پۆلیس
هیوا فایەق
ساڵی ۲٠۲٠، چوار شانۆکاری گەرمیان بە هۆکاری ئەوەی لە نمایشێکی شانۆییدا، یەکێک لە کاراکتەرکەکان ڕۆڵی مەلایەکی خراپ دەبینێت، یەکێتی زانیایانی ئیسلامی کوردستان داوا لە دادگا دەکات، بە ڕێوشوێنی یاسایی خۆی هەڵبسێت بەبیانوی ئەوەی گاڵتەیان بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردوە، کە لە ڕاستیدا بابەتەکە مەلایەک بووە نەک ئاینی ئیسلام. ئەو کات من وتارێکم نووسی، باسم لە مەترسی ئەم جۆرە هەڵسوکەوت کردنە کرد لەسەر کاری هونەری و بە درێژی باسم لە ( ئازادی هونەری) کرد کە لە کۆمێنتدا دای دەنێمەوە بۆ هەرکەسێک حەز بکات بگەڕێتەوە سەری.
هەر لە هەمان ساڵدا و چەند مانگێک دوای ئەو ڕووداوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری، بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە چاپکردنی کتێب بەبێ پێدانی ژمارەی سپاردن قەدەغە بکرێت. ئەو کات من پۆستێکی بچوکم لەسەر کردو لینکی ئەوەش لە کۆمێنت دایدەنێمەوە بۆ بیرخستنەوەی بابەتەکە.
ئەمڕۆش بڕیارێکی بەڕێوبەری پۆلیسی هەرێمم بینی، داوا دەکات کە ڕێگری لە بینینی ڕۆڵی پۆلیس بکرێت کە بە نەشیاوی لە کاری درامیدا پیشان دەدرێت، لەوەش خراپتر، بۆ ئەو مەبەستە ئیتر پێویستە مۆڵەتی پێشوەختەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیس وەربگیرێت وەک لە نوسراوەکەدا دیارە.
من لێرەدا بابەتەکە بە تەنها کورت ناکەمەو بۆ ئەو ۳ نموونەیەی باسمکرد، چونکە ئەوەی هەیە لەوە گەورەترە و پەیوەندی بە سانسۆر و ئازادی هونەرییەوە هەیە.
من دەزانم لە هیچ سەردمێکدا، پەیوندی نێوان دەسەڵات و هونەر سەقامگیر نەبووە. هەمیشە دەسەڵات حەز دەکات ستایشی بکەیت و هەموو کارمەندەکانی ئاسایش و سوپا بە باشە پیشان بدەیت، یان باسی سیستەم ، سەقامگیریی و وێنەیەکی یەکگرتووی دەسەڵات بکەیت. بەڵام هونەر کار لەسەر گومان و وێنەی جیاواز و پرسیاری کراوە دەکات. دەسەڵات ئارەزوی ئەوە دەکات هەموو باشییەکانی لە هەموو کارێکی هونەریدا ڕەنگ بداتەوە.
بەڵام هونەر باوەڕی وایە کە حەقیقەت تەنها لە باشییەکانی ئەودا کورت ناکرێتەوە. ئەم ململانێیە شتێکی نوێ نییە. بەڵام پۆلیس وەک نمونەیەک وەرگرین، ئەوا تەنها پەیوەست نییە بە پۆلیس خۆیەوە، یاخود بە ڕۆڵی پۆلیس لە کارێکی درامیدا. بەڵکو ئەوەیە کێ بۆی هەیە نوێنەرایەتی دەسەڵات بکات لە کاری هونەریدا؟ دەسەڵات مافی ئەوەی نییە وێنەی ئەوە بکێشێت کە پۆلیسێک دەبێت چۆن دەربکەوێت لە کارێکی هونەریدا، بەڵکو ئەوە بە تەنها مافی دونیابینی دەرهێنەرە و نووسەرەکەیە کە دەیەوێت چۆن پیشانی بدات. بۆیە هونەر داوای ڕێگەپێدان لە دەسەڵات ناکات چۆن کاری هونەری بکات. ئەگەر هاتوو ئێمە پۆلیسێکی خراپمان لە کارێکی هونەریدا بینی، بێگومان مەبەست لەوە نییە کە نوێنەرایەتی هەموو پۆلیسەکانی هەرێم دەکات. پۆلیس دەکرێت پیاو کوژ بێت، وەک چۆن دەکرێت میهرەبانیش بێت. دەکرێت هەلسوکەوتی لەگەڵ هاوڵاتیاندا توندوتیژ و بێ ڕەحمانە بێت، لە هەمانکاتیشدا لێبوردە بێت. بێگومان ئەمە بەسەر هەموو کارەکتەرێکی ناو پێکهاتەکاندا جێبەجێ دەبێت. بۆ نموونە؛ مەلایەکی خراپ نوێنەرایەتی هەموو مەلاکان ناکات و بە پێچەوانەشەوە. ئەگەر ئێمە کارکتەرەکان لە سیاقی خۆیاندا نەبینین، ئەوا دروستکردنی کارەکتەرێکی بەدرەفتار لە کاری هونەریدا بۆی هەیە کەسانی نێوەندەکەی خۆی، هونەرمەندەکە ڕووبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی بکاتەوە و ئەوکاتە هەرچی کارەکتەری ناو بەرهەمێکی هونەری هەیە دەبێت نمایشی مرۆڤێکی سەلار و رەفتارجوان بکەن. ئەی کۆمەڵگە هیچ کەسی خراپی تیادا نابێت؟
کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی دوستیوڤسکی، پێکدێن لە کارەکتەری پۆلیس و دادگا کە سەرتاپایان پڕە لە ئالۆزی ئەخلاقی، ئامانجەکەش لێدان نییە لە دادوەری ڕوسیا، بەڵکو لێکۆڵینەوەیە لە ناوەوەی مرۆڤ. لە شانۆنامەکانی شەکسپیردا، شا و شاژن ناپاکی دەکەن، بەڵام دامەزراوەی شاهانە ناڕوخێنێت بەڵکو باس لەگەندەڵی ئەخلاقی ناو دەزگاکە دەکات. ئۆتێلۆ پالەوانێکی سەربازییە، بەڵام گێلە و زوو دەخەڵەتێنرێت تا دەگاتە ئەوەی هاوسەرەکەی بکوژێت. بۆیە ئیشی هونەر نییە بە تەنها پاڵەوان و خەڵکی میهرەبان دروستبکات، بەڵکو هونەر مرۆڤی دیکە و جیاواز دروست دەکات.
پۆلیس بەنموونە وەک کارمەندێکی ناو دەزگای دەسەڵات، تەنها لایەنێکی کارگێڕیی نییە ، بۆیە مافی هەموو هاوڵاتییەکە چاودێری بکات و ڕەخنەی ئاڕاستە بکات. یان دەکرێت لە کاری هونەریدا بە شێوازێکی کۆمیدییانە دەربکەوێت یاخود وەک کەسێکی کۆمەڵایەتیی رەفتاربەرز پیشان بدرێت، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی ئازادی هونەرییەوە. کارەکتەر ناخرێتە چوارچێوەوە. من باسی ئەوە ناکەم کە بێگومان بۆ ئەوەی وێنەی کارێکی هونەری لە بنکەیەکی پۆلیسدا بگریت، یان ڕێگەیەکی گشتی دابخەیت دەبێت مۆڵەت وەربگریت، ئەوە مافی دەزگا حکومییەکانە و دەبێت مۆڵەتت هەبێ، بەڵام کارەکە بێتە سەر ئەوەی مۆڵەتی ئەوە وەربگریت کە بزانن ئەم کاراکتەرە لە شکۆی پۆلیس کەم ناکاتەوە، ئەوە بێگومان سانسۆرە. چونکە کاری پۆلیس ئەوەیە یاسا جێبەجێ بکات نەوەک مۆڵەتی سینارێو و کاری هونەری بدات. هەر بۆیە حکومەت کلیلی دەرگای بیناکانی بەدەستەوەیە، بەڵام هەرگیز نابێتە خاوەنی کلیلی خەیاڵ.
نیگەرانی من ئەوەیە کە هەمیشە سانسۆرە گەورەکان لە بابەتی بچوکەوە دەستی پێکردوە. زۆر جار بەناوی پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە، ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی پیرۆزییەکانەوە، وردە وردە بازنەی سانسۆکردن فراوانتر دەبێت. لێرەوە هونەرمەند سانسۆرێکی ناوەکیی بۆخۆی دروست دەکات کە توانای بیرکردنەوەی زۆر سنوردار دەکات و چیدی ناوێرێت بەدەر لەو سنورەی بۆی کێشراوە بیر بکاتەوە. ناتوانێ بەبێ دەستوەردانی دەوڵەت خەیاڵ بکات. ئەمەش لە سانسۆری دەسەڵات خۆی مەترسیدارترە.
فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن ستیوارت میل لە کتێبی (دەربارەی ئازادی) دەڵێت: بێدەنگکردنی هەر بۆچونێک ئەگەر هەڵەش بێت، ڕێگەنەدانە بە کۆمەڵگە تاوەکو هەلی ئەوەی نەبێت خۆی تاقی بکاتەوە. ئەو بیر و رایەی دەسەپێنرێت، دەبێتە بیر و رایەکی دۆگما و خاوەنەکانی نازانن بۆ باوەڕیان پێیەتی. هەرچەند میل باس لە ڕای جیاواز دەکات، بەڵام ئەمە بەسەر هونەریشدا جێبەجێ دەبێت.
بەدەر لەمانەش، دەوڵەتە بەهێزەکان هیچ کاتێک لە ڕەخنە لێگرتن ناترسن، زۆر لە فیلمە ئەمریکییەکان ڕەخنە لە کۆشکی سپی و CIA دەگرن. سەرۆکی ئەمریکا بە چەندها شێوەی کۆمیدی و گاڵتە پێکردنەوە نمایش دەکرێت و کەسیشی لەسەر دادگایی ناکرێت و مەترسیشی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی نییە.
نامەوێت زیاتر درێژی بکەمەوە، دەمەوێت باسی یەک نموونەی سانسۆر بکەم کە لە دنیادا زۆر زۆرن، هەر تەنها لەسەدەی بیستدا لە نازییەکانەوە تاوەکو بەعسی سەدام حسێن پڕن لە شێوازی سانسۆرکردن.
ساڵانی سەرەتای شۆرشی بەلشەفیی لە یەکێتی سۆڤێتی جاراندا ، پڕ بوو لە کرانەوەی ئازادی هونەری، بەڵام دوای هاتنی ستالین بۆ سەر دەسەڵات، هەموو شتێک دەگوڕدرێت. لەساڵی ۱۹۳٤وە، دەوڵەت تەنها ڕێگە بە ڕێبازێکی هونەری دەدات ، ئەویش واقعی سۆشیالیزمییە. دوای ئەوە هونەرمەند لە هەڵبژاردنی بابەتەکانیدا ئازاد نەبوو. دەبوو کرێکار لە کارە هونەرییەکاندا بەختەوەر بێت، جوتیار گەشبین بێت، حیزب هیچ هەڵەیەکی نەبێت، دەوڵەتیش هەمیشە سەرکەوتوو پیشان بدرێت. هەر شتێک دژی ئەم بیروباوەڕانە بوایە، هەرگیز ڕێگەی نمایشکردنی نە دەدرا.
ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێ کە گوایە نابێت پۆلیس وەک کارەکتەرێکی ناشرین لە شانۆ و سینەمادا رۆڵ ببینێ، ئەوا بێ دوودڵی سانسۆر لەوە دەردەچێت کە فۆرم پڕکردنەوە و رێنمایی کارگێڕیی و یاسایی بەر لەوەی نمایش بێت، بەڵکو بە زیندانییکردن کۆتایی دێت.
AM:10:44:14/07/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی