مێگەلبوون و مەرگی ڕەخنە لەسایەی لاساییکردنەوەدا
کنێر عەبدوڵا
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی، باڵادەستیی لاساییکردنەوەیە بەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا. مرۆڤی ئێمە زۆرجار بێ ئەوەی تێڕامانێکی عەقڵانی لەسەر چۆنێتی و بەدواداچونی ڕووداوەکان بکات، بێ بیرکردنەوە ڕەدووی هەر دیاردە، فاشن، یان ئایدۆلۆژیایەک دەکەوێت کە بەکۆمەڵ ڕووتێکراوە. بەنموونە؛ زۆرجار دەبینین لەکۆمەڵگەدا کەسێک یان گروپێکی دیاریکراو هەڵەیەکی ئاشکرا یان بڕیارێکی نادادپەروەرانە دەدەن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، هەر ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری خەڵک تەنها لەبەر ئەوەی بەرەی زۆرینەیان هەڵبژاردووە، دەبنە دەنگی پشتگیریکەر یان بێدەنگی بەرامبەر ئەو هەڵەیە. ئەمە لاساییکردنەوەی سۆزدارییە؛ واتە تاک بەهۆی ئەوەی نایەوێت لە خەڵک جیاواز بێت، دەستبەرداری عەقڵی خۆی دەبێت.
وەکاتێک بیرکردنەوە دەبێتە کۆپیکردنی بیرکردنەوەی ئەوانیتر، داهێنان دەمرێت. کۆمەڵگەیەک کە تەنها لاسایی دەکاتەوە، لە جێگەی خۆیدا قەتیس دەمێنێت. ئێمە لەبری ئەوەی کێشەکانی خۆمان بە عەقڵانی چارەسەر بکەین، خەریکی دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو یان لاساییکردنەوەی شێوازە نامۆکانین، ئەمەش وادەکات بازنەی دواکەوتووییمان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر بێت.
لەم دۆخەدا تاکەکەس، سەرەتا پێویستە فێری پرسیارکردن بێت. پێش ئەوەی ڕەدووی هەر شتێک بکەویت، دەبێت بپرسیت: بۆچی؟ ڕزگاربوون لەم دۆخە بەوە دەستپێدەکات کە چیتر وەک بەشێک لە مێگەل بیر نەکەینەوە، بەڵکو وەک تاکێکی خاوەن ئیرادە، بۆ هەموو هەنگاوێک پاساوی عەقڵانیمان هەبێت.
لاساییکردنەوە؛ تەنها لە هەڵوێستی کۆمەڵایەتیدا ڕوونادات، بەڵکو لە ئاستی ژیانی ڕۆژانە و بەکارهێنانی کەرەستە و شێوازەکانی ژیاندا زیاتر خۆیدەنوێنێت. بەنموونە؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دیاردەیەک دروستبووە کە زۆرینەی خەڵک هەوڵدەدەن وەک یەکتربژین. بۆ نموونە: کاتێک کەسایەتییەکی ناسراو (.....) ستایلێکی دیاریکراوی جلوبەرگ، شێوازی قسەکردن، یان تەنانەت شێوازی خواردن و گەشتکردن پەیڕەو دەکات، بە هەزاران کەس بێبیرکردنەوە لە توانای دارایی و پێداویستی ڕاستەقینەی خۆیان، هەمان شت دووبارەدەکەنەوە.
دەرەنجام؛ ئەمە وادەکات مرۆڤ ناوەڕۆک و کەسایەتی خۆی لەبیر بکات و تەنها ببێتە ڕووکەشێک بۆ لاساییکردنەوەی خەڵکی تر. لەم کاتەدا کاتی نامێنێت بۆ بیرکردنەوە لە گەشەپێدانی عەقڵ و بەهرەکانی خۆی، بەمەش کۆمەڵگە بەرەو ڕووکەشگەریی دەچێت نەک قووڵبوونەوە.
نمونەیەکی تر، لە کۆمەلگەی کوردیدا زۆرجار بڕیاری ژیانی گەنجان (وەک هەڵبژاردنی بەشی زانکۆ) بەپێی لاساییکردنەوە دەبێت، نەک بەپێی خواست و بەهرەی تاکەکەسی. بۆ نموونە، کاتێک دەبینن بەشێکی زۆری خەڵک ڕوو لە بەشێکی زانستی یان پیشەیەک دەکەن، چونکە بڕوایانوایە داهاتووی هەیە تەواوی نەوەکە بەبێ لێکۆڵینەوە لە بازاڕی کار و بەهرەی خۆیان ڕوو لەو بوارە دەکەن.
دەرەنجام؛ بازاڕی کار پڕ دەبێت لە خەڵکی بێ بەهرە و بێ ئەزموون، لە بەرامبەردا ئەو بوارانەی دیکە کە پێویستییەکی گرنگن بۆ کۆمەڵگە، پشتگوێدەخرێن. ئەم لاساییکردنەوەیە دەبێتەهۆی ئەوەی مرۆڤی کورد لە بواری پیشەییدا بەرهەمهێنەر نەبێت، چونکە هەمیشە هەوڵدەدات لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی ئەوانیترەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، نەک لە ڕێگەی داهێنانی تایبەت بە خۆی.
خاڵی هاوبەشی ئەم دوو نمونەیەکەمبوونەوەی هزری رەخنەییە کاتێک مرۆڤ پرسیاری بۆچی؟لە خۆی نەکات، ئیرادەی خۆی دەبەستێتەوە بە ئیرادەی زۆرینەوە. هەموو ئەمانە پێکەوە زنجیرەیەک دروستدەکەن کە تاک لە تاکبوونی خۆی دەخات و دەیکاتە بەشێک لە مێگەل، ئەمەش یەکێکە لە دیارترین سیماکانی کۆمەڵگەی دواکەوتوو.
هەروەها لە ئاستی سیاسیدا، لاساییکردنەوە و نەبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەوپەڕی مەترسیدایە. لێرەدا تاک بەهۆی دەمارگیری حزبی یان سۆزی سیاسیەوە، توانای تێڕوانینی بابەتییانە لەدەستدەدات و دەبێتە کەرەستەیەک بە دەست ئاراستە سیاسییەکانەوە.
بەنموونە کاتێک حزب یان سەرکردەیەک هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، بینینی ئەندامان و لایەنگرانی کە بێدەنگن یان پاساو بۆ هەڵەکە دەهێننەوە تەنها لەبەر ئەوەی سەر بەو لایەنەن، بەرزترین ئاستی لاساییکردنەوە و مێگەلبوونە. لەبری ئەوەی تاک لەسەر بنەمای بەها ئەخلاقییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی هەڵسەنگاندن بکات، تەنها وەک دەنگدەرێک یان هەڵگری دروشم مامەڵە دەکات.
دەرەنجام؛ شوێنکەوتنی کوێرانە دێتەئاراوە واتە کاتێک کۆمەڵگە فێری ئەوە دەبێت کە بەبێ پرسیار بەدوای ئاراستەی سیاسیی دیاریکراودا بڕوات، ئەوا توانای گۆڕانکاری نامێنێت. سیاسییەکان کاتێک دەزانن جەماوەرێکی لاساییکەرەوەیان هەیە کە تەنها بە یەک وشەی سەرکردە دەجووڵێن، چیتر هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن و بەرەو دیکتاتۆریەت یان گەندەڵی زیاتر هەنگاو دەنێن. لێرەدا سیاسەت لە خزمەتکردنی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ پەرستنی کەسایەتی یان ئایدۆلۆژیایەک ،ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە هەرگیز نەتوانێت لە بازنەی داخراوی قەیرانەکان بێتەدەرەوە.
هۆشیاری تاک تاکە رێگەی گۆڕانکاری ریشەییە تا لەرێگەی عەقڵانیەتەوە وەک خۆی تێگەیشتنی بۆ روداوەکان هەبێ و رەدوو نەکەوێت.
AM:09:03:17/07/2026
ئهم بابهته 796
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی