پارتی سیاسی: دامەزراوەبوون خەونێکی ئەبەدی

‌لاوک سەلاح

لەم رۆژانەدا، پارتە سیاسییەکانی کوردستان قسەیەکی پەرش و بڵاو لەسەر دامەزراوەبوونی پارتی سیاسی دەکەن؛ بەداخەوە، قسە لە پێناوی قسەدایە، بە بێ بوونی ویست و توانای سیاسی راستەقینە بۆ خوڵقاندنی ناوەرۆکی سیاسی، ناوەرۆکێک بە مانای ئەوەی کە پرۆسەی دامەزراوەبوون، وەک پرۆسەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام بێتە کایەوە و هاوشان لەگەڵ گۆڕانکاریە سیاسییەکان و توانا مرۆییەکان و پێداویستییە سیاسییەکان خۆی دەمەزەرد بکاتەوە.


لە راستیدا، زاراوەی "دامەزراوەبوون" پڕ بە پێستی ماناو و ناوەرۆکی بەکار نایەت، لە باشترین دۆخدا نمایشکردنێکی دەرەکییە بۆ ئەوەی بڵێین پرۆسەکە هەیە. ئەوەی لە واقیعی سیاسی ئەمرۆدا روودەدات نەوەک بەرپاکردنی پرۆسەی دامەزراوەبوون نییە، بەڵکو وێرانکردنی ئەو پەیکەر و خیتابە سیاسیەیە کە لە سەردەمی بەرگرییەوە درێژبۆتەوە. هەر بۆیە، لە باشترین دۆخدا، دامەزراندنی پرۆسەی "دامەزراوەبوونی پارتی سیاسی" خەونێکی هەمیشەیی ئەبەدییە و لەسەر کاغەز بێ ئەوەی توانا هەبێت، رۆح بەبەریدا بکرێت، دەمێنێتەوە.


لە پاش جەنگەکانی زیاتر لە سەدەیەک لە بەرگری و فیداکاری و کارەساتی سیاسی گەورە، بیناکردنی ئەو جۆرە پرۆسانە کارێکی سەختە، پرۆسەی بە دامەزراوەکردن بە گشتی و هی پارتی سیاسی بە تایبەتی پێویستی بە بڕوابوونەوە بە ژیان و بە مرۆڤدۆستی هەیە، بڕوابوون بەوەی، سەرلەنوێ، نەتەوەیەک بوونی هەیە و لە پاش تەم و خۆڵەمیشی مەرگ دەخوازێت بژێتەوە. رەنگە وەک تیۆرەکردن هەموو بنەما سەرەکییەکانی دامەزراوەبوون باش بزانین، بەڵام هەست و نەستێکی سیاسی سڕ هەیە کە تا ئێستا هێور نەبۆتەوە تاوەکو بەهای بیانکردنەوە ببەخشێتەوە کۆمەڵگە، هێشتا لە دۆخی پوچەگەرایی پاش جەنگ و تارماییە دێوزمەکانی مەرگ و رووخسارە چرچ و سپی هەڵگەراوەکانی نێو ئەودیوی ژیان قووتار نەبووە، هەر بۆیە دونیایەک فرسەخ و کەلێن لە نێوان زاراوەی دامەزراوەبوون وەک پەیکەری سیاسی و پرۆسەی سیاسی و خیتابی سیاسی و مانفێستی سیاسی و ئاستی گشتی ژیانی نێو کۆمەڵگە هەیە.


کارکردن لەسەر دامەزراوەبوونی پارتی سیاسی ئاماژەی دیار و راشکاوی خۆی هەیە، ئەو کاتەی پارتی سیاسی دەبێتە ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی سەرکردەی ئاییندە، ئەو کاتەی پارتی سیاسی ریفۆرمێکی ریشەیی لە پەیکەری سیاسی خۆی دەکات، ئەو کاتەی کە پارتی سیاسی توانای دەمەزەرکردنەوەی خیتابی سیاسی خۆی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆ و دەرەکییەکان بگونچێت، ئەو کاتەی پارتی سیاسی یاسا و رێسا و رێکارەکانی خۆی پەرە پێدەدات و بەراستی بەرجەستەیان دەکات، ئەو کاتەی پارتی سیاسی فێر دەبێت کە جیاکارییەک لە نێوان بودجەی خۆی وەک پارتی سیاسی و بودجەی پارتەکە لە نێو حکومەتدا بکات، ئەو کاتەی پارتی سیاسی پێداویستییەکانی ناوچە جیاجیاکان بە یەک چاوی یەکسان رەچاو دەکات، ئەو کاتەی پارتی سیاسی یەکەم هەنگاو بۆ بەخۆداچوونەوە و رەخنەگرتنی بیناخواز دەگرێتە بەر، بەرەو دامەزراوەکردنی پارتە سیاسییەکە و دەبێتە خاوەنی پەیکەرێکی سیاسی پتەو کە دەتوانێت ئەرکە سیاسییەکان دابەش بکات و دروشمە سیاسییەکانی خۆی بەرجەستە بکات، ئەو کاتەی کە پارتی سیاسی پابەندی هەموو ئەو بنەما سەرەکیانەیە دەبێت، کە باسمان کرد، ئەو کات، پارتی سیاسی لەسەر رێگە راستەکەیە. چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی پارتە سیاسییەکانی عێراق هەر لە ساڵانی کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوو تاوەکو ئێستا ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات، راستی ئەوەی کە پارتی سیاسی لە رۆژە‌هەڵاتی ناوەراست بوونەوەرێکی خۆرسکە، هەر وەک کۆمەڵگە بەر شەپۆلی گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەکەوێت و ئەندامەکانی دەکاتە قوربانی بۆ ئەوەی لەسەر مێژوویان بژێت. مێژووی پارتی سیاسی بە گشتی مێژووی قوربانیدانی ئەندامەکانێتی و بەخشینی سەروەرییەک بە پارتەکە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵاندا، بەداخەوە، کاڵ دەبێتەوە، ئەم دۆخە جیاوازە لە بوونی پارتێکی سیاسی کە مێژووی پارتەکە مێژووی بەرگرییە لە بوون و خاک.


لە ئێستادا یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی پارتی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی گشتی، نەبوونی توانای تەکنیکی و تەکنۆکراتە کە ویست و ئیرادەی سیاسی بکاتە پرۆگرام بۆ ئەوەی کار بۆ مێژوو بکات و هەرەشەکانی ئاییندە بڕەوێنێتەوە. لە راستیدا و لە بنەچەدا، ئەو ئالەنگارییە تەکنیکیانە خۆیان سیاسیین، بە مانایەکی سادەتر، پارتی سیاسی پێویستی بەوەیە کاری راستەقینە لەسەر پەرەپێدانی توانا تەکنیکەکانی سەرکردە سیاسییەکان بکات، یاخود پەرەپێدانی توانا سیاسییەکانیان بۆ ئەوەی پرۆگرامی تەکنۆکرات جێبەجێ بکەن. زۆر جار توانای تەکنیکی لە پارتی سیاسیدا هەیە، بەڵام ویستی سیاسی نییە، و زۆر جاریش بە پێچەوانەوە، بەداخەوە پارتی سیاسی نە خۆی دەخوێنێتەوە و نە گوێ لە خۆی و ئەندامەکانی دەگرێت، لاتان سەیر نەبێت، لە کاتێکدا مەبەستی سەرەکی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خەڵک لە دەوری پرۆگرامێکی سیاسی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و هەنگاونانی سیاسییە بۆ ئاییندە بەڵام لە واقیعدا هەموو لە دۆڵی جیاوازدا دەژێن، بە تایبەتی سەرکردەی سیاسی کە هەریەکە چێژ لە خەونی خۆی دەبینێت و بەشێوەیەکی رەها بەراستی دەزانێت، هەر بۆیە زوو زوو جیابوونەوە لە نێو پارتی سیاسیدا روودەدات. سەرکردەی سیاسی، بەشێوەیەکی گشتی، گوێی لە سەدای دەنگی خۆیەتی، ئەگەر هەر دیدێکی بۆ پرۆسەی دامەزراوەبوونیش هەبێت هەروەک دۆسییە سیاسییەکانی دیکە، ئەوەی خۆی بەرەوا دەبینێت لەبەر ئەوەی هەر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە.


خوێنەری بەرێز، سەرنجت داوە کە لەسەر ئاستی دونیا قەیرانێکی سەخت لە نەبوونی سەرکردایەتی سیاسی لە ئێستادا هەیە، بۆ نموونە، پارتی پارێزگارانی بریتانیا لە پاش چۆن مێچەر تا ئیستا بەدەست بۆشایی سەرکردایەتی سیاسییەوە دەناڵێنێت، بەهەمان شێوە پارتی کرێکاران لە پاش تۆنی بلێر بەدەست نەبوونی کۆدەنگی سیاسییەوە دەناڵێنێت، لە ئەمریکا، خۆتان شارەزان، ترەمپ بە ئارەزووی خۆی پێ دەنێت بە دامەزراوە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا وەک کۆنگرسی ئەمەریکی و ناتۆ لە ئەوروپا و سەروەری وڵاتە ئەوروپییەکان وەک دانمارک. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کۆمۆنیستی چین چاوی بڕیوەتە تایوان بۆ ئەوەی بە وڵاتی "چین"ەوەی بلکێنێتەوە.


بەداخەوە، لە ئێستادا، دونیا لە دۆخێکی سیاسیدا دەژێت کە بەهای زاراوەی دامەزراوەبوون لەسەر ئاستی دونیا زیانی گەورەی بەرکەوتووە، ئەگەر لاواز نەبوو بێت. "چین"ەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن پێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە دایالۆگێکی شارشتانی لە نێو نەتەوەکاندا بخوڵقێنن، گومانم هەیە سەرکەوتووبن لەبەرئەوەی بەتەنیان و دەستپێشخەرییەکە بەرگەی ئەو هێڕشە گەردوونیە ناکرێت کە ناسیونالیستە نوێکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا بەرپایان کردووە.


ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە دامەزراوە سیاسییەکان، ئەوانەی لە پاش دووەم جەنگی جیهان دامەزراند، ئێستا بە دەستی ئەنقەست دەسرێنەوە، نەوەک گەشە بکەن، کەواتە لە سەر ئاستێکی فراوان و نێودەوڵەتی پرۆسەی دامەزراوەبوون نەوەک هەر متمانەی پارتی سیاسی لە دەستداوە، بەڵکو بۆتە قوربانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لەسەر عەرد و وزە و هەژموونی وڵاتان، بە مانایەکی فراونتر، پرۆسەی دیموکراسی رۆژئاوا لەبەردەم دوڕیانێکی سەختدایە، یا دامەزراوەکان وێران دەبن یاخود دەبێت سەرکردایەتییەکی سیاسی بە دیدێکی نوێی میانڕەوەوە لەسەر هەموو ئاستەکان دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی ململانێ سیاسییەکان لەسەر وزە هێور بکاتەوە و دونیا لە روودانی سێهەم جەنگی جیهان بپارێزێت.


پوختەی قسە: پرۆسەی دامەزراوەبوون هەر لەناو پارتی سیاسییەوە تا دەگاتە دەزگا نێودەوڵەتییەکان لەبەردەم هەرەشەی نەماندایە، لەگەڵ ئەم هەرەشەیەدا بەها و مانا مێژووییەکانی ئەم دامەزراوانە لەبەردەم پرۆسەیەکی سڕینەوەی مەترسیدار دایە. گرنگە، بۆ قوتارکردنی پرۆسەی دیموکراسی کە دامەزراوەبوون بەشێک و کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم پرۆسەیە. هەڵمەتێکی فراوان لە سەر ئاستی دەوڵەتان و رێکخراوە سیاسی و مرۆییەکان بێتە ئاراوە کە بەرگری لە بەها دیموکراسییەکانی مرۆڤایەتی بگرن. پرۆسەی دامەزراوەبوون پێویستی بە سەرکردایەتی سیاسی رەوا هەیە کە توانای لە کۆمەڵگەوە پێببەخشرێت تا ئاراستە سیاسییە جەوهەریەکانی کۆمەڵگە لە هەڵدێر و چەواشەکردن بپارێزێت. لەو جۆرە دۆخانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، قسەکردن لەسەر دامەزراوەبوونی دەزگا سیاسییەکان لە پارتی سیاسییەوە بۆ حکومەت و دەزگاکانی دیکە، دەبێتە خەونێکی دوور مەودای کۆمەڵگە.


PM:02:02:30/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی