هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران راستەقینەیە یان یاریەکی تر.
د. ئیدریس عەبدول کاکە
ئەمشەو بەغداى پایتەخت جموجوڵێکی جیاوازی بەخۆوە بینی ، هەرچەندە پێشتریش لە عێراق بەگشتی و بەغداد بەتایبەتی جوڵەی لەشکری جۆراوجۆر و هەڵکوتانە سەر سیاسیە ناکۆکەکان پێشینەی هەیە و پێشتریش هەبووە بەڵام ئەمجارەیان لە ژێر ناونیشانێکی جیاوازدایە کە بریتیە لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی مالی کە هەمووشیان بەرپرسی باڵان یان پێشتر بەرپرس بوونە لەم ووڵاتە ، ئەمە رووداوێکە و گەلی عيراقى خرۆشاندووە ، بۆیە چەند سەرنجێک پێویستە بۆ بەرچاو روونی ؛
١- خەڵکی عيراق خاوەنی خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەندن بەڵام تاکو ئەمرۆ سەڕەرایی گۆرینی ریشەیی لە سیستەمی حوکمرانی ( روخانی رژێمی پێشوو و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بەپێی دستوری ٢٠٠٥) بەڵام زۆرینەی خەڵک لە خوار هێڵی هەژاریدان و دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری بەبەراورد بەوڵاتانی تری عەرەبی زۆر لەئاستێکی خراپدایە.
٢- خەڵکی بەگشتی خۆشحاڵ ئەبن بە ئەنجامدانی هەر هەڵمەتێک بۆ شکاندنی قەڵای گەندەڵکاران کە خەڵک بەسەرچاوەو هۆکاری سەرەکی مەینەتیەکانی خۆیانی ئەزانن.
٣- ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی گشتی تروسکاییەکی ئومێدە بۆ ئەوەی ببێت بەهەڵمەتێکی راستەقینە.
٤- هێشتا زووە مرۆڤ بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵمەتەکە و هۆکارو دەرئەنجامەکانی بکات ، چونکە هەر چۆن چاوەروان ئەکرێت کە بریتی بێت لە رزگار کردنی وڵاتەکە لەدەستی مافیاکانی گەندەڵی و گەراندنەوەی سامانی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و برینی دەستی گەندەڵکاران ، بەهەمان شێوەش ئەگەر هەیە پرۆسەکە بریتی بێت لە هەڵلوشینی ماسیەکان لەلایەن نەهەنگە گەورەکانەوە.
٥- بنەماییەکی یاسای و دستوریمان هەیە کە "المتهم بريء حتى تثبت إدانته" واتا تۆمەتبار بێ تاوانە تاکو تۆمەتەکەی بەسەردا ئەسەپێت ، بۆیە مەرج نیە ئەوەی دەستگیر کرا تاوانبار بێت .
٦- ئەوەی کە هەموومان ئومێدی بۆ ئەخوازین ( على زەیدی) ئەو ئەفسانەیە بێت کە کۆتایی بە دزی و تاڵانی و گەندەڵی گەورەی عيراق بهێنێت و قۆناغێکی نوێی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەژێر چەتری سەروەری یاسا بەرقەرار بێت ، چاوەروانیش ئەکرێت هاتنی زەیدی و پشتیوانیەکانی ئەمریکیەکان بە ئامانجی توندکردنەوەی جڵەوی حوکمرانی بێت لە عيراق.
بەهیوای هەڵهاتنی خۆری سەردەمێکی نوێی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری.
PM:06:01:28/06/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی