هەگبەی زەیدی لەتاران !

‌ د.بەختیار شاوەیس

لەوتاری پێشوو ( هەگبەی زەیدی لەکۆشکی سپی ) فۆرمەلەی قۆناغی نوێی پەیوەندیە ستراتیژی و ئابووری و سیاسیەکانی واشنتن و بەغدادمان کرد، ئەڵبەت لەسەر بنەمای گۆرانکاریەکانی دەسەڵات و پاوەری نوێ لەعیراق و هەروەها لەسۆنگەی پەرەسەندنە دراماتیکیەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

لەم نێوەندەدا، کاتێک هەگبەی سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی عیراق هەڵدەدەیتەوە لەسەردانی بۆ تاران ، ئەوا قوڵتر ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە قسەکانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی گەورە راوێژکاری موجتەبای رابەر رەسمی هەندەسەی مامەڵەی تاران لەگەڵ حکومەتی نوێی عیراق دەکات، نەک ماچو موچەکەی پزیشکیان وەک سەرۆکێکی دەست و پێ بەستراو.

ئاخر لەناواخنی ئەو هەموو قەیرانە قوڵە ئەمنی و سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیانەی کەبەرۆکی پەیوەندیەکانی بەغداد و تارانی گرتوە،  لەم ئان و ساتە هەستیارەدا یاداشتی تێگەیشتنی سکەی شەمەندەفەر و دەستەخوشکبوونی هەردوو پایتەختی وڵات دەکەوێتە کام قوتوی عەتاری سەردانێکی بەرهەمدار؟!

کرچوکاڵی هەگبەی زەیدی لەتاران هەر بەتەنها لەمەغزا ستراتیژیەکەیدا دەرنەکەوت، بەڵکو لەقوڵایی دیپلۆماسیشدا قسەکەی عەباس عراقچی ( کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا گەیاندنی پەیام نیە واتە کاکی خۆم ئەو بەردە گەورەیە بە پاکستان و سەلتەنەتی عومان نەهاوێژرا باشترە تۆ دووربکەوەرەوە) حەقیقەتی پشت پەردەی قوڵایی دیپلۆماسی ئەم سەردانە لەداهاتووی نزیک دەردەخات ، ئیتر با کابرا بیشچێتە سەر مۆنۆمێنتی قاسمی سولەیمانی و مەهدی موهەندیس لەتاران!

عەلی فالح زەیدی دەچێتە تاران ، بەڵام شەوی بەر لەسەفەری گۆرانکاری بنەرەتی لەپۆستە باڵا ئەمنی و موخابەراتی و سەربازیەکان دەکات وەک ئامادەکاری بۆ رووبەرووبونەوەی گروپە میلیشیاکان لەکۆتایی ئەیلولی داهاتوو ، کەئەمە داواکاری یەکەمی ئەمریکیەکانە دژی تاران.

زەیدی دەچێتە تاران، بەڵام رۆژێک بەر لە رۆشتنی لەناو کوپەی ترشیات دەیان ملیار دینار پارەی گەندەڵکاران و لە گەراجی باخ ٦٠ کیلۆ زێر دەدۆزێتەوە و بەدەرزەن فەرمانبەری گچکە و گەورە کەلەپچە دەکات کەئەم هەنگاوانە حاشیەکانی ئیران زیاتر بەتەسفیەی سیاسی دەخوێننەوە و هێدی هێدی دەنگ لەدژی هەڵدەبرن.

عەلی زەیدی دەچێتە تاران چوار یاداشتی لێکتێگەیشتنی ( حبر على الورق ) ئیمزا دەکات ، بەڵام لەکۆشکە سپیەکە بەگوژمەی سەدان ملیار دۆلار ، چل و هەشت رێککەوتنی ستراتیژی لە سێکتەرەکانی ئابووری، ئەمنی ، وزە و سیاسی ئیمزا دەکات و پەلی دەیان کۆمپانیای ئەمریکی رادەکێشێتە سەر دەریا نەوتەکەی بەسرە و عەمارە و کەرکوک.

زەیدی دەچێتە تاران بەڵام بەپاسەوانیکردنی فرۆکەی تایبەتی جەنگی، رەنگە ئەمە سەلماندنی ئەو قسەیە بێت کە قاسم عەبودی وتەبێژی عەلی زەیدی دەڵێ: سەرۆک وەزیران پێی وتم لەم رێگەیە بەردەوام دەبم و کۆڵ نادەم ئەگەر سەریشم دابنێم ، من ئێستا تەنها کەسێکی خاوەن کار نیم بەڵکو باوکی ٤٦ ملیۆن مرۆڤ م . 

کۆتایەکەی : ئەرێ بەراست ئەم قسەیە موزایەدە یان هەروا و بەهەوانتە کرا یان شتێک لەئارادایە؟  والله اعلم


AM:11:45:24/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی