ڕەچەتەی فەلسەفی: هاوکێشەی تەقینەوە گەورەکە

‌د. ئەمیر حسێن

سیستەمی سیاسی تەنها بەهۆی داڕمانی ئابوری وێران نابێت، بەڵكو زیاتر بەهۆی هەڵوەرینی ( واتا) دەڕوخێت. (هاوکێشەی تەقینەوە) تەنها ژمارەیەکی ڕووتی بیرکاری نیە. بەڵکو کارلێکێکی كیمیاییە لە هەناوی شەکەت و ماندوی کۆمەڵگادا، کاتێک هەژاری و بێئومێدی دەخزێتە ناو دەمارەکانی هەمو کوچەو کۆڵانێک، لە بەرامبەردا پاداشتی ناڕەوا (ئیمتیازات)، دەبێتە بەشی سەرەکی دەستەیەکی گەندەڵی مشەخۆر، لێرەوە ستەمکاری لە دڕندانەترین فۆڕمدا بەسەر ئیرادە و کەرامەتی هاوڵاتیاندا خۆی دەسەپێنێت، درۆو هەڵخەڵەتاندن دەبێتە زمانی گفتوگۆ لای دەسەڵاتداران. لە دۆخێکی ئاوادا شیمانەی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی، لە هەمو کات زیاتر دەخەمڵێ . تەقینەوەیەک بەتەنها ئێستا وێران ناکات، بەڵکو مێژوو هەڵدەتەکێنێ و ئایندە تاریک دادێنێ.


شایەتحاڵە مێژووییەکان وەک پەند وعیبرەت :


-شۆڕشی فەرەنسا:


جووتیاران تەنها لەژێر بارگرانیی باجە زۆرەکاندا نەیان دەناڵاند، بەڵکو تووشی جۆرێک لە (نامۆبوونی وجودی) ببوون. هەژاری ڕۆژ بەڕۆژ، جوگرافیای بە بیابانیونی برسیەتی، فراوانتر دەکرد، لە بەرامبەردا کەڵەکە بونی سەرمایەی دەستەبژێرە چاوچنۆکەکان، وەک خەونی تەلارە سەرڕێژەکان لە کەیف و سەفا و ڕابواردنی قێزەون، تا دەهات زیاتر باڵای دەکرد. هەر بۆیە کۆشکەکەی (ڤێرسای) بەهۆی قەیرانی نانەوە نەڕووخا، بەڵکو بەهۆی ئەو مەسافە فراوانە ئەخلاقیەی، کەوتبۆ نێوان جوانی و ڕازاوەیی کۆشکی پاشا و کەپرو کۆختەی جوتیارە هەژارەکان، بێشەرمی گەیشتبۆ ئاستێک نه قەڵغانی دەسەڵات توانای شاردنەوە و پاراستنی مابوو، نه میتافیزیکای (مافی ئیلاهی). ئەگەرچی بەردەوام ئەم مافە، لە قوربانیەکان دەخوازێ، ڕێز لە پیرۆزی خەنجەری جەللادەکەیان بگرن.


-ڕوسیای قەیسەری:


لە کاتێکدا برسییەتی سەرقاڵی توێکاری و داماڵینی کەوڵی کرێکاران بوو لە شەقامەکانی مۆسکۆدا، لە هەمان کاتدا (قەیسەر) گۆشەگیرانە لە کۆشکە زێڕینەکەیدا، نوقمی ڕابواردن و گوێگرتن بوو لە دەربارەکانی، چۆن خەونی ئەبەدیان بەدەم سەمفۆنیای هێڵنجەوە بۆ دەهۆنیەوە. دەیانویست پەیکەرێکی وەک حەقیقەتی ڕەهاو پیرۆز بە نوکی شمشێر بۆ دابتاشن و لە گۆڕەپانی کریملن دایبنێن، لە بری گوڵە گەنم، بەڵام کاتێک ئاگایی بەکۆمەڵ بێداربۆوە، ئیتر زوو لەوە تێگەیشت، پروپاگەندە تەنها جۆرێکە لە (پووچگەرایی و نیهلیزم)، بەردەوام هەوڵدەدات نادادیەکان بە ڕەنگی درۆ بڕازێنێتەوە. لێرەوە سیحری ئەفسانە درۆینەکەی قەیسەر بەتاڵ بۆوە.


- ئەمریکای لاتین:

کاتێک سەرمایە هاوسەرگیرییەکی کاسۆلیکی لەگەڵ پلەدارە سەربازیەکان، لە ئەمریکای لاتین ( لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو) ڕاگەیاند . سەرەتا میدیاکان ماسکی فەزیڵەتیان پۆشی، دواتر هەر دەنگێک داوای دادپەروەری بکردایە، بە (مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی) تۆمەتبار دەکرا. سەروەت و سامان لە دەستی دەستەبژێرێکدا کۆبۆوە، لە بەرامبەردا هاوڵاتیان، سکیان هەڵدەگوشی و بە تۆمەتی ( ئاژاوەگێڕ)ی، پۆل پۆل فڕێدەدرانە کونجی زیندانەکان، یان ناچاری تاراوگە دەکران.


هێڵە گشتیەکانی ئەندازەسازی کەوتن :


مێژوو هەرگیز بێهودە نموونەکانی دووبارە ناکاتەوە، بەڵکو بەپێی یاسایەکی سەختی دووبارەبوونەوە کاردەکات:


١- گەندەڵی بەناوی (چاکسازی): کاتێک دزی و تاڵانی وەک فەزیڵەتێکی ئابووری خۆی نمایش دەکا و بەردەوام جەخت لە دوبارە پێناسەکردنەوەی دەکرێتەوە.


٢- قۆرخکاری بە ناوی (وەبەرهێنان): جیاکارییەکی ئەنتۆلۆجی (وجودیە) کەسە نزیکەکانی دەسەڵاتداران، لە ماوەیەکی کورتدا دەکاتە خاوەن ناز و نیعمەت، پلە و پۆست، کۆی گشتی ئەوانی تر تەنها دەکاتە ژمارەی پەراوێزخراو، وەک داتای فەرامۆشکراوی کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانیان.


٣- سەرکوتکاری بە ناوی ( یاسا و پاراستنی ئاسایش): گۆڕینی ترس بۆ ئامرازی کۆنتڕۆڵ، سڕینەوەی ئەوانی تر بۆ زامنکردنی بێدەنگیی و لە باربردنی کاردانەوەی کۆمەڵگا.


٤- درۆی شاخدار و ساختەکاری بە ناوی ( سەقامگیری): بەگەڕخستنی میدیایەکی زەبەلاحی فریودەر، لە پێناو تیرۆرکردن و شێواندنی حەقیقەت، هەوڵدان بۆ سەپاندنی واقیعێکی وەهمی کە نکۆڵی لە هاواری قات و قڕی و برسییەتی دەکات.


ڕەچەتەی فەلسەفی : لە چاوەڕوانی تەقینەوە گەورەکەدا


کۆبونەوەی ئەم چوار توخمە لە ناو یەک سیستەمدا، ئاماژەی حەتمیەتی تەقینەوە گەورەکەیە. کاتێک چوارگۆشەی ئەم هاوکێشەیە تەواو دەبێت، کۆمەڵگە ئیدی پێویستی بە هیچ جۆرە (دوژمنێکی دەرەکی) نامێنێت، چونکە درز و کەلێنە گەورەکان، وەک کونە ڕەشەکان لە ناوەوە دەبنە هێزێکی ترسناکی هەڵلوشین .


خودی مێژوو هەمیشە بوونەوەرێکی بێلایەنە، هیچ جۆرە دەستێک شک نابات، بۆ ئەوەی ڕژێمە گەندەڵەکان لە خەرەندی ئەخلاقییەوە هەڵدێرێتە خوارێ. بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن بکەری ناو مێژوون، لە چرکە ساتێکی میتافیزیکیی یەکلاکەرەوەدا بەم ئەرکە ئەخلاقیە هەڵدەستن: لە ساتەوەختی بێداربونەوە، کاتێک تێدەگەن، هەزاران وشەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەربارەی تێری و خۆشگوزەرانی، ناتوانێت زگی یەک برسی تێر بکات.


بە کورت و پوختی هەتا کەمینەیەکی دستەبژێر، وەک فیرعەون بژی، لە بەرامبەردا کۆی کۆمەڵگا بەدەست دەیان قەیرانەوە بناڵێنێ، ئەوا دڵسۆزی و خزمەتکردن و نیشتیمان سازی و چاکسازی و…. جگە لە دۆیەکی شاخدار هیچیتر نیە. والسلام .


PM:06:44:28/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی