موجامەلە: کلیلێک کە دەرگای ڕاستیی دەبەستێت
کنێر عەبدوڵا
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، موجامەلە زۆر جار وەک ڕەوشتێکی جوان و نیشانەی ڕێزگرتن سەیر دەکرێت، بەڵام کاتێک سنووری ئاسایی تێپەڕ دەکات و دەبێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، دەگۆڕێت بۆ لەمپەرێکی مەترسیدار لە بەردەم گەشەسەندنی هزری و کۆمەڵایەتیدا. موجامەلە لە بنەڕەتدا بۆ نەرمکردنی گرژییەکان داهێنراوە، کەچی لە واقیعدا دەبێتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و دروستکردنی دووفاقیی کۆمەڵایەتی.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی بریتین لە؛ ونبوونی ڕاستی و کاڵبوونەوەی ڕەخنە، لاوازبوونی متمانە، وپەکخستنی پێشکەوتن.
بەنموونە؛ ئەشێ لە کاتی میوانداریدا، خواردنت پێنەخورێت یان خواردنەکەت بەلاوە پەسەند نەبێ بەڵام، زۆر لەخۆت ئەکەیت وئەیخۆیت ،بەوەش ناوەستێت دەڵێی: زۆر خۆش بوو . لێرەدا ڕاستییەکە ون دەبێت و خانەخوێش نازانێت ئایا بە ڕاستی خواردنەکەت بەدڵ بووە یان نا؟
هەروەها لەکاتی رودانی هەڵەیەک یان کارێکی ناتەندروست لەلایەن کەسێکی هاورێ یان ئەندامانی خێزان، لەبەر خاتری دڵنەشکاندن ڕاستییەکە ناڵێین و موجامەلەی دەکەین و بێدەنگ دەبین یان دەڵێین:دەستت خۆش بێت، زۆر باشە کە ئەمەش دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هەڵەکان. یاخود هەندێ جار لەکاتی کڕینی کەرەستە یان کەلوپەلێک یان خواردندا دوکاندارەکە موجامەلەت ئەکات ودەڵێت: پارەدامەنێ ، با لەسەر خۆمان بێت، بێ ئەوەی پێیخۆش بێت .
ئەم نموونانە دەریدەخەن کە موجامەلە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتیی زارەکییەوە گۆڕاوە بۆ کلتورێکی ڕۆژانە کە لە ڕاستیدا دەرگاکان لەسەر پێشکەوتنی ڕاستەقینە دادەخات.
لە واقعدا تا تاکەکان لە مەترسییەکانی موجامەلەی زێدەڕۆ هۆشیار بن، ئەوکات بنەماکانی ڕاستگۆیی و متمانە لە کۆمەڵگەدا قایمتر دەبن و پێچەوانەکیشی مەترسییەکی گەورەیە و دەرگای راستییەکان هەمیشە بە داخراوی دەهێڵێتەوە.
بۆیە هۆشیاری تاک لە بەرەنگاربونەوەی دیاردەی موجامەلە و گەڕانەوەی راستییەکان بۆ نێو کۆمەڵگە رۆڵێکی سەرەکی و یەکلارەوە دەبن، لەو روانگەیەی گۆڕانکاری گەورەی کۆمەڵایەتی هەمیشە لە تاکەوە دەستپێدەکات، ولێرەوە بەرپرسیارێتی تاک سەرچاوە دەگرێت بۆ هەر گۆرانکارییەکی ئەرێنی تا ببێت بە بەشێک لە پێشخستنی کۆمەڵگەکەی.
AM:09:57:25/07/2026
ئهم بابهته 680
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی