دووهەنگاوی جوان بۆ گەڕانەوەی هیوا

‌فارس نەورۆڵی

جەلالی  سام ئاغا، وەک هەنگاوێکی چاکەخوازی و نموونەیەکی باڵا، پڕۆژەیەکی بۆ پاڵپشتیی نەخۆشخانەی هیوا ڕاگەیان بە بڕی ١١٥ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار و ٢٠٠ دینار، ئەم پڕۆژەیە بەردەوامیی ساڵانەی دەبێت. پێویستە بە ویژدانەوە کاری چاکە لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت لەهەر ڕەنگ و دەنگ و لایەن دارو بێلایەنەوە بێت لەبەرچاو بگیرێت و لەبیر نەکرێت؛ پێویستە ئەو هاوکارییەی عەلی حوسێن یشمان لەبیر نەچێت کە پێشتر بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار پێداویستیی بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابین کردبوو.

ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەناو بازاڕی بێویژدانی، ژاوەژاوی ڕۆژانە و قەیرانە جۆراوجۆرەکاندا، هەندێک جار هەندێ مرۆڤ لەناو ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەکی جوان و  بیرکردنەوەی ئەرێنی خۆیان وێنا دەکەنەوە و هیوایەک بەو کەسانە دەبەخشنەوە کە بە دەست ئازارەوە گرفتارن. نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تەنها ناوەندێکی پزیشکیی ئاسایی نییە، بەڵکوو دواپەناگەی هەزاران مرۆڤە لە سەرتاسەری کوردستان و عێراقدا کە شەڕی مان و نەمان لە بەرامبەر نەخۆشیی شێرپەنجەدا دەکەن . نەخۆشییەک کە ئەوەندە ترسناکە، خەڵکی ناوێرن ناوی بهێنن و پێی دەڵێن (نەخۆشییە پیسەکە). 

بۆیە ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی هاوکاریی بەردەوام لە لایەن جەلالی ساماغا و هەڵوێستی پێشتری عەلی حوسێن بۆ پاڵپشتیی ئەم شەڕەی مرۆڤەکان لە دژی ئەم نەخۆشییە لە جەنگدان .هاوکارییەکی پڕبەهایە بۆ دروستکردنی بەرگری لەلای نەخۆشەکان. ئەم جۆرە پاڵپشتییکردنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گیانی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا خاوەنی بنەماکانی مرۆڤدۆستییە. کاتێک کەسانی مرۆڤدۆست و چاکەخواز بەم شێوازە پاڵپشتیی ئەم شەڕە دەکەن، بە نەخۆشەکان دەڵێن( ئێوە لەم شەڕە قورسەدا بە تەنیا نین).

ئێمە نابێت  چاکە خوازانەمان  لەبیر بچێت چونکە ئەگەرچی ئێستا لە بەردەم جەنگی درۆن و ئابووریداین، لە تەک جەنگێکی شاراوەی تاقەتپڕووکێنداین  لە ڕێگەی خواردن و دەرمانی بێ کوالێتی و جەنگی زیهنییداین ، کە ئەمەش ڕۆحی کۆمەڵگە ماندوو و شەکەت دەکات. بۆیە ئەم هاوکارییەی جەلالی ساماغا و عەلی حوسێن بۆ نەخۆشخانەی هیوا، جگە لە هاوکاریی نەخۆشەکان، بارگرانیی سەر کەرتی تەندروستییش سووک دەکات.

هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە ئیلهامبەخش بۆ کەسانی دیکەش کە لە توانایاندا هەیە ئەم ڕێچکەیە بگرنە بەر ، چونکە ئەم هەڵوێستە شایەنی پێزانین و ڕێزلێنانە بۆ ئەوەی بکرێتە کولتوور و ستراتیژیی پێشبڕکێی چاکەخوازی. ئەم کارە دەبێتە هۆی سڕینی فرمێسکی نەخۆشەکان و گەڕانەوەی هیوا بۆ هەزاران خێزان، کە ئەمەش لوتکەی کوردبوون و مرۆڤدۆستی و بەهێزکردنی گیانی هاوکارییە لەنێوان کۆمەڵگەی کوردستاندا . ئەوانەی ئەم ڕێگایە دەگرنە بەر، لەلای خودا و کۆمەڵگاشدا بە جوانی دەمێننەوە.


AM:11:27:22/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی