جیاوازی و دووژمنایەتی ، لەکۆمەڵگەی کوردیدا
فارس نەورۆڵی
جیاوازی و دووژمنایەتی، دوو چەمکی دژ بەیەکن لە پرۆسەی سیاسیدا؛ جیاوازی هۆکارە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە، بەپێچەوانەشەوە، دووژمنایەتی هۆکاری وێرانکارییە. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا لە فەزای سیاسیی کوردیدا لە دوێنێ و ئەمڕۆدا، چەمکی جیاوازی لەنێوماندا کاردەکات یان دووژمنایەتی؟ ئایا توانیومانە جیاوازی بکەینە ڕەگەزی گەشەکردن، یان ململانێکانمان گۆڕیوە بۆ دووژمنایەتییەکی بێبڕانەوە؟
ئەگەر سەیری ئەو گەلانە بکەین کە خاوەنی دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیریی خاوەن ئەقڵ و بیرکردنەوەی ئەرێنین بەتایبەتی لە سیستمە دیموکراتەکاندا ، چەمکی جیاوازی وەک بەها و داینەمۆی گەشەپێدان کاری لەسەر دەکرێت. نرخ و کاریگەرییەکانی چەمکی جیاوازی لەوەدا دەبینرێت کە دیالۆگی بەردەوام لە فەزای گشتیدا و لەنێوان هێزە جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنێت؛ ئیتر جیاوازی دەبێتە پێشبڕکێی ئەرێنی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر. لێرەوە جیاوازی دەبێتە هۆی سەقامگیریی دامەزراوەیی و پاراستنی مافی گشتی.
بەڵام لە کۆمەڵگە کورتبینەکاندا، ئەم جیاوازییە سروشتییە دەگۆڕێت بۆ دووژمنایەتی ، ئیتر لێرەوە وێرانەیی دەست پێدەکات و کۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ گرووپی بچووک بچووکی بێخێر لە فۆرمی حزب و ڕێکخراو و دەستەی جیاجیادا. لێرەوە لەبری گفتوگۆی بنیادنەرانە، گیانی شەڕەنگێزی گەشە دەکات و هەر گرووپە و ئەوی دیکە بە ناپاک ناو دەبات. چیتر لەم فەزایەدا شوێنێک بۆ گفتوگۆی ئەقڵانی نامێنێتەوە.
زاڵبوونی چەمکی (دوژمنایەتی) دەبێتە هۆی پەکخستنی ڕۆڵی دامەزراوەکان و دروستبوونی جەنگێکی دەروونیی بەردەوام لەڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە؛ ئەمەش قەیرانی بەردەوام بەرهەم دەهێنێت، ڕاستییەکان بەتەواوی ون دەبن، کێشە بنەڕەتییەکان فەرامۆش دەکرێن و کۆمەڵگە لە دۆخی چاوەڕوانیی هەمیشەییدا دەهێڵرێتەوە.
ئەگەر سەیری دۆخی کۆمەڵگەی کوردی و فەزای سیاسیی کوردی بکەین، زۆربەی جومگەکان لەناو چەمکی دوژمنایەتیدا کاردەکەن. کار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەوانەی باس لە جیاوازی دەکەن، خۆیان جیاوازییان قبووڵ نییە و نەیانتوانیوە فۆرمی ڕکابەریی ئاشتیانە پەرە پێبدەن. بۆیە لەناو ئەحزابی کوردی وڕۆشنبیرانی کورددا چەمکی دووژمنایەتیی یەکدی چووەتە ناو ڕۆحی گشتییەوە تا ئاستی نەفرەتکردن لەوانی دیکە و زۆر جاریش چووەتە خانەی سڕینەوەی جەستەییەوە. لەبەر ئەوە، مێژووی ناکۆکییەکانی دوێنێ، لەسەر مێزی گفتوگۆی ئەمڕۆ ئامادەییی هەیە. بۆیە ناگەینە ڕێککەوتن.
لە کاتێکدا دەکرا جیاوازی ببێتە مایەی دەوڵەمەندیی کولتووری، بەداخەوە ئەحزابی کوردی لە فۆرمی دوژمنایەتیدا دای دەڕێژن و کۆمەڵگەش بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن و دەیکەنە بارمتەی دابەشبوون. بۆیە ئێستا پرۆسەی سیاسیی هەرێم لە خانەی دوژمنایەتیدایە و ئەم چەقبەستووییە سیاسییەش بەرەنجامی ئەو خانەیەیە.
بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە و هەنگاونان بەرەو خانەی جیاوازی، تەنها لەڕێگەی مەعریفەوە دەبێت؛ چونکە زۆربەی ڕێگاکانمان ئەزموون کرد و سەرکەوتوونەبووین. تەنها یەک ڕێگا هەیە کە پێویستە ئەزموونی بکەین، ئەویش مەعریفەیەکە کە دەتوانێت فەزای دووژمنایەتی بگۆڕێت بۆ فەزای جیاوازی و بنیادنان. پێویستە نوخبەی سیاسی لەوە تێبگات کە بەردەوامبوونی ئەم فەزای دووژمنایەتییە، هەر بەرەو ڕێگا کۆنەکانمان دەباتەوە؛ کەواتە باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ لۆژیک و سازش بۆ یەکتر بکەن، پێش ئەوەی بمانکەنە کاڵای سەر مێزی گفتوگۆی ئەوانی دیکە بۆ مامەڵەکردن پێمانەوە؛ چونکە ئەم سیاسەتەی ئەمڕۆ لە هەرێمدا لەنێوان حزبەکاندا بەڕێوە دەچێت، ئیدارە دانی دووژمنایەتییە نەک جیاوازی.
AM:11:43:04/07/2026
ئهم بابهته 764
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی