنی ژنان مەترسیی زیاتر دەخاتە سەر بناغەکانی سیستەمی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە ژنان بە دوای ڕاستیی خۆیان و ڕاستکردنەوەی ئەو مێژووەدا دەگەڕێن کە ساڵانێکە چەواشە کراوە و ڕاستیی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدەن کە تێیدا پیاو سەردەستەیە و ژن قوربانی و بەکاڵاکراوە بۆ سپیکردنەوەی پارە بەکاردەهێنرێت، کاتێک ژنێک دەست بۆ ئەم پرسانە دەبات مەترسییەکان زیاتر دەبن، دەسەڵاتیش چاوی خستووەتە سەر ئەو ژنانەی وەک دەنگی ڕاستەقینەی ژن لە کایەی ڕاگەیاندندا کار دەکەن.
ئەو داواکاری و خواست و ویستانەی هەمانبووە، بۆ ئێستا و دەیان ساڵی دیکەش تا ئەو کاتەی بکوژان لە دادگایەکی دادپەروەردا بە سزای گەل دەگەن، هیچ کات سازشیان لەسەر ناکەین، هەروەک لە تیرۆرکردنی سەردەشت، کاوە، سۆران و ئەوانی دیکەشدا وتوومانە ئازادیخوازان لە تیرۆریست و بکوژان خۆش نابن.
PM:01:41:11/08/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی