خۆزگەم بە ڕابردوو!؟
هیوا تۆفیق
زۆرن ئەو کەس، ناوەند، سەنتەر و حزبانەی هەمیشە خەون بە ڕابردووەوە دەبینن و بە سەردەمی زێڕینی مێژووی خۆیانی دەزانن؛ هەرچەندێکیشیان بۆ بکرێت و بۆیان بڕەخسێت، لە بەردەم پێشکەوتن و سەردەمی نوێگەریدا سەنگەری قایم و پتەو لێ دەدەن، و بانگەشە بۆ دژایەتیکردن و وەستانەوە بەڕووی چەمکە نوێخوازەکاندا دەکەن.
ئەگەر گونجاو بێت، تەنیا چەند نموونەیەک دیاری دەکەین تا بتوانین بۆ پاڵپشتیی ئەم بابەتە سوودی لێ ببینین:
لە بواری پەروەردەدا:
نەوەی کۆن خەون بەو ڕۆژانەوە دەبینن کە کاتێک خوێندکارێک مامۆستا یان وانەبێژەکەی لە دەرەوەی ناوەندی خوێندنیش ببینیایە، زەندەقی دەچوو! چونکە گیانی فێرکردن لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە دەگوێزرایەوە بۆ فێرخوازان. هەمیشە مامۆستا تەنیا قسەکەر بوو و خوێندکاریش ڕۆڵی گوێگری دەبینی؛ ناوەندەکانی خوێندنیش لەبری ئەوەی ببنە ناوەندی پەروەردە و فێرکردن، زیاتر لە گرتووخانەیەک دەچوون.
لە بواری هونەر و ئەدەبدا:
ئەگەر ئەم کایەیەش وەربگرین ــ کە بە حساب دەبێت ناوەندێکی ڕۆشنبیری، داهێنان و ئەفراندن بێت ــ دەبینین لە زۆربەی کایەکانی تریشدا دژایەتی و خۆزگەخواستن بە ڕابردوو پەرەی پێ دەدرێت. ئەو چەند کەسە کەمەی لە بواری نواندن، دراما و سینەمادا کاری نوێخوازانە دەکەن، نەوەی کۆنپارێز بە توندترین شێوە بەربەرەکانییان لەگەڵدا دەکات؛ چونکە زۆر باش درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە پێش ئەوەی خۆیان بمرن، هونەرەکەیان پێش خۆیان مردووە و نێژراوە.
دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین کە ئێستا بواری هونەری کوردی ئەوەندەی کاری دووبارە، سواو و شەرمەزارکەر دەکات لەپێناو مشتێک پارەی کەمدا، زۆر کەمتر گرنگی بە داهێنان دەدات؛ بۆیە کەمترین نواندنی جوان و ئەفراندن پێشکەش بە بینەر و بیستەری کوردی دەکرێت. ئەفسوس! هەر بەم هۆیەشەوەیە کە ماڵ و خێزانەکانی کۆمەڵگەکەمان هێندە سەرگەرمی بینینی درامای تورکی، فارسی و عەرەبین، کە هیچ زەوقێکی هونەرییان بۆ کاری نواندنی کوردی نەماوە. بێگومان جگە لە چەند کارێکی جوانی کەم کە پڕبینەرترین بینەریان لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە و دڵە شکاوەکەی بینەری کوردییان بە کارە نواندنە سەرنجڕاکێشەکانیان ئاشت کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە بچووکانەش شایەنی ڕێز و دەستخۆشیی زۆرن لەلایەن لایەنگرانی ئەم بوارەوە.
AM:11:16:24/07/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی