مام جەلال و خاتەمی لە پەیامەکەی یەکێتی دا
شێرزاد حەسەن رەزا
کوردستان و کورد لەهەر سەردەم و زەمەنێکدا،لە هەر سنوور و دەڤەرێکدا.بەدرێژایی مێژوو هێزی لە یەکێتی بوونەوە وەرگرتوە و شکستی لە پەرتەوازەی و پوازدا بینیوە.
لە پەیامە ئاراستەکراوەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا،بەروونی باس و خواسی چەند ستراتیژ و مەترسیەک ئاراستەکراوە ،لەوانە:
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دژی هەرێمی کوردستان و شارەکانی سلێمانی و ھەولێر ئەنجام درا.نەک هەر غەدر،بەڵکو بێ متمانەی و ناجۆری لە هاوپەیمانێتی و درهاوسێتی هێنایە ئاراوە.
پارێزگاری لە ھاوڵاتیان و ژیانی خەڵکی سیڤیلی کوردستان ،لە ئەولەویەتی ئامانج و سەروەری و شکومەندی سیاسەتمانە.
کوردستان وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ،هەرگیز لەگەڵ شێواندنی ئەمنەیەت و ئاسایشی وڵاتانی ئیقلمی و هاوسێکاندا نەبووە،بەتایبەت ئێرانی درهاوسێ.
لە رابردوو و داهاتوو نەبووین بە بەشێک لە شەڕ و ئاشووب و کێشەکان،بەڵکو هۆکاری ئارامی و ئاشتی و تەبایی بووین و ئەوەشمان گەرەکە.
کوردستان و کورد هێندە لاوازو کەم توانا نیە کە نەتوانێت ،بەرگری لە خۆی بکات.بیری هەموو لایەکی هێناوەتەوە کە کوردستان ،یەک پارچەیە و یەک جەستەیە ،برین لە هەولێر بێت لە سلێمانی خوێن دڕوا و گریان لە سلێمانی بێت ،فرمێشکەکان لە هەولێرن.
شەڕمان نەویستوە و شەڕمان ناوێت،ئێمەێ کورد دەزانین ،برین و خوێن و ماڵوێرانی هیچ ئاکامێکی باشی نابێت..لەو پێناوەدا دەگەڕێنەوە بۆ دیدارێکی مێژووی روانشاد مام جەلال و خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران.
کاک عیماد ئەحمەد لە بیروەریەکانی دا،ئاوای نوسیوە؛
لە مانگی چواری ساڵی 1998دا، بە سەرۆکایەتی رەوانشاد مام جەلال، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تارانی کرد و لە لایەن سەرۆک کۆمار و لە کۆشکی سەرۆک کۆمار پێشوازی کرا.
لە دیدارەکەدا ، سەرۆک خاتەمی حیکایەتێکی فەلسەفی بۆ گێڕاینەوە، وتی: لە یونانی کۆندا فەیلەسوفێک هەبوو بە ناوی «کەلبی»، ئەو پیاوێکی زانا و راستگۆ و نەترس بوو؛ کەسێک کە لە خۆشییە مادییەکانی ژیان دوور کەوتبووەوە و بە ژیانی سادە و سەربەخۆ رازیبوو. کەلبی ناسناوی دیۆجینسی سینوب بوو لە لە ساڵی(412پ-ز) لەدایکبووە و لە ساڵی (323پ-ز) لە ئەسینا کۆچی دوایی کردووە. دەگوترێت کەلبی لە ئەشکەوتێکدا دەژیا و تەنیا جامێکی هەبوو بۆ خواردنەوەی ئاو. رۆژێک دەبینێت سەگێک بە زمان لە جۆگەیەک ئاو دەخواتەوە، ئەو بینینە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دەکات؛ جامەکەی فڕێدەدات و دەڵێت: «سەگ فێری کردم کە پێویستیم بەوەش نییە!»، لەم رەفتارەوە ناونیشانی «کەلبی»ی وەرگرت. رۆژێک کەلبی لەبەر تیشکی هەتاو دانیشتبوو، ئەلکسەندەری گەورە سەردانی دەکات، پاش ناساندنی خۆی، پێی دەڵێت: «داواکاریت چییە؟ چیت دەوێت بۆت بکەم؟» وەڵامی فەیلەسوفەکە سادە و پڕ واتا دەبێت کاتێک دەڵێت: «تەنیا خۆت لابە، با تیشکی هەتاوەکە بەرم بکەوێت.» ئەم وەڵامە، بە رووکەش سادە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا پەیامێکی قووڵی هەیە، واتە ئەو کەسەی بە ئازادیی ناوخۆی گەیشتووە، پێویستی بە دەسەڵات و سامانی ماددی نییە. هێزی راستەقینە لە سەربەخۆیی و قەناعەت و ئازادیی و نەترسییدا دەبینێت.
ئەو حیکایەتە لە فەزای سیاسیی ئەوکاتدا تەنیا باسێکی مێژوویی نەبوو؛ بەڵکو وەک نموونەیەک بۆ رەوشی ئیستاش پێویستە کە سێبەری گەلەگورگەکان نەمێنێت و تیشکی هەتاومان بەربکەوێت و بە مافی رەوای گەلەکەمان شاد بین. لەم بارودۆخەدا، پەیامی ئەو دانایە دەبێتە پەیامی نەتەوەیەک: «سێبەرەکانتان لابەن، با تیشکی هەتاومان بەربکەوێت.» واتە: ئەگەر بڕیارەکانمان بە دەستی خۆمان بێت، حەزدەکەین چارەنووسمان لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەوانیتردا نەبێت و رێگەبدەین هێزی ناوخۆی خۆمان بدرەوشێتەوە.
PM:02:24:19/07/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی