پارتی سیاسی: ئایا رۆڵی ماوە؟
لاوک سەلاح
زاناکانی بواری زانستی سیاسی سەبارەت بە دیاردە و رۆڵی پارتی سیاسی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا؛ ئەگەر ئەو کۆمەڵگەیانە پێشکەتوو بن یاخود لە قۆناغی گەشەکردندابن، یان دواکەوتوبن، لە زانکۆکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە و لە نێو پارتە سیاسییەکان خۆشیاندا، لە مشتومڕ و گفتوگۆ و لێکدانەوە و راڤەکردنی بەردەوامدان، گفتوگۆکردن سەبارەت بەوەی ئایا پارتی سیاسی لە ژیانی ئەمرۆی سیاسەتدا پێویستە؟ ئایا پارتی سیاسی باوی ماوە؟ ئایا لەم سەردەمەدا پارتی سیاسی سیفەت و روخساری چۆنە و دەبێت چۆن بێت؟ ئایا پارتی سیاسی بە راست دامەزراوەی نیشتمانییە یان خەڵک کۆدەکاتەوە و دواتر چەواشەیان دەکات؟ ئایا پارتی سیاسی لەم سەردەمەدا لەسەرتاپای دونیادا قوربانی ئەو کەسانەن کە هەژمونی کەسایەتییەکانیان لە پارتەکانیان زیاترە، ئەو کەسانەی خۆیان لە سەروو دەستووری ناوخۆی پارتە سیاسییەکە دەبینن، نموونەی دیار و زەق ؛ پارتە سیاسییەکانی ئەوسای ئەوروپا: مۆسۆلینی و هیتلەر.
دیاردەی پارتی سیاسی وەک پاشخان و پەیکەر و مێژوو و کەلتوور و رۆڵی لە نێو کۆمەڵگە و شێوازەکانی بیرکردنەوە ناوخۆییەکانی، وەک فیکر و فەلسەفەی سیاسی، هەمیشە لە ژێر چاودێری بەردەوامی چاودێرانی سیاسی و پسپۆرانی زانستە سیاسییەکاندایە و هەمیشە لە بەردەم هەڵسەنگاندن و پرۆسەی تاقیکردنەوە و تێستکردندایە، ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت "Scrutinizing process” ، رەفتاری پارتی سیاسی لە هەر سەردەمێکدا بێت، هەڵگری رۆحی ئەو سەردەمەیە بە باش یان خراپ و رەنگدانەوەی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی دەستەجەمعییە، یان، لانی کەم، توێژێ کە لە نێو کۆمەڵگەدایە.
با هەندێ زانیاری گشتی سەرەکی بە شێوازێکی سادە و ساکار سەبارەت بە پارتی سیاسی بخەینە روو، پارتی سیاسی لە بنەمادا کۆبوونەوەی گروپێک لە هاوڵاتیان یان خەڵکن دەخوازن دەستەڵات یان هێز بە مەبەستی گۆرانکاری سیاسی لە کۆمەڵگەدا بگرنە دەست، ئینجا ئەو هەوڵە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بێت یاخود شۆرشەوە بێت. هەر بۆیە هەر کەسێک بڕوای وا بێت کە هەندێ پارتی سیاسی بۆ ئۆپۆسیزیۆن دروست بوون هەڵەیەکی زانستیانە و عەمەلیانە دەکات و رۆڵی گرنگی پارتی سیاسی وەک دینامیکی هێنانەدی گۆرانکاری نازانێت.
پارتی سیاسی بۆ یەکەم جار لە بریتانیا لە سەردەمی ناکۆکی نێوان ئەوانەی پشتیوانی سیستمی پاشایەتیان دەکرد و ئەوانەی دەیانویست سیستمەکە پەرلەمانتاری بێت، سەری هەڵدا. لە پاش شۆرشی ١٦٨٨، دوو پارتی سیاسی سەریان هەڵدا ئەوانەی کە ئێستا بە پارتی پارێزگاران و بە کرێکاران ناسراون، ئەم پارتە سیاسیانە درێژکراوەی ئەو ناکۆکییە مێژووییەن. پاشان پارتی سیاسی لە سەدەی نۆزدەدا لە ئەوروپادا بڵاوبۆوە و ئەوجا بۆ ئەمریکا پەڕیەوە، تا لە سەدەی بیستدا بە هەموو جیهاندا بڵاو بۆوە.
گروپی سیاسی لە سەرەتادا هەندێ ئامانجی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە و بڕوا بە ئایدیۆلۆجیەتێکی تایبەت دەهێنن و پێیان وایە کە ئەو ئایدیۆلۆجیایە گوزارشتێکی راستەقینەیە لە رۆحی سەردەمەکە و دەبێت بکرێتە دەستوور و ئەندامانی پارتی سیاسی و تەنانەت هەموو کۆمەڵگە پابەندیبن. ئەو گروپە سیاسیانە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ئەگەر توانایان هەبێت، دەبنە خاوەنی ئەجێندا و پرۆگرامی سیاسی و هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن.
بێگومان، هەر لە بنەمادا، ئەو ئایدیۆلۆجیایە لە کۆمەڵگەدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونی هەیە، یاخود بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی و بۆ مەرامی سیاسی، چەندان راڕەوی سیاسی پێکدێن بۆ ئەوەی شەرعیەتی کۆمەڵگە بەدەست بهێنن، بەداخەوە، ئەوەی دواتر روودەدات، لە دوا وێستگەی پارتە سیاسییەکە ئەو ئەجێندایە کاڵ دەبێتەوە و ئەندامانی پارتە سیاسییەکە هەموو پەرتەوازە و بێکەس دەبن و لە شوێن و سوچ و پەنای پارتی سیاسی دیکەدا دەبینرێن یان کار دەکەن و بەر لەوانیش زۆریان گومناو دەبن، ئەمەش لەبەر یەک راستی حاشاهەڵنەگر، ئایدیۆلۆجیای سیاسی ئەگەر خاوەنی پرۆسەیەکی بەردەوام و سەرکردایەتییەکی سیاسی هەمیشە بەتوانا نەبێت وەک وەرزەکانی ساڵ هەرەس دێنێت، لە راستیدا سووڕی ژیانی پارتی سیاسی هەر چەندێک بخایەنێت، کورت و داخراوە، ئاوڕێ لە رابردووی پارتە سیاسییە کۆنەکانی عێراق بدەنەوە، کامیان ماون! ئەگەر ماون، مانەوەکە بە بەراورد بە رابردوو چۆنە؟
تکایە سەرنج بدەن، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە پەیکەری کۆمەڵگەکان خێڵ و عەشیرەتە، نەتوانراوە لە مێژووی هاوچەرخدا بە ناوی خێڵەوە حوکم بکەن، بۆ نموونە، وڵاتێکی وەک یەمەن، بەڵێ ئەوە ئەندامانی خێڵن کە دەچنە پرۆسەی سیاسییەوە و حوکم دەکەن بەڵام لە ڕێگەی پەیکەری پارتی سیاسییەوە کار دەکەن، ئەوە ئەندامانی خێل و عەشرەتە کە دەبێت خۆیان هەڵبژێرن و لە پەرلەمان ببنە توێژی چینێک و دواتر بچنە حکومەتەوە. بەڵێ، راستە، پاشخانی ئەو کەسانە لە خێڵەوە سەرچاوەی گرتووە بەڵام ئەوە چوارچێوەی یاسایی و سیاسی و تەکنیک و رێکارەکانی پارتی سیاسی کە ژیانی سیاسی رێکدەخات، ئەو راستیەش روونە کە ئەوان بۆ بەرژوەندی خۆیان پارتی سیاسی بەکار دەهێنن!
لەم رەوتە سیاسییەدا گرفت لە بوونی خێڵ و عەشیرەت نییە، لەبەرئەوەی ئەوان کۆڵەکەیەکن لە مێژووی نەتەوەیەک، لە عێراقدا، یەکەمین پارتی سیاسی کە لە ناوەراستی ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوو دامەزرا و لە دژی دەرەبەگ و ئاغا کاریان دەکرد و هاواریان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد، نەیانتوانی ئەو بونیادە نەبسڕنەوە و نە گەشەی پێ بدەن، شکستیان هێنا لە سڕینەوەی ئەو کۆڵەکەیە، دەبوایە دایالۆگێکی نیشتمانی فراوان لە ئارادابوایە.
لێرەدا، چارەسەر ئەوەیە کە ئەو ئەندامانەی دێنە پارتی سیاسی و حکومەتەوە توانای سیاسییان هەبێت، با، لانی کەم، نوێنەرایەتی ناوچە جوگرافیاکانی خۆیان و خێڵەکانیان لە سنووری یاسادا بکەن. کەواتە بوونی پارتی سیاسی وەک چوارچێوەیەک بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە بە گرنگی دەمێنێتەوە و بە ناوەندی کاری سیاسی لە ژینگەیەکی دیموکراسیدا لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام فۆرمێکی سیاسی واقعی پێویستە بۆ ئەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ خێڵدا بکرێت. رەنگە لە ئاییندەیەکی نزیکدا قسەیەک لەسەر پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و خێڵ بکەین بەمەبەستی دارشتنی نەخشەرێگایەکی نیشتمانی.
رەهەندێکی ستراتیژی دیکەی پارتی سیاسی ئەوەیە کە سێبەری کۆمەڵگەیە و لێی جیانابێتەوە و ناوەندی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتە، پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و ژیانی سیاسی چارەنوسسازە، بەڵام پێویستمان بە تێگەیشتنی قووڵتر هەیە بۆ رۆڵی پارتی سیاسی، ئەوەی لە ئێستادا لە عێراق روودەدات، لە هەرەسی پەرلەمان و دەستگیرکردنی پلە باڵابەرزەکانی نێو حکومەت بەتۆمەتی گەندەڵی و دەستبردن بۆ دارایی گشتی ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە کە نە پارتی سیاسی لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣وە دامەزراوە، نە بەهای بۆ دروست کراوەتەوە. ئەوانەی لە ژیانی سیاسی لە عێراق کار دەکەن ناچنە خانەی پارتی سیاسییەوە، بەڵکو گروپی بەناو سیاسین، مێژووی سیاسیان نییە، بڕوایان بە بیناکردنەوەی پرۆسەی سیاسی نییە، پاشان بە بیناکردنەوەی کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە، بێگومان شتی ترن.
بە کورتی، پەیکەری کلاسیکی سیاسی هەر پارتێک کە پێکهاتووە لە سەرکردایەتی و ئەندامەکانی و دەستووری ناوخۆ و مانفێست و ئایدیۆلۆجیای پارتە سیاسییەکە و دروشمی سیاسی و ئاڵا و بەشەکانی میدیا و توێژینەوە و هەڵبژاردن و پرۆژەکانی ئافرەتان و گەنجان و دارایی و چەندان لیژنەی جیاواز، ئایا بوونی ئەم بەشانە گرەنتی سەرکەوتنی پارتی سیاسی دەدا؟ لە وەڵامدا نەخێر، چەند گرنگە پارتی سیاسی بە رەفتار و بە سیاسەتی تایبەت بە خۆی بناسرێتەوە، دوو ئەوەندە گرنگە کە گوزارشت لە کێشە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگە بکات، هەر ئەو خاڵە ستراتیژییە بەردەوامی پێ دەبەخشێت، بۆ نموونە، ئێمە نەتەوەیەکین ناسنامەی سەرەکیمان جینۆساید و ئەنفالە، سەیرە، کار لەسەر ئەم ناسنامەیە نەکەین و مانفێستی سیاسی لە دەرەوەی رووداوی سیاسی و مێژوو و مافی ژیان و جوگرافیای پارتی سیاسییەوە بێت. لە هەندێ وڵات بۆ نموونە، لە پاکستان، کارێکی قەدەغەیە پارتی سیاسی لە وڵاتێکی دیکەوە پارە بۆ کاری سیاسی خۆی وەربگرێت، بە یاسا سزا دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، لەم ساڵانەی دوایدا، لای ئێمە، لەم لاو و ئەولا، هەندێ ناوەندی بیکردنەوە لە نێو پارتی سیاسی و دەرەوەیدا کراونەتەوە و سەرقاڵی دەستنیشانکردنی کەلێنەکانی بواری سیاسەت و ئەرکەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەن، هەروەها وردبوونەوە لە رەفتای سیاسی و پرۆژەکانی حکومڕانی و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتی، مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندی ئەم ناوەندانە پشتگیرکردنی بڕیاردەرە سیاسییەکانە، هەر بۆیە خۆیان سپۆنسەری دەکەن، ئەم کارە وەک سەرەتا باشە، هەر چەندە دەبوایە زووتر بوایە. ئەو سەرنجانەی کە هەمانە ئەوەیە کە ئەم ناوەندانە پێویستە وردە وردە ببنە خاوەنی شوناسی بیرکردنەوەی خۆیان و پسپۆری لە بوارە جیاوازەکان و کارمەندەکانیان بە راستی پەروەردە بکەن و بەوە هەڵنەخەڵەتێن کە هەندێ کەس نازناوی دکتۆر یان خاوەن ماستەر بە ساختە بەکار دەهێنن و خەڵک چەواشە دەکەن و بواری زانستی سیاسی لە ناوەندەکان پوچەڵ دەکەنەوە و دواتر هیچ لە ناوەندەکە نامێنێتەوە و دەبێتە دیکۆرێک بۆ خۆبەخێوکردن. کاری گرنگی ئەم ناوەندانە ئەوەیە کە ببنە هاوبەشی ناوەندە فیکرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی لەوانەوە سوود لە تەکنیکی لێکۆڵێنەوە و تۆێژینەوە و پرۆژە ئامادەکردن وەربگرن. ئەرکێکی گرنگی ئەم ناوەندانە بیانکردنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیە بە زانیاری هاوچەرخ و نوێ و متمانەپێکراو تاوەکو هاوڵاتی متمانە بە دامەزراوەکان بکات.
سەرنجێکی دیکە ئەوەیە هیوادارم کە ئەو پارتانەی دەچنە حکومەتەوە، درەنگ وەختیش بێت، رێز لە کاری ئەم ناوەندانە بگرن و بە هەند وەریانبگرن، بۆ خۆیان باشە! لەبەرئەوەی، دواجار، ئەم ناوەندانە وەک ئامرازی سیاسی یەکێکە لەو پردانەی کە دەسەڵات بە هاوڵاتییەوە دەبەستێتەوە، راستە کارەکانیان زۆر لە سەرەتادایە، بەڵام سپۆنسەرکردنیان لە رووی دارایی و کۆنترۆڵکردنی کواڵیتی کارەکانیان لە گۆشەنیگای سیاسییەوە دەباتە پێشەوە.
پوختەی قسە: پارتی سیاسی لەسەرتاسەری جیهاندا بە قەیرانێکی قووڵ و سەختدا تێدەپەرێت، ئەم قەیرانە بەشێکە لە مەرگەساتی ئەو دامەزراوە گشتییانەی کە لە پاش دووەم جەنگی جیهانەوە دەکەن، بۆ نموونە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و تەنانەت حکومەتەکانیش دەگرێتەوە. هەر بۆیە پێداچوونە بەکاری ئەم رێکخراوانەدا، لە راستیدا، دەیبەستمەوە بە دەمەزەرکردنەوەی پرۆگرامە سیاسییەکان کە بڕبڕەی پشتی بونیاکردنەوەی دامەزراوەکانە، دۆخەکە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر ئاڵۆزترە و پێداچوونەوەکان پەیوەستە بە هێنانەکایەی تێڕوانینی نوێ بۆ مێژووی وڵاتەکان و بۆ سیستمی پەروەردە و خوێندن و هێنانەکایەی سەقامگیری سیاسی بەردەوام، لەبەرئەوەی، دواجار، ئەگەر لە دۆخی فریاگوزاری تێنەپەرین، توانای ئەوەمان نابێت چەمکە سیاسییەکان بکەینە پرۆگرامی سیاسی لە رێگای پارتی سیاسی متمانەپێکراوەوە. بۆ وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە؛ بەڵێ، رۆڵی پارتی سیاسی بەو ریفۆرمانەی کە لەسەرەوە دەستنیشانمان کرد ماوە، بەهیوای ئەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەهای بۆ دروست بکات.
PM:03:27:12/07/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی