«پیانۆ» و فەلسەفەی ناتەواوبوون
خوێندنەوەیەکی باختینی
شەنگار سابیر
ڕەخنەی باش لەو شوێنە دەستپێناکات کە بپرسێت: «ئەم شانۆیە باش بوو یان خراپ؟» ئەو پرسیارە، پرسیارێکی بازاڕییە دەربارەی هونەر. پرسیاری فەلسەفی شتێکی دیکەیە: ئەم شانۆیە چ جۆرە ڕاستییەک ئاشکرا دەکات کە بیرکردنەوەی ئاسایی ناتوانێت بیبینێت؟
میخائیل باختین، لە خوێندنەوەکانی خۆیدا بۆ رابڵێ و دۆستۆیڤسکی، بەردەوام لە دژی ئەو بیرکردنەوەیە دەوەستێت کە پێی وایە هەموو دەنگێک دەبێت لە کۆتاییدا بگاتە یەک ڕاستی،یەک جۆر لە حەقیقەت و یەک وێنەی ئەبەدی. لە دیدی ئەو، ژیان هەرگیز تەواو نابێت. هیچ مرۆڤێک کۆتایی نییە، هیچ وشەیەک دوا وشە نییە و هیچ دەنگێک مافی ئەوەی نییە کە قسەی کۆتایی بکات. باختین/ ئەم دۆخە بە «ناتەواوبوون» دەناسێنێت/ چەمکێک کە نەک تەنها لە ڕووی فەلسەفییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەخلاقییشەوە گرنگە، چونکە واتای ئەوەیە مرۆڤ هەمیشە زیاترە لەو وێنەیەی کە دەسەڵات، کۆمەڵگا یان تەنانەت خۆی لە سەر خۆی درووستی کردووە.
بەو مانایە، «پیانۆ» لە سەرەتاوە پێشنیاری وەڵام ناکات، پرسیار دروست دەکات. کەسایەتییەکانی لە چوارچێوەی «باش» و «خراپ» فۆرمیولە نەکراون. هەر یەکەیان لە ناو ناکۆکییەکی ناوەکی دەژین و هەر بڕیارێکیان لە هەمان کاتدا هەم دەتوانێت بەرحەق بێت و هەم جێی ڕەخنە. ئەمە لاوازیی نووسین نییە، بەڵکو هێزی ئەو ناوکەیە کە دەقی لەسەر بونیاد دەنرێت[ هەرچەندە من لێرەدا مامەڵە لەگەڵ بۆتیقای دەق ناکەم] هێندەی ناوەڕۆکێکم بۆ گرنگە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان کەوتۆتە ناو پەراوێزە ئایدۆلۆژییەکانەوە. چونکە ژیانیش ئاوا کار دەکات. تەنها ئایدیۆلۆژیاکانن کە مرۆڤ دەکەن بە کەسایەتییەکی تەواو و یەکلایەن.
لێرەدا [کارناڤاڵ] مانایەکی نوێ وەردەگرێت. زۆر کەس وا تێدەگەن کارناڤاڵ تەنها جەژنی خەندەیە، بەڵام لە دیدی باختین، کارناڤاڵ ئەو ساتەیە کە هیچ دەنگێک ناتوانێت داوای دوا وشە بکات. پاشا و گەدا، مامۆستا و قوتابی، پیاو و ژن، هەموویان دەکەونە ناو گفتوگۆیەک کە لەناویدا پلەبەندییەکان، بۆ ماوەیەک هەڵدەوەشێن. ئەمە واتای بێ ڕێکخستنی نییە،واتای ئەوەیە کە ڕێکخستن بۆ یەک چرکە لە دەرەوەی خۆی، خۆی دەبینێت.
«پیانۆ» لە ئەو شوێنانە کاریگەرترە کە ئەم کارناڤاڵە دروست دەکات. خەندە لێرەدا وەڵامی ئاسوودەیی نییە، شێوەیەکی نائارامییە. بینەر پێدەکەنێت، چونکە یەک لە دوای یەک، ئەو ماسکانە دەکەون کە کۆمەڵگا بەسەری کەسایەتییەکانیدا کردوون. ڕێز، دەسەڵات، ئاکار، ناوبانگ، هەموویان بۆ ماوەیەک لە پیرۆزیی خۆیان دادەبەزن. ئەوەی لێرەدا دەشکێت، خودی ئەو باوەڕەیە کە هەندێک شت لە دەرەوەی ڕەخنەن.
ئەم شکاندنە بە شێوەیەکی زۆر دیار لە ڕیالیزمی گڕۆتێسکدا دەردەکەوێت. باختین جەستە بە دژی ڕۆح دانانێت، جەستە بۆ ئەو/ ئەو شوێنەیە کە ژیانی هەمیشە لە گۆڕاندایە. گڕۆتێسک واتای ناشیرینی نییە، واتای هەڵوەشاندنی تەواوبوونە. کاتێک شانۆ، ئەو وێنانەی دەسەڵات لە خۆی دروستی کردووە دەخاتە ناو جۆرێک لە گاڵتەوە، مرۆڤ سووک ناکات، بەڵکو لە پیرۆزیی درۆیینە ڕزگاریان دەکات.
بەڵام لێرەدا خاڵێکی ڕەخنەگرانە هەیە. «پیانۆ» هەندێک جار لە هێزی ئەو خەندەیەی خۆی سەرخۆش دەبێت. دیمەنێک دەگاتە لووتکەی کۆمیدی، بەڵام لە هەمان ساتدا مەترسی ئەوە دروست دەبێت کە بینەر بە خەندەکە ڕازی بێت و پرسیارە ڕاستەقینەکە لە یاد بکات. باختین کارناڤاڵ بە ئامانج نازانێت، بەڵکو کارناڤاڵ دەرفەتە. ئەگەر خەندە ببێتە کۆتایی، کارناڤاڵ لە مانای خۆی دوور دەکەوێتەوە. خەندە دەبێت دەروازەی بیرکردنەوە بێت، نەک جێگرەوەی.
هەر لێرەوەیە کە هێزی ڕاستەقینەی «پیانۆ» دەردەکەوێت. گرنگی ئەم شانۆیە لەوەدا نییە کە پێکەنین دروست دەکات، زۆر شانۆ دەتوانن ئەوە بکەن. گرنگییەکەی لەوەدایە کە ناهێڵێت ئەو پێکەنینە بە ئارامی تەواو بێت. دوای کۆتایی نمایش، خەندە هێشتا لە هۆشی بینەردا دەژی، بەڵام ئیتر خەندەیەکی بێتاوان نییە، بووە بە گومان. گومان لەوەی کە ئایا ئەو جیهانەی بە ئاسایی تیایدا دەژین تەنها یەک جیهانە، یان تەنها یەک ڕێکخستنی مێژووییە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی دیکەش ئامادەیی و بوونی هەبێت.!
بۆیە، ئەگەر بمەوێت «پیانۆ» بە یەک ڕستە بناسێنم، دەڵێم: ئەم شانۆیە لەبارەی وەڵامە زۆر و زەوەندەکان نییە، بەڵکو لەبارەی پاراستنی پرسیارەکانە. لە فەلسەفەی باختیندا، ئەو هونەرە گەورەیە کە مرۆڤ ناچار دەکات هەمیشە ناتەواو بمێنێتەوە، چونکە تەنها مرۆڤی ناتەواو دەتوانێت جیهانێکی نوێ بخوڵقێنێت.
دوای ساڵانێک دوور بوونم، دڵخۆشم نمایشێکی باشم بینی. سوپاس بۆ کاک شوان کەریم و هەموو ئەو هاوڕێیانەی نمایشیان کرد. بەهیوای کاری باشتر و جددیتر.
AM:11:43:29/07/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی