لە پشت هێرشکردنە سەر مەسرور بارزانی، چی هەیە؟

‌سەردەشت حەمەساڵح

هیچ مرۆڤێک بێ کەموکوڕی نییە، چونکە بێگەردی تەنها بۆ خوای گەورەیە. بەڵام ئەوەی لە هاوکێشەکەدا جێگەی تێڕامانە، ناسنامەو ڕابردووی ئەو کەسانەیە کە شەپۆلی ڕەخنەو ژاوەژاو لە ژینگەی مێدیاییدا بەرپا دەکەن!.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بینیمان، ئەوانەی ساڵانێک بوو لەژێر چەتری "لیژنەی دەستپاکی"دا لێدوانیان لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی دەدا، ئەوانەی لە پاکیدا خۆیان بە پێشەوایانی مێژوو بەراورد دەکردو خەڵاتی "باشترین بەڕێوەبردن"یان پێدەبەخشرا، خۆیان لە هەرە دزە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەرچوون! لێرەدا دەربڕینە کوردییەکە ڕێک لەجێی خۆیدا دەچەسپێت کە دەڵێت: "لە دز وایە هەموو کەس دزە".

ساڵانێک لەمەوبەر، هاوڕێیەکی ئازیزم کە لەناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا بوو، لێم پرسی: "باشە، لەکاتێکدا ئەم هەموو دزی، گەندەڵی و مافیاییە لەناو ئەم حزبەدا هەیە، بۆچی سەرەتاو کۆتایی قسەکانتان تەنها دژایەتیکردنی یەک کەسە (…)؟"

ئەو کات وەڵامێکی زۆر لۆژیکی و پڕ بەپێستی دامەوەو وتی: "ئێمە دەبێت عەقڵ و سەنتەری بڕیارەکە بکەینە ئامانج، چیمان داوە لە نەزانەکان و ئەوانەی تۆ باسیان دەکەیت؟ ئەوان بە کارە خراپەکانیان تەنها خزمەت بە گوتاری ئێمە دەکەن و دەبنە سەرئێشە بۆ حزبەکانی خۆیان."

ئەمڕۆش، مەسرور بارزانی ڕێک کەوتووەتە بەرامبەر هەمان ئەو تیرو تیشک و توانجانە؛ چونکە ئەو نەک هەر بەهێزترین کارەکتەری ناو پارتییە، بەڵکو گەورەترین قەڵغانی پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان بووە، لە دژی پیلان و خەونی نەیاران. گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە، ئەو قەبارە گەورەیەی هێرش و پەلاماردانانەیە کە لە ڕابردوو و ئێستادا دەکرێنە سەری.

ئێستاش ماکینەیەکی گەورەی راگەیادن، لە نێوان مێدیای فەرمی و سێبەری نەیارەکاندا، بەردەوام خەریکی شێواندنی ڕاستییەکانن و هێرش دەکەنە سەر خودی مەسرور بارزانی و سەر کارو پڕۆژەکانی. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە کە پێویستە هۆشیاریی کۆمەڵگەی لەسەر بونیاد بنرێت ئەوەیە: کام لەوانەی کە هێرش دەکەن و مێدیاکانیان بۆ پەلاماردان ڕاسپاردووە، هێندەی مەسرور بارزانی کاریان بۆ ئەم خاکە کردووە؟ کامیان نیوەی ئەویان بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیەو خزمەتگوزارییەکان پێشکەش کردووە؟ بێگومان هیچیان! بۆیە زۆر ئاسایی و لۆژیکییە کە هەمیشە ئەوانە پەلامارت بدەن کە هەرگیز دەستیان بە باڵات ناگات و لە ئاستی تۆدا نین.

بنەڕەتی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی، ڕێک لەناو کاردانەوەی مێدیای نەیارەکانیدا دەخوێندرێتەوە؛ ئەوان گەیشتوونەتە ئاستێک، تەنانەت ئەگەر مزگەوتیش دروست بکات، دژایەتی دەکەن! ئەم هێرشە کوێرانەیەی لایەنە دژبەرەکان، لە ڕاستیدا لە ڕابردوودا گەورەترین ڕیکلامی پێچەوانە بوو، کە لە سەرچاوەی نەزانیی خۆیانەوە، خزمەتێکی زۆری بە پێگەی مەسرور بارزانی گەیاند. وەک چۆن ئیمانی عەلی فەرمویەتی: "تیرەکان ڕوویان لە هەرکوێ بوو، ڕاستییەکە لەوێیە". ماوەتەوە بڵێین کە مەسرور بارزانی چانسی هەیە، دوژمنی بەهێزو تەنانەت هاوئاستی نییە.



PM:06:24:01/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی