ڕاڤەیتر4: پەیڤی سوپاس لە کۆمەڵگەی ئێمە لە پاشەکشەدایە!
ئازاد حەمە
گووتنی سوپاس ئەرکێکی ڕەوشتییە
سوپاس و ناسوپاس دیوی زۆریان هەیە. پەیڤی سوپاس کردەیەکە لە بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێیت: سوپاستدەکەم کەواتە تۆ بیردەکەیتەوە. تەنانەت گووتنی سوپاس لە زۆر زماندا هاومانای نرخاندن و دانپێدانانە. بەواتایەکی دی، سوپاس کردەیەکە لە پێزانین و هەڵسەنگاندن؛ خودی سوپاسگوزارییش کۆتایهێنانە بە گازندە و گلەییکردن. هەرچی ناسوپاسە، ئەویش هەر بەرهەمی بیرکردنەوەیە، لێ بیرکردنەوەیەکی نێگەتیڤ.
سەرباری هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و باس و خواسانەی لە زمانە جیاکاندا لەبارەی سوپاسگوزارییەوە کراون هێشتا سوپاسگوزارییGratefulness/Thankfulness کەمترینی لەسەر نوسراوە. هەرچیش لەمبارەیەوە بە کۆمەڵگەی نوێی کوردیەوە تایبەتە ئەوەیە، ھیچکات هێندەی ئەمڕۆ سوپاسگوزاریی لە کۆمەڵگەی ئێمە بێبەها و ئاوا بارخوار نەبووە. ئەمەش لەڕووی ئاکارییەوە ئاماژەیە لەسەر بەدبەختییەکی کۆمەڵایەتیی، کە گووتنی سوپاس لە کولتووری تازەی کورد ڕووی لەکزی بنێت!
کۆمەڵگەی تازەی کوردی پێویستە لەوە حاڵیبێت، کە گووتنی سوپاس قەرزێکە، دەکرێت بە گووتنی سوپاسێک بدرێتەوە؛دەربازبوونیشە لە شتێک، کە قەرزارییەکی ڕەوشتییە، تایبەتیشە بە باشەیەک، کە لەگەڵمانداکراوە. گووتنی سوپاس زۆرێک شت دەگۆڕێت، هەستێک لەویتردا دروستدەکات تا لەسەر باشەکردنەکانی بەردەوامبێت. سوپاس سوپاسی دی بەدوای خۆیدا دێنێت، لەگەڵکاتیشا سوپاسکردن وادەکات پەیڤی سوپاس ببێتە بەرپرسیاریەتیی.
باشە کەی دەڵێین سوپاس؟ سوپاس کات و شوێنی گووتنی هەیە؟ ئەی ڕەچەڵەکی وشەی سوپاس چیە؟ سودی گووتنی چییە؟ یان سوپاس بۆ چ شتێک دەگووترێت؟ کێ سوپاسی کێ دەکات یان کێ یەکەم کەس سوپاسەکە دەکات؟
بۆوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوەدەستپێدەکەین، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، زمانیش، کە بەشێکە لە کردە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنەری ئاخاوتن، گوزارە و دەربڕینەکانیەتی. سوپاسیش لەناو سێستەمی زمانەوانییدا لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئێمەی مرۆڤ پێزانینمان بۆ کردە و کارەکانی خۆمان و ئەویتر هەیە. واتە گووتنی سوپاس دەرئەنجامە.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرەوە هێمایبۆکرا، لەمیانەی مرۆڤبوونەوە درک بە گووتنی سوپاسدەکەین. تەنانەت لەناو سوپاسگوزاریدا جوانیناسییەکیش بوونی هەیە. بەواتایەکی دی، سوپاسگوزاریی ھەستیشە. بۆنموونە سوپاسکردنی خودی خۆت. ئەم جۆرە لە سوپاس سوپاسێکی ناوەکیی خودییە. سوپاسکردنی خودی خۆت بەو مانایەدێت،کە هەیت، چالاکیت و خەمۆک نیت. ئەم جۆرە لە سوپاسگوزاریی وزە بەخشە، ناهێلێت پەرت و ماندوو بیت.
سوپاس، کە دەگووترێت دەبێت بەجۆرە گۆیەکەوە بگووترێت، کە هەست بە باشی گووتنەکەی بکرێت، واتە مەرجە سوپاس بە گۆکردنێکی دلێرانەوە،نەک بە غرورەوە، بگووترێت. هاوکات پێویستە سوپاسکردن بە جۆرێک بگووترێت، کە ئەویتر هەست بە نیەتپاکی گووتنەکەی بکات.
لە هەریەک لە زمانەکان گووتنی سوپاس مێژوویەکی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی پێناسەی وشەی سوپاسیش بکەم دەڵێم: سوپاس وشەیەکی سۆزاوییە؛ کردەیەکی ئەقڵی مرۆڤە بەرامبەر بە باشەیەک، خودی باشەش لێرە وشەیەکی رەوشتییە. کەواتە بۆدەبێت گووتنی سوپاس هەبێت؟ گووتنی سوپاس گووتنی شتێکە، بەرامبەرێکە، گووتنە بەرامبەر بەوەی کراوە/دراوە/وەرگیراوە. گووتنی سوپاس گووتنە بۆ چاوەرێنەکراوێک، کە هاتووە/کراوە. کەوابێت سوپاس کردەیەکی بێ بەرامبەر نییە؛ بەرامبەر بە هیچ، بە بۆشایی بوونی نییە.
گووتنی سوپاس دیاردەیەکی کولتوورییە یان پەروەردەیی؟ بێگومان، سوپاسگوزاربوون جگەلە دیوی کولتووریی و ئاینیی دیوی پەروەردەییشی هەیە. پەروەردە لەناو کولتووردا سوپاس بەرجەستەدەکات.
گومانیناوێت، پەیوەندییەکی بەهێز و هەمیشەیی لەنێوان گووتنی سوپاس و پەروەردەدا هەیە. پەیوەندی گووتنی سوپاس بە پەروەردەوە پەیوەندیەکی کۆنە. لە پەروەردەدا ئاکاری باش جێگای باسە. پەروەردە ڕاقییەکان لەگەڵ سوپاسدا دەستلەملانن؛ واشیان لە گووتنی سوپاسکردووە ببێت بە بەشێک لە ئەتەکێت. هاوکات لە زۆر پەروەردەدا (کولتووردا) گووتنی سوپاس گەرم وگوڕی کۆمەڵایەتیی دروستدەکات.
گەر بچینە ناو زمانە جیاکانەوە(روسی،فەرەنسی،عەرەبی،ئینگلیزی، ئیتالی و فارسی...هتد) دەبینین لەڕووی زمانەوانیەوە وشەی سوپاس مێژوویەکی ئێتمۆلۆژی(ڕیشەی وشەسازی) خۆی هەیە، کە سوپاس لەوێڕا هەمیشە ئاماژە بووە، چووشەتە خانەی سەرسوڕمانەوە. بۆیە قسەی من لەسەر سوپاس قسە نییە لەسەر خودی سوپاس و بەس، یان سوپاس وەک ئەوەی یۆنسکۆ رۆژێکی بۆداناوە(چوارشەم،September 21). سوپاس ڕۆژی نییە، لە گشت کاتەکانا ئامادەیە، سوپاس بەردەوامە، چەند کەسیی و خودییە چەندین ئەوەندە دەستەجەمعییە. سوپاس سوپاسیشە لەکاتی خۆیدا. ئەڵبەتە سوپاسی درەنگوەختیش هەیە.
گوتنی سوپاس تەنھا لە ڕاستگۆیی و ئاکاربەرزییەوە سەرچاوە ناگرێت، لەو وزە خۆییە مرۆڤدۆستیەشەوە سەرچاوەدەگرێت لە هەندێک تاکدا دایە. بۆنموونە، ئەوەی، کە تەندروستیت، دەبێت ئەمە هەستی سوپاسگوزاریت لادروستکات؛ هەستی ئەوەت لادروستدەکات تۆ باشیت، لەوە گرنگتر کەسی سوپاسگوزار کەسێکی گەشبینە، گەشبینترە لەوانیتر، چونکە ناسوپاسگوزار هەردەم کەسێکی توڕە و ماندوو و ڕەشبینە، هەرچی کەسی سوپاسگوزارە هەست سادە و هێمنە، ئارام و نەرمتر رەفتاردەکات.
ڕاهاتن لەسەر گووتنی سوپاس لە شوێنی کار و لەناو خێزان زۆرجار فۆرمی زمانەوانی جۆراوجۆر وەردەگرێت(سوپاس، زۆر سوپاس، سوپاستدەکەم، سوپاسگوزارم، دەستخۆش، بژیت و ...). هەر لەو بارەیەوە زۆرێک لە توێژەران پێیانوایە سوپاسگوزاریی دروستکەری هەستێکی پۆزەتیڤە لای تاکەکان؛ لای ئەوەی سوپاسدەدات و لای ئەوەش وەریدەگرێت، ئەم هەستە واشدەکات سوپاس ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە خودییەکانی تاک.
AM:08:24:01/07/2026
ئهم بابهته 880
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی