کاک نێچیرڤان چاکی مەکە، با خراپ بێت

‌رێبوار كەریم وەلی

بە شانازییەوە رەنگبێ من یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بم کە حەوت ساڵ پێش ئێستا، زۆر راشکاوانە باسی باڵباڵێنی ناو پارتیم کردووە و ئەو تابۆیەم شکاند.
*
ئێستا باجەکەی دەدەم و حەوت ساڵە ناتوانم بگەڕێمەوە کوردستان و لە دیداری دایک و باوکم مەحڕومم.
*
هەر لەو رۆژەیڕا کە باڵی ئینقلابچی هاتنە سەر حوکم، بە کردەوە دەستیان بەسەر ژێرخان و سەرخانی وڵاتدا گرت و هاکا، باج لەسەر هەناسەدانی خەڵکیش دابنێن و شازادەی کوڕ، پارەکەی بخاتە رەشی باخەڵییەوە.
*
رەنگبێ خاڵی وەرچەرخان لە تەحویلی حوکمڕانیی کوردستان بۆ دەستەڵاتێکی ئەمنی، مافیایی، کلیپتۆکراسی و سەرکوتکار، ئەو رۆژە بێت کە پارتیی باوک کوڕ بۆ دوو ساڵ دەرگای پەرلەمانیان داخست و نێچیرڤان بارزانییان ناچار کرد چوار وەزیرەکەی گۆڕان بنێرێتەوە.
*
پارتی وایکرد، بەڵام یەکێتیش نوققەی لێوە نەهات! 
*
کە ئەوەی بۆ چووە سەر، ئەوجا نەیهێشت سەرۆکی پەرلەمان وەکو گەشتیارێکی عارەبیش بێتە هەولێر.
*
هەر ئەو پارتییە ئێستا فرمێسکی تیمساح بۆ پەرلەمان دەڕێژێ!
*
لە راستیدا، ئۆباڵی ئەو غەدر، زوڵم و ستمەی کە مەغروور بارزانی بە پاڵپشتیی باوکی لە خەڵکی کوردستانی دەکات، لە ئەستۆی هەمووانە لە سەرۆکی هەرێمەوە بگرە تا یەکێتی و ئەو موهەڕیجانەیش کە رۆژانێک موعارەزە بوون.
*
ئەوە راستییەکی شاراوە نییە کە مەغروور بارزانی وەرەقەی سەرۆکی هەرێم (کە بەپێی قانون سەرۆکی دەستەڵاتی جێبەجێکردنە) ناخوێنێتەوە. تەنانەت تا بۆی بکرێ پێچەوانەی ئەوە دەجولێتەوە کە سەرۆکی هەرێم کاری بۆ دەکات. 
*
ئەم نەفرەتە پەنگخواردووەی ناخی مەغروور بارزانی وایکردووە بە دەیان هەزار پارتیی دڵسۆز، بکەونە ناو لیستی رەشەوە و لەناو حزبەکەی خۆیان وەکو بێگانە سەیر بکرێن.
*
کاک  نێچیرڤان لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەگەرچی لەسەر زۆر بابەت و پێشێلییەکان هاتۆتە دەنگ و رێگەی نەداوە پەیکەری حزبەکە بە هۆی ئەوە زیانی بەر بکەوێ، بەڵام دەبوایە لێگەڕابایە دەنگدەرانی پارتی لەو دوو هەڵبژاردنەی رابردوو پارتیی باوک و کوڕیان سزا دابایە.
*
ئەوەی نەکرد و لە بری ئەوە چووە سەر ستەیج و داوای ملیۆنێک دەنگی کرد!
*
لە مەراسیمی پێدانی نیشانی باڵای ئیتالیا، جگە لە یەک کەس، هەموو پارتیی باوک و کوڕ غائب بوون. ئامادە نەبوون پێرۆزباییەکیش بنوسن!
*
کاک نێچیرڤان بە تەدەخولەکانی بۆ راستکردنەوە باری کەوتووی حکومەتەکەی مەغروور بارزانی، غەدر لە خۆی دەکات؛ تەمەنی دەستەڵاتێک درێژ دەکاتەوە کە لە گیانەڵادایە.


PM:05:34:28/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی